Accessibility links

بەهۆی دەستڕێژی گولەی هێزەکانی ئێران کۆڵبەرێکی کورد دەکوژرێت و شەش کۆڵبەری تریش بریندار دەبن


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند دەسەڵاتدارانی ئێران هێزی زیاد لە پێویست و کوشندەیان لە دژی کۆڵبەران بەکارهێناوە کە زۆرینەیان کوردن و کاڵا و کەلوپەل لە نێوان ناوچە شاخاوییە سەختەکانی ئێران و عێراقدا دەگوازنەوە، هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران خراپ مامەڵەیان لەگەڵ ئەو کەسانەدا کردووە کە دەستگیریان کردوون.

ڕێکخراوەکە دەڵێت دەسەڵاتدارانی ئێران ماوەیەکی زۆرە کوردەکانیان سەرکوت کردوون و هەروەها پەراوێزیان خستوون.

بە پێی ڕاپۆرتەکان سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچەی سنووریی نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک گیانی لەدەست دا و شەش کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

بە گوێرەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران یەکێک لە کۆڵبەرەکان بە ناوی ئەیوب محەممەدی تەمەن 29 ساڵ خەڵکی ناحیەی سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان و دانیشتووی شاری جوانڕۆ دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی قودس لە شاری پاوە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.

هەروەها ماڵپەڕی مافی مرۆڤی هەنگاویش ئاماژەی بە ناوی ئەو شەش کۆڵبەرە کردووە کە لە ڕووداوەکەدا برینداربوون، بە ناوەکانی ئەیووب مورادی، مەسیح مورادی، مەهدی بەشارەتی، مێهران عەبدی، پەیمان وەیسی و سەمیع زارعی کە سەرجەمیان خەڵکی گوندی 'زیران' ی سەر بە شاری جوانڕۆن.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەڵێت زۆربەی ئەو کەسانەی کاری کۆڵبەری دەکەن تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 65 ساڵدایە و له نێوانیاندا هەندێک ژن هەن، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ بێکاری و هەژاری .

ناهید نەقشبەندی، توێژەری ئێرانی لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت" بەکارهێنانی هێزی کوشندەی هێزە ئاسایشییەکانی ئێران لە دژی کوردەکان لەسەر سنوور ئامرازێکی دیکەیە کە دەسەڵاتداران بەکاری دەهێنن بۆ سەرکوتکردنی کوردە پەراوێزخراوەکان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە".

دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاند کە هێزیان بەکارهێناوە بۆ ڕاگرتنی قاچاخچێتی، بەڵام هەروەها گوتیان دەیانەوێت چالاکییە ئابوورییەکانی کۆڵبەرەکان لەسەر سنوورییەکان بە شێوەیەکی فراوانتر ڕێکبخەن نەک بە شێوەیەکی توندوتیژ سەرکوتیان بکەن.

بەڵام خاتوون نەقشبەندی ئاماژە بەوەش دەکات " پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران دەرفەتی ئابووری بەردەوام لە ناوچە سنوورییەکاندا بڕەخسێنن، بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کۆڵبەری لە سنوورەکاندا بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵگانە بتوانن لە ڕووی ئابوورییەوە ببوژێنەوە."

ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات لە نێوان مانگی دەی ساڵی 2021 و مانگی چواری 2024، ڕێکخراوەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ 13 کۆڵبەری کورددا کردووە کە ڕزگاربووی ڕوداوەکانی تەقەکردنن یان شایەتحاڵی بەکارهێنانی هێزی زیاد لە پێویست و کوشندەی هێزە ئاسایشییەکانی ئێرانن یانیش کەسوکاری قوربانییەکانن. شایەتحاڵەکان دەڵێن هێزی پاسەوانی سنووری ئێران و سوپای پاسداران لە نێو ئەو یەکانە بوون کە بە هێزی کوشندەوە کۆڵبەرانیان کردووتە ئامانج.

ڕووداوەکان بە درێژایی ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە پارێزگاکانی کرماشان و ئازەربایجان ڕوویانداوە. هەر 13 کەسەکە کورد بوون، کە بە زمانی کوردی و فارسی قسەیان دەکرد، ئەوان باسی ئەو ڕووداوانە دەکەن کە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2023 ڕوویانداوە.

شەش کەس لە چاوپێکەوتنەکانیاندا لەگەڵ ڕێکخراوەکە باسیان لەوە کردووە کە هێزە ئاسایشییەکانی ئێران چۆن ئەوانیان کردووەتە ئامانج و تەقەیان لێکردون، هەروەها بە چاوی خۆیان بینیویانە کەسانی دیکە تەقەیان لێ کراوە.

دوو کەس دەڵێن، هێزە ئاسایشییەکانی ئێران تەقەیان لە کەسوکارەکانیان کردووە لەکاتێکدا کاری کۆڵبەریان کردووە، یەکێکیان دوای ئەوەی ڕایکردووە بەسەر مینێکی چینراودا کەوتووە و قاچی لەدەستداوە.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ پێداچوونەوەی بە تۆمارە پزیشکییەکان و بەڵگەنامەکانی دادگای شەش کەسی ڕزگاربوودا دەکات کە دوو کەسیان بەهۆی تەقینەوەی مینەوە قاچەکانیان لەدەستداوە و و ئەوانی دیکەش بە گولەی هێزەکانی سنور برینداربوون. سێ کەس ڕایانگەیاند لە کاتی دەستگیرکردنیان هێزە ئاسایشییەکانی ئێران قسەی ناشیرینیان پێ وتوون و و لێیانداون.

ساڵانە چەندین کۆڵبەری کورد بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان سنورە شاخاوییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەبڕن و زۆرجاریش دەکەونە بەر گولەی هێز چەکدارەکانی ئێران، جگە لەوەش بەشێکیان بەهۆی سەختی ڕێگا و بەفر و سەرماوە گیان لەدەستدەدەن.

ئەو سەرچاوانەی سودیان لێ وەرگیراوە: KHRN/ /HRW

XS
SM
MD
LG