Accessibility links

سەرچاوەیەک: کاتێک بۆمب خراوەتە ژێر ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لقی پارتی، پاسەوانەکانی تەماشای یارییان کردووە


ئۆتۆمبیلەکەی ئەکرەم ساڵح
ئۆتۆمبیلەکەی ئەکرەم ساڵح

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان ڕایدەگەیەنێت، لەکاتی یاری کۆتایی پاڵەوانێتی یۆرۆی نێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا و سەرقاڵبوونی پاسەوانەکانی بە تەماشاکردنی یارییەکە، بۆمبی لکێنراو خراوەتە ژێر ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لقی 22 ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان.

سەرچاوە ئاگادارەکە لەڕەوتی لێکۆڵینەوەکان کە داوایکرد ناوی ئاشکرانەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کاتێک پاسەوانەکانی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی سەرقاڵبوون بە تەماشاکردنی یاری نێوان هەڵبژاردەی ئیسپانیاو ئینگلتەرا، کەسێک کە جلی کوردی لەبەربووە، سەرقاڵبوونیانی قۆستووەتەوە و بۆمبەکەی خستووەتە ژێر ئۆتۆمبێلی بەرپرسەکەی پارتی."

سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە، 15 ی حەوتی 2024، لەکاتێکدا ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی ویستوویەتی لە شوێنی حەوانەوەی خۆیەوە لەگەڕەکی شەهیدانی کەلار بەرەو لق بڕوات، لەوکاتەدا بۆمبە لکێنراوەکە بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقیووەتەوە.

ئەوکاتەی بۆمبە لکێنراوەکە بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دا تەقیووەتەوە، بەرپرسی لق و شۆفێرەکەی و پاسەوانێکی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، دوای ڕزگارکردنیان ئۆتۆمبێلەکە گڕی گرتووەو بە تەواوەتی سووتاوە.

سەرچاوە ئاگادارەکە لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان دەڵێت،"ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لق کە بەشەو بۆمبەکەی پێوە لکێنراوە، دیوێکی لە تاریکایی و دیوەکەی تری بەلای پاسەوانەکانییەوە بووە، بۆیە کەسەکە بۆمبە لکێنراوەکەی لە دیوی تاریکاییەوە خستووەتە ژێر ئۆتۆمبێلەکە."

هەروەها وتیشی،"تانکی بانزینی ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لق لەو دیوەکەی تربووە، نەک ئەو دیوەی کە بۆمبەکەی پێوە لکێنرابوو، گەر بۆمبەکە بدرایە لە دیوی تانکی بانزینەکە، لەکاتی تەقینەوەکەدا ئۆتۆمبێلەکە دەتەقییەوەو ئەستەمبوو سەرنیشینەکانی دەربازیان ببێت."

گومان دەکرێت ئەو کەسەی بۆمبە لکێنراوەکەی خستووەتە ژێر ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لقی گەرمیان ناوچەکەی جێهێشتبێت، ڕۆژی دواتر خەڵکانی تر چاودێری بەرپرسی لقیان کردبێت و لە ڕێگەی کۆنترۆڵەوە ئۆتۆمبێلەکەیان تەقاندبێتەوە.

دوێنێ سێشەممە، 16 ی حەوتی 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوەو پەکەکەی بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیمکراتی کوردستان تۆمەتبارکرد.

هەرچەندە میدیاکانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێن، ئەو کەسەی بۆمبەکەی بە ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لقی پارتییەوە لکاندووە ناسراوەتەوەو نزیکە لە پەکەکە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکە لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان دەڵێت،"هێشتا بەردەوامین لە لێکۆڵینەوە، شوێن پێی تۆمەتبارەکە لە ڕێگەی کامیراکانی چاودێرییەوە هەڵگیراوە، بەڵام گرفتەکە خراپی کواڵێتی کامیرای چاودێری ماڵانەو تا ئێستا نەتوانراوە ناسنامەی کەسەکە بەڕوونی دەستنیشان بکرێت و لەهەوڵداین."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17 ی حەوتی 2024، پەکەکە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوەو ڕایگەیاندووە،"ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئێمە بە بەرپرسیار دەزانێت لەو تەقەمەنییانەی لەناو ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح، یەکێک لە بەرپرسانی پارتی چێنراون. ئێمە ئەم تۆمەتە بێ بنەمایە ڕەتدەکەینەوە."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە بەرپرسانی لقی گەرمیانی پارتییەوە کرد، بەڵام ڕایانگەیاند لە ئێستادا هیچ شتێک لەبارەی دۆسیەکەوە ناڵێن، تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.

هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان کاردانەوەی بەرپرسانی حزبی و حکومی لێکەوتەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕێی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی کردووە.

بارەگای بارزانی دەڵێت،"بارزانی بە ئەکرەم ساڵحی ڕاگەیاندووە، ئەنجامدەران و ئەوانەی لە پشت کردەوە تیرۆریستیەکەوە بوون باجی ئەم کارە تێکدەرانەیان دەدەن."

هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە دوو ڕاگەیەنراوی جیادا ئیدانەی هەوڵی تیرۆرکردنی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتییان کردووە، بە پێویستییان زانیووە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو کەس و لایەنانە ئاشکرابکەن کە لە پشت هەوڵەکەوە بوون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:59 0:00

XS
SM
MD
LG