وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان ( کەجەکە) ڕایدەگەیەنێت، تورکیا هاوشانی سوپاکەی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی "گرووپە تیرۆرستی و جیهادیەکانی" هێناوەتە هەرێمی کوردستان بۆ بەکارهێنانیان لە شەڕی دژ بە پەکەکە و دەڵێت هێزەکە مەترسی بۆ سەرخەڵکی هەرێمی کوردستانیش دروستدەکەن.
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان، کەجەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " تورکیا لەگەڵ هێزەکانی خۆی ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە جیهادیەکانی هێناوەتە هەرێمی کوردستان، ئەو هێزە رادیکاڵانەی کە لە ئیدلیب و عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی دا جێگیر کراون و هەموویان پێشینەی داعش و بەرەی نوسرەیان هەیە."
وتیشی، "وێڕای هەبوونی زانیاریمان لەناو ئەو هێزانەوە بۆ پشتڕاستکردنەدوەی ئەم بابەتە، سەرەتای ئەمساڵ بەرپرسی ئەم مورتەزەقانە عەبدولرەحمان مستەفا بۆ خۆی لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند کە لە شەڕی باکوری عێراقدا هاوکاری تورکیا دەکەن، گەرچی کاتێک کە بینییان کاردانەوە هەیە و ئەم تویتە لەسەریان دەکەوێت، پاش کاتژمێرێک سڕیانەوە."
ئاماژە بەوەش دەکات، "چاودێری گەریلاکانی بەشداربوو لەو شەڕانەدا ئەوەیە کە زۆری سەربازەکان لە گەرماوگەرمی شەڕدا بە عەرەبی هات و هاوار دەکەن، مورتەزەقەی جیهادی خۆکوژ کە تی ئێن تی بە خۆیانەوە گرێ دەدەن، بە ئەڵاهو ئەکبەر ولا ئیلاهە ئیلا ئەڵا دێنە ناو تۆنێلەکان و خۆیان دەتەقێننەوە و ڕێگە بۆ سەربازانی سوپای داگیرکەری تورک دەکەنەوە."
دەنگی ئەمەریکا ناتوانێت سەربەخۆ ئەم پرسە یەکلایی بکاتەوە، بە تایبەت بەهۆی ئەوەی جوڵەی ڕۆژنامەوانی و مەدەنی لەناوچەکەدا سنوردارکراوە بەهۆی بەردەوامی ئاڵۆزییەکان و ڕێگری ڕۆژنامەوانی لە ناوچەکەدا.
هەفتەی ڕابردوو دەنگی ئەمەریکا لە ڤیدیۆیەکی تایبەتدا دیمەنی چەند کاروانێکی هێزەکانی تورکیای بڵاوکردەوە کە بۆ یەکەمین جار لە ناوچەی بەرواری باڵای پارێزگای دهۆک خاڵی پشکنینی سەربازییان داناوە.
دەنگی ئەمەریکا کۆپییەکی ئەو "بەڵگە" نوسراوەی دەستکەوتووە کە گوایە عەبدولڕەحمان مستەفا، سەرکردەی تورکمانی سوریا و سەرۆکی "حکومەتی کاتی سوریا" نزیک لە تورکیا بڵاویکردۆتەوە. نوسراوەکە، کە دەوترێت لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسەوە بڵاوکراوەتەوە، دەگەڕێتەوە بۆ 24ی چواری 2024 و تێیدا گوایە عەبدولڕەحمان مستەفا دەڵێت "ئەوپەڕی ئامادە دەبین بۆ دیاریکردنی کات و شوێنی چالاکییەکانی تورکیا لە باکوری عێراق."
بەڵام نوسینەکە لەسەر پەڕەی تایبەتی ئەو سەرکردە تورکمانە سورییە نییە و چەند ڕۆژنامەنوسێک بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند کە دوای کاردانەوەکان سڕاوەتەوە.
دەنگی ئەمەریکا بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەنگۆی هێنانی هێزە سورییەکانی نزیک لە تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، لە نێوانیان وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.
لە کاتێکدا هەواڵەکان باس لە هاتنی تورکیا بە قوڵایی نزیکەی 40 کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام هەتا ئێستا حکومەتی هەرێم هێچ لێدوانێکی ڕەسمی لەمبارەوە نەداوە.
وێڕای لێدوانەکەی وتەبێژی کەجەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا، دوو ڕۆژ بەر لە ئێستاش سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە میانی وەڵامدانەوەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە تۆمەتبارکردنی چەند ئەندامێکی دژە تیرۆر و هێزەکانی 70ی حزبەکەی بە سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر و دهۆک و کەرکوک، ئەم بابەتەی پشتڕاستکردەوە.
سەعدی پیرە وتی، " لەو هێزانەی ئەمڕۆ دێنە هەرێمی کوردستان سەروو 300 کۆنە ئیرهابی سەردەمی داعشیان تێدایە؛ بە وێنە و بە ناو لەبەردەستمدایە."
هەرچەندە حکومەتی تورکیا لەسەر ئەم پرسە ڕوونکردنەوە نادات، بەڵام لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەزگا هەواڵییە نێودەوڵەتییەکان چەندین جار ئاماژەیان کردووە بە ناردنی هێزەکانی سوری لە لایەن تورکیاوە بۆ و وڵاتانی ئەفریقا وەکو لیبیا و ناوچەی ناگۆرنۆ کەرەباخ.
بە پێی ئاماری ڕێکخراوی ئەمەریکایی سی پی تی، تورکیا لە مانگی دوازدەی ساڵی 2017ەوە هەتا مانگی چواری 2022 نزیکەی 64 بنکە و بارەگای سەربازی لە خاکی هەرێمدا لە قوڵایی 40 کیلۆمەتر بۆ 12 کیلۆمەتر دروستکردووە، سەرەڕای بوونی ئەو بارەگایانەش بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.
ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات هێزەکەی ئەمجارەی تورکیاش کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاتوونەتە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار سەرباز دەبێت و چەکی قورسییان پێیە.
بە پێی ووەتەی میدیاکان هەر ئەمڕۆش نزیکەی کاتژمێر 2:30 خولەکی بەرەبەیانی، 45 تانک و زریپۆشی سوپای تورکیا لە ڕێگەی "ناحیەی بامەرنێ" وە بە قەزای ئامێدیدا تێپەڕبوون و چوونە ناو گوندی سەرگەلێ لە قەزای ئامێدی.
هاتنی ئەم هێزانە ترس و دڵەراوکێی لای هاوڵاتیان و گوند نشینان دروست کردووە.
هاشم عومەر موختاری گوندی کەشان، یەکێک لەو گوندانەی سووپای تورکیا لێی نیشتەجێبووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تورکیا نەهاتووە بۆ بەرژەوەندی ئێمە ئەوانە دوژمنن، خەڵکی گوندەکان ناتوانن لە ترسی ئەو هێزانە ئیشەکانی خۆیان بەڕێبکەن و هەر دەقەیەک ئێمە موعەرەزین بۆ کوشتن و پەلاماردان."
وتیشی، " ئێمە لە ڕیگەی کەسوکارمانەوە لەسەر سنووری تورکیا و تورکیاش بۆمان دەرکەوتووە، لەگەڵ هێزەکانی تورکیا چەتەیان لەگەڵدان و هاوشانی ئەوان شەڕ دەکەن و هەندێک جاریش حەرەسیات دەگرن، جگە لەوەش جاشیشیان لەگەڵدان کە کوردن و بە کوردی قسە دەکەن."