Accessibility links

سەرۆکی دەزگای بەرپرسیار لە پاراستنی کەسایەتییەکان، دوای هەوڵی تیرۆرکردن ترامپ، دەستی لەکارکێشایەوە


سەرۆکی دەزگای بەرپرسیار لە پاراستنی کەسایەتییەکان (USSS) ڕۆژی سێشەممە دوای هەوڵی تیرۆرکردنی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەستی لەکارکێشایەوە.

کێمبەرلی چیتڵ بۆ ماوەی 27 ساڵ لەو دەزگایە کاری کردووە و لە مانگی هەشتی ساڵی 2022 شەوە وەک بەڕێوەبەری دەزگای بەرپرسیار لە پاراستنی کەسایەتییەکان دەستی بەکارکردبوو. ناوبراو لەچەند رۆژی ڕابردوودا سەبارەت بەوەی کە چۆن چەکدارێک توانیویەتی ئەوەندە نزیک بێتەوە لە کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە گردبوونەوەیەکی دەرەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر و داوای دەستلەکارکێشانەوە بوویەوە.

سەرۆکی دەزگای بەرپرسیار لە پاراستنی کەسایەتییەکان ڕایگەیاندووە "من بەرپرسیارێتی تەواوی هەڵە ئاسایشییەکان لە ئەستۆ دەگرم و بە هۆی ڕووداوەکانی ئەم دواییە، بە دڵێکی قورسەوە بڕیارێکی قورسم داوە بۆ جێهێشتنی پۆستەکەم."

دوابەدوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی دەزگای بەرپرسیار لە پاراستنی کەسایەتییەکان، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ستایشی بەرپرسیارێتی و خزمەتی چەند دەیەی ڕابردووی ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا کرد.

جۆو بایدن کێمبەرڵی چیتڵی بە کەسێک وەسف کردووە کە خۆی تەرخان کردووە بۆ پاراستنی وڵات لە ماوەی کارکردنی لەگەڵ دەزگای پاراستنی بەرپرسیار بۆ پاراستنی ژیانی کەسایەتییەکان و دەلێت ناوبراو ژیانی خۆی لەم پێناوەدا خستۆتە مەترسییەوە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەڵێنیدا بەدواداچوون بکات بۆ ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە ڕووداوی هەوڵی تیرۆرکردنی دانۆڵد ترامپ و گوتیشی بەمزوانە سەرۆکی نوێی دەزگای بەرپرسیار لە پاراستنی کەسایەتییەکان دەستنیشان دەکات.

پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا و ئێف بی ئای و وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا هەرکامەیان بە جیا لێکۆڵینەوە لە هەوڵە شکستخواردووەکەی تیرۆرکردنی دانۆڵد ترامپ دەکەن.

جۆو بایدن وتی "ئەوەی ئەو ڕۆژە ڕوویدا هەرگیز ناتوانێت دووبارە ببێتەوە".

بەرپرسی دەزگای بەرپرسیار لە پاراستنی کەسایەتییەکان کە ئەرکی پاراستنی سەرۆکی ئێستا و سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکای لە ئەستۆدایە، ڕۆژی دووشەممە لە دانیشتنی لەگەل ئەنجومەنی نوێنەران، هەوڵی تیرۆرکردنی دانۆڵد ترامپی بە "گەورەترین شکستی ئۆپەراسیۆنی" ئەو دەزگایە لە ژێر بەرێوبەرایەتی خۆیدا ناوبرد.

دوای ئەو دانیشتنە، کۆمەڵێک لە نوێنەرانی هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری داوای دەستلەکارکێشانەوەی کێمبەرڵی چیتێڵیان کرد.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG