Accessibility links

سەرۆک بایدن لە وتارێکیدا هەوڵی کەمکردنەوەی توندوتیژییە سیاسییەکان دەدات


سەرۆک جۆو بایدن ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە وتارێکی پێشکەش بە هاووڵاتیان کرد، تیایدا توندوتیژی سیاسی سەرکۆنە کرد و داوای یەکڕیزی وڵاتی کرد، پاش ئەوەی ڕۆژی شەممە دانۆڵد ترامپی ڕکابەری و کاندیدی چاوەڕوان کراوەی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە هەوڵێکی کوشتن ڕزگاری بوو.

لە سێیەم وتاری لەم جۆرەدا لەوەتای لە ساڵی 2021 وە دەست بەکاربووە، سەرۆک بایدن وتی، " دەمەوێت ئەمشەو لەگەڵتاندا بدوێم لەسەر پێویستیمان بۆ کەمکردنەوەی توڕەییە سیاسییەکان و بیرمان بێت کاتێک ئێمە ناکۆکین، ئێمە دوژمنی یەک نین، ئێمە دراوسێین، ئێمە هاووڕێی یەکین، هاوکاری یەکترین، هاووڵاتین و لە هەموشی گرنگتر ئێمە هەمومان ئەمەریکایین. پێکەوە دەوەستین."

ئاماژەی بەوەشکرد، "تەقەکردنەکەی دوێنێ لە گردبوونەوەی جەماوەری دانۆڵد ترامپ لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا وا لە هەموومان دەکات هەنگاوێک بۆ دواوە بچین، هەڵسەنگاندێک بۆ ئەوە بکەین کە لە کوێداین و چۆن لێرەوە بەرەو پێش بڕۆین."

هەروەها بایدن داوای لە ئەمەریکاییەکان کرد لە خۆیانەوە بڕیار لەسەر ئەنجامەکە نەدەن لە کاتێکدا کاربەدەستانی جێبەجێکردنی یاسا لێکۆڵینەوە لە تەقەکردنەکەی شەممە دەکەن کە لە گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا ڕوویدا کە یەکێکە لەو ویلایەتانەی دەنگەکانی کۆماری و دیموکراتەکان تیایدا زۆر لێک نزیکن.

بایدن لە وتارەکەیدا گوتی " لە ئەمەریکا جێگای ئەم جۆرە توندوتیژییانە بەهیچ شێوەیەک نابێتەوە. هیچ جۆرە توندوتیژییەک. بەبێ جیاوازی. ناتوانین رێگەبدەین ئەم جۆرە توندوتیژییانە ئاسایی بن."

ئەو ئاماژەی بە هێرشەکانی ڕابردووش کرد لە ناویاندا هێرشەکەی 6ی یەکی 2001 بۆ سەر کۆنگریس، و لێدانی هاوسەرەکەی نانسی پیلۆسی.

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو کەسێک لە ئەمەریکا بە کەرامەت و ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە و ڕق و کینە نابێت هیچ جێگەیەکی هەبێت"،

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممەش بایدن لەم بارەیەوە قسەی کرد و گوتی "هەوڵێکی کوشتن پێچەوانەی هەموو ئەو شتانەیە کە ئێمە وەک نەتەوەیەک بەرگرییان لێدەکەین. ئەم کارە ئەوە نییە کە ئێمە وەکو نەتەوەیەک هەین، ئەمە ئەمەریکایی نییە و ناتوانین ڕێگە بدەین ئەمە ڕووبدات."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "یەکڕیزیی سەختترین ئامانجە کە پێی بگەین، بەڵام هیچ شتێک لە ئێستادا لە یەکڕیزی گرنگتر نییە. ئێمە مشتومڕ دەکەین و ناکۆکیمان دەبێت- ئەوە ناگۆڕێت. بەڵام ئێمە ئەو ڕاستییە لەبیرناکەین کە ئێمە کێین وەکو ئەمەریکایی."

ئاماژەی بەوەشکرد، ترامپ " ڕەوشی باشە و چاک دەبێتەوە" ڕایشیگەیاند دەزگای نهێنی پاراستنی سەرۆکی ئاراستە کردووە بۆ ئەوەی "هەموو سەرچاوە و توانا و ڕێوشوێنێکی پاراستنی پێویست بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی بەردەوامی بۆ ترامپ دابین بکات".

بایدن وتیشی ڕێنمایی داوە بەو دەزگا باڵایەی جێبەجێکردنی یاسا کە پێداچوونەوە بە هەموو ڕێوشوێنە ئاسایشییەکاندا بکات - و بۆ جەختکردنەوە دووپاتی کردووە "هەموو ڕێوشوێنە ئاسایشییەکان"، لەکاتێکدا کۆمارییەکان، لەنێویاندا ترامپ، خۆیان ئامادە دەکەن ڕۆژی دووشەممە بڕۆن بۆ شاری ملواکی ویلایەتی وسکانسن بۆ ئامادەبوون لە کۆنگرەی نیشتمانی کۆمارییەکان. لەوێدا چاوەڕوان دەکرێت ترامپ بە فەرمی وەک کاندیدی سەرۆکایەتی پارتەکە دەستنیشان بکرێت.

سەرۆک بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە ناسنامەی تەقەکەرەکە دەستنیشانکراوە، بەڵام ئەمەریکاییەکان نابێت پەلە بکەن لە دروستکردنی دەرەنجام تا لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.

بایدن وتیشی "داوا لە هەمووان دەکەم - هەمووان - تکایە لەخۆوە مەگەنە ئەنجام سەبارەت بە مەبەستی هێرشبەرەکە یان ئەوەی سەربە چ لایەنێکە."

بایدن سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بەپەلە گەڕایەوە واشنتن بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ڕووداوەکە و پاشهاتەکانی. بەپێی وێنەیەکی کۆشکی سپی، ئەو و کاملا هێرس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، لە ژووری بارودۆخی کۆشکی سپی لەگەڵ بەرپرسانی ئاسایشی ناوخۆ و جێبەجێکردنی یاسا کۆبوونەتەوە.

هەر لە ڕۆژی یەکشەممە کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە بایدن ڕۆژی دووشەممە گەشت بۆ تەکساس ناکات، وەک ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو، بۆ چالاکیەکی هەڵمەتی هەڵبژاردن. کەمپەینەکەی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاندبوو کە کاردەکەن بۆ ڕاگرتنی پەیامەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ ماوەیەکی کاتیی.

ئێف بی ئای سەرکردایەتی لێکۆڵینەوەکان دەکات سەبارەت بەو شتەی کە بە هەوڵی تیرۆرکردن وەسفی دەکەن. ترامپ ئێوارەی شەممە لە گردبوونەوەیەکدا لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا گوێچکەی بریندار بوو کاتێک لە لایەن چەکدارێکەوە کرایە ئامانج. پاشان هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ڕایگەیاند کە ڕەوشی "باشە" و دواتر لەو ئێوارەیەدا دەرکەوت لە نیوجێرسی لە فڕۆکەکەی دابەزی.

هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسا دەڵێن، بەشداربوویەکی گردبوونەوەکە کوژراوە، هەروەها چەکدارەکەش کوژراوە و دووان لە ئامادەبوانیش بریندار بوون.

ڕۆژی یەکشەممە، ملانیا ترامپ، خانمی یەکەمی پێشووی ئەمەریکا، داوای لە ئەمەریکاییەکان کرد " زاڵ بن بەسەر ڕق و کینە، توڕەیی و بیرۆکە زیانبەخشەکان کە هانی توندوتیژی دەدەن."

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، دیڤین نونێس، ئەندامی پێشووی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس کە بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ترامپ میدیا و Technology Group Corp ە داوای لێکۆڵینەوەی وردی کرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دۆخەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا و وردی فیدراڵی هەیە بۆ دیاریکردنی هەموو بارودۆخی ئەم هێرشە ترسنۆکانە و دەستنیشانکردنی ئەوەی ئەگەر هیچ کەسێکی تر تیایدا بەشداربووبێت. هەروەها داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەم هەر سەرچاوەیەکی ئاسایشی کە سەرۆک ترامپ داوای بکات بۆ گەرەنتی سەلامەتییەکەی دابین بکات. ئەمەریکا زاڵ دەبێت بەسەر ئەم تەقە نەفرەتییە و پێکەوە نیشتمانەکەمان ڕووبەڕووی دەبینەوە."

XS
SM
MD
LG