Accessibility links

کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و کاردانەوە ناوخۆییەکان


کوژران و دەستگیرکردنی کۆڵبەرانی کورد لە سنورەکانی نێوان عێراق و ئێران نیگەرانی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەتیش دوای کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق.

کۆڵبەرە کوردەکە بە ناوی هۆشیار مەحموودی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە سنووری نەوسوود کوژرا و لانی کەم دوو کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە سنووری نەوسوود تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لانی کەم کۆڵبەرێک بە ناوی هۆشیار مەحموودی تەمەن 40 ساڵ خەڵکی شمشێر سەر بە شاری پاوە کوژراوە.

هەنگاو دەڵێت "ئەم کۆڵبەرە هیچ بارێکی پێ نەبووە و لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان دراوەتە بەر دەستڕێژی گولە و فیشەک بەر سەری کەتووە."

ئەم ڕووداوە دوای دوو ڕۆژ لە دەستگیرکردن و لێدانی 8 کۆڵبەری کورد دێت لەلایەن پۆلیس و پاسەوانانی سنوری هەرێمی کوردستان لە ناوچەی هەورامان، کە بە گوێرەی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە هەڵەبجە ئەم ڕووداوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر گرتنی کۆڵبەرەکان پێکهێنرا. داواکاری گشتی هەڵەبجەش داوای ئەو ئەفسەر و پۆلیسانە دەکات کە کۆڵبەرەکانیان دەستگیرکردووە.

ساڵانە چەندین کۆڵبەری کورد بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان سنورە شاخاوییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەبڕن و زۆرجاریش دەکەونە بەر گولەی هێز چەکدارەکانی ئێران، جگە لەوەش بەشێکیان بەهۆی سەختی ڕێگا و بەفر و سەرماوە گیان لەدەستدەدەن.

XS
SM
MD
LG