Accessibility links

سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانی و زەمینیەکانی لە کەرتی غەززە


کاربەدەستانی تەندروستی لە غەززە دەڵێن تەرمی پێنج فەلەستینی دۆزراونەتەوە دوای ئەوەی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل ماڵێکی لە کەمپی پەنابەرانی مەگازی لە ناوەڕاستی غەززە کردە ئامانج.

جگە لەوەش بەرپرسانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری دەیر ئەلبەلا ڕایانگەیاند کە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا سێ کەس کوژراون.

ڕۆژنامەی ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا کەسێک لەسەر شەقامەکە کوژراوە و لانیکەم شەش کەسی دیکەش برینداربوون.

هێشتا پرسیار لەبارەی چارەنووسی سەرکردەی هێزە سەربازییەکانی بزووتنەوەی حەماس هەیە، کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو کرایە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل.

بەرپرسانی ئاسایشی خۆجێی ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی لە ناوچەی ئەلمەساوی لە نزیک خان یونس لانیکەم 90 کەس کوژراون. ئیسرائیل پێشتر ئەو ناوچەیەی بە پەناگەیەکی ئارام بۆ پەنابەرانی فەلەستینی ناساندبوو.

ئیسرائیل دەڵێت هێرشەکە بۆ سەر محەمەد دایف بووە. دایف وەک پلانداڕێژەر بۆ هێرشەکەی حەماس لە باشووری ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبەردا سەیر دەکرێت. لەو هێرشەدا چەکدارانی حەماس هەزار و 200 کەسیان کوشت و لانیکەم 250 کەسیشیان بە دیل گرت. لە ئەنجامدا شەڕی غەززە سەریهەڵدا.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، هێرشە ئاسمانی و زەمینیەکانی ئیسرائیل لانیکەم 38 هەزار و 500 کەس کوژراون و زیاتر لە 88 هەزار و 800 کەسیش برینداربوون.

سەرچاوە: ئەسۆشیەیتد پرێس، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG