Accessibility links

ئیسرائیل دەڵێت ڕێگری لە مووشەکێک کردووە کە لە یەمەنەوە هەڵدراوە و حوسییەکانیش دەڵێن شاری ئیلاتیان کردووەتە ئامانج


ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی ڕێگری لە مووشەکێکی حوسییەکانی یەمەن کردووە کە لەلایەن ئەو گرووپەی هاوپەیمانی ئێرانەوە بە ئاڕاستەی ئیسرائیل هەڵدراوە و هاوکات چەکدارانی حوسییەکانیش دەڵێن بە چەند مووشەکێکی بالیستیکی شاری ئیلاتی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج، ئەمەش دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەندەری حودەیدەی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 21ی مانگی حەوت ڕایگەیاند "سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوپای ئیسرائیل بە سەرکەوتوویی ڕێگری لە مووشەکێک کردووە کە لە یەمەنەوە لە ئیسرائیل نزیک بووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە مووشەکەکە نەچووەتە ناو ئیسرائیلەوە، بەڵام بەهۆی ئەگەری کەوتنەخوارەوەی پارچەکانی مووشەکەکەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە ئیلات و ناوچەکانی دەوروبەری لێداوە."

هێرشی سەر حودەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن لەلایەن ئیسرائیلەوە دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان بۆ سەر تەلئەڤیڤ بوو کە لە ڕۆژی هەینیدا ئەنجامدرا و بەو هۆیەوە هاووڵاتییەکی ئیسرائیل کۆژراو چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.

چەکدارانی سەر بە ئێران ڕایانگەیاندبوو کە هێرشەکەی ڕۆژی هەینیان وەک تۆڵەسەندنەوەیەک دژی چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ئەنجامداوە.

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە لە بەرامبەر ئەو هێرشەی سەر تەلئەڤیڤ، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بەندەری حودەیدەیان کردە ئامانج کە بە وتەی ئیسرائیل پێگەی سەربازی حوسییەکانە. سەرچاوە پزیشکییەکان لە یەمەن ڕۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا شەش کەس کوژراون و 80 کەسی دیکەش برینداربوون.

وێنەکانی شوێنی ڕووداوەکە دەرکەوتووە کە ئاگرێکی ئاگرین و دوکەڵێکی چڕ لە شوێنی هێرشەکە بەرزبووەتەوە.

پێکدادانەکانی نێوان حوسیەکان و ئیسرائیل بەشێکە لە پەرەسەندنی شەڕی غەززە کە زیاتر لە نۆ مانگە زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە.

تاقمەکانی هاوپەیمانی ئێران لەوانە حوسییەکان لە ماوەی چەن مانگی ڕابردوودا، موشەک و فڕۆکەی بێفرۆکەوانیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و ڕایانگەیاندووە کە ئەو کارە دەکەن بۆ پشتیوانی لە فەلەستینییەکان و گرووپی چەکداری ئیسلامی حەماس کە غەززەی لە ژێر دەسەڵاتدایە. ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن و چەکی پێدەدەن.

شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس پاش ئەوە دەستیپێکرد کە چەکدارانی حەماس لە 7ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و هەزار و 200 کەسیان کوشت و نزیکەی 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت.

تا ئێستاش نزیکەی 120 بارمتە لای هێزەکانی حەماسەوەن لە غەززە و ئەم گروپە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەسەر دۆخی ئەوان بڵاو ناکاتەوە. ئیسرائیل، ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا، ژاپۆن و کەنەدا، حەماس بە گرووپێکی تیرۆریستی دەزانن.


سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG