وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) وەرگرتنی مووچەش لەسەر لیستی هێزە ئەمنیەکانی هەرێم بۆ ئەندامانی حزبەکەیان ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ڕاستە لەڕابردوودا هاوشێوەی بەشێک لە حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان هاوکاریان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەرگرتووە نەک مووچە، بەڵام لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە لە هەرێمی کوردستان هاوکاریەکانیان بڕاوە و لە ئێستادا هیچ هاوکاریەک وەرناگرن.
خەلیل نادری، وتەبێژی پارتی ئازادی کوردستان (پاک) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە ڕابردوودا مووچەیان هەبووە، چ لە پێش ڕاپەرین بێت کە ڕژێمی عێراق دابینی دەکرد، چ حکومەتی هەرێم واتە یەکێتی و پارتی دابینیان دەکرد تا ساڵی 2014 ش کە وەک هاوکاری دراوە، نەک وەکو مووچە کە بۆ حزبەکانی چوار پارچە ڕاست بووە، بۆ ئێمە و حکومەتی هەرێمیش جێگەی شانازی بووە، کە هاوکاری یەکتری بکەین بە تایبەت حکومەتی هەرێم هاوکاری خوشک و براکانی خۆی لە پارچەکا نی تر کردبێت."
وتیشی،" بەڵام لە دوای قەیرانی دارایی هەموو هاوکاریەکان بڕاون، بەڵام وەک مووچە ئێمە وەک پارتی ئازادی هیچ مووچەیەکمان لەسەر هێزە ئەمنیەکانی نەبووە، تەنها هاوکاری بووە هەرچەندە ئێمە هاوکاری بە عەیبە نازانین."
هەرچەندە ئاماژەی بە سەرچاوەی دارایی خۆیان نەکرد، بەڵام گوتیشی لە سەردەمی شەڕی داعشدا لە میحوەرەکاندا هاوشانی پێشمەرگەی هەرێم هاوکاری کراون و پێداویستییەکانی شەڕیان بۆ دابین کراوە.
دوێنێ 16ی مانگی حەوت وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی هێزە ئاسایشییەکانی بۆ هەریەکە لە مانگەکانی پێنج و شەش ڕاگەیاند، کە چەند مانگێکە بە هۆی کێشەی نێوان هەرێم و بەغداد مووچەکانیان دوا دەکەوێت.
هەرچەندە لە سەرەتادا کێشەکە پەیوەست بوو بەوەی حکومەتی هەرێم ڕەزامەند نەبوو بە ڕادەستکردنی ناوی هێزە ئاسایشییەکان بە لیست و ناو بە وەزارەتی دارایی عێراق و بەردەوام جەختی دەکردەوە لەوەی کە ڕادەستکردن ناو و لستی هێزە ئاسایشییەکان مەترسی دروست دەکات لەسەر "ئاسایشی نیشتیمانی" بۆیە ئامادە نین لیست پێشکەش بکەن، بەڵام دەنگی ئەمەریکا وەک یەکەم میدیا لە ڕۆژی 7ی مانگی شەش دەستی گەشت بەو نوسراوەی کە حکومەتی هەرێم بە فەرمی ڕەزامەند بووە بە ڕادەستی ناو و تەواوی وردەکاری هێزە ئاسایشییەکان بە بەغداد.
وێڕای ڕادەستکردنی لیستی ناوی هێزە ئاسایشیەکان بە بەغداد، بەڵام ئەمە نەیتوانی کۆتایی بە کێشەی مووچەی ئەو هێزانە بهێنێت و ماوەی زیاتر لە چوار مانگە ئەو هێزانە مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا وەرناگرن، هەرچەندە حکومەتی هەرێم چەند جارێک کێشەکەی بە "سیاسی" ناوبرد، بەڵام حکومەتی عێراق تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی ئەو هێزانەوە نەداوە، بەردەوامیش لیژنەکانی چاودێرایی عێراق دەنێرێتە هەرێم بە مەبەستی وردبینی لە لیستی هێزە ئاسایشییەکان.
هەر ئەمڕۆش 17ی مانگی حەوت بە پێی بڵاوکراوەیەکی وەزارەتی دارایی هەرێم لیژنەی چاودێری دارایی عێراق سەردانی وەزیرارەتی داراییان کردووە و وەزارەتەکەش دەڵێت،" بەردەوام دەرگامان بۆ تیمەکانی دیوانی چاودێری دارایی کراوەبووە بۆ وردبینی و بەدواداچوون لەسەر لیستی مووچەو داهات و خەرجیەکانی هەرێمی کوردستان."
سەرباری ڕاگەیاندنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنیەکان بۆ هەردوو مانگەکانی پێنج و شەش، بەڵام دوێنێ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بڵاوکردنەوەی لیستی مووچە ڕوونکردنەوەیەکیشی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بڕی 26 ملیار و 790 ملیۆن دینار کورتهێنان لە کۆی مووچەی ئەو دوو مانگەی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان دروست بووە و ئەو بڕە پارەیە لە شایستەی تەمویلەکەیان لە بەغداوە نەنێردراوە.
بەشێک لە میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن نەناردنی پێویستی بەشە پشکی هێزە ئەمنیەکان دەگەڕیتەوە بۆ بڕینی مووچەی هەریەکە لە هێزەکانی پارتی ئازادی کوردستان کە حزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ کە لە کوردەکانی سوریا پێکهاتوون، سەر کوردەکانی سوریا، بەڵام دەنگی ئەمەریکا نەیتوانی ئەم زانیاریە پشتڕاستبکاتەوە، بەو پێیەی پەیوەندی کرد بە پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.
لەگەڵ ڕەتکردنەوەکەی پارتی ئازادی بە وەرگرتنی مووچە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە چەند سەرچاوەیەک لە نێو هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ، بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەنگۆی هەبوونی مووچە لە حکومەتی هەرێم و بڕینی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەڵام ئامادەنەبوون هیچ لێدوانێک بدەن لەو بارەیەوە.
بە قسەی خەلیل نادری ئەوان تەنها حزبی کوردی نەبوون کە هاوکاریان پێشکەش کراوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێک لە حزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێرانەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕەتی کردەوە ئەوان هاوکاریان پێدرابێت و وتی،" ئێمە هاوکاری لە حکومەتی هەرێمەوە وەرناگرین و وەریشمان نەگرتووە."
خەلیل نادری وتی،" ئەگەر ئێمە پشکمان هەبێت لە مووچەی هێزە ئەمنیەکان فەرموو بیبڕن، جا ئێستا کە باس لە بڕینی مووجەکانمان دەکەن ئەوە شوکر بۆ خوا نەجاتیان بوو ، بەو هیوایەی هەرێمی کوردستان لە قەیرانی مووچە و قەیرانەکانی تر ڕزگار بکات، بەو هیوایەیە بڕینی مووچەکانمان خۆشگوزەرانی و ئابووریەکی بەهێز بۆ کوردستان بهێنێت و ئەو کێشەیەش ببڕێتەوە."