Accessibility links

سەرۆکی خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکا لەسەر ڕووداوی تەقەکردنەکە لە ترامپ دەچێتە بەردەم کۆنگرێس


سەرۆکی خزمەتگوزاری تایبەتی ئەمەریکا کیمبەرلی چیتڵ
سەرۆکی خزمەتگوزاری تایبەتی ئەمەریکا کیمبەرلی چیتڵ

سەرۆکی خزمەتگوزاری تایبەتی ئەمەریکا کیمبەرلی چیتڵ بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بچێتە بەردەم دانیشتنێکی کۆنگرێس کە پێشبینی دەکرێت لەو دانیشتنەدا پرسیاری قورس و سەختی لێبکرێت سەبارەت ڕووداوی تەقەکردنەکە لە بەربژێری کۆمارییەکان دانۆڵد ترامپ و شکستی خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەت لە ڕێگریکردن لە ڕووداوەکە و برینداربوونی ترامپ.

بڕیارە چیتڵ بچێتە بەردەم کۆمیتەی سەرپەرشتی و لێپێچینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و لەلایەن یاسادانەرانی کۆمیتەکەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت. چیتڵی سەرۆکی خزمەتگوزاری تایبەتی ئەمەریکا لەلایەن کۆمارییە باڵاکانی وەکو سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسن و سەرۆکی کەمینە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سینات میچ مککۆنێڵەوە داوای لێکراوە دەست لە کارەکەی بکێشێتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوبەری دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا کریستۆفەر ڕەی دەچێتە بەردەم کۆمیتەی دادوەری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە کۆمارییەکان تێیدا زۆرینەن.

ڕووداوی تەقەکردنەکەی 13 ی مانگی حەوت لە گردبوونەوەیەکی ترامپ و لایەنگرەکانیدا لە بەتڵەری ویلایەتی پێنسلڤانیا، بووە هۆی برینداربوونی ترامپ و کوژرانی ئامادەبوویەکی گردبوونەوەکە و برینداربوونی کەسێکی دیکەش. تەقەکەرەکە تۆماس کروکسی تەمەن 20 ساڵ بوو و لەلایەن هێزەکانی جێبەجێکردنی یاساوە هەر لە شوێنەکەدا کوژرا.

ڕووداوەکە یاسادانەرانی توڕە کرد، کە دەڵێن گومانلێکراوەکە توانیویەتی بچێتە سەر سەربانێک و لە نزیکەوە ترامپی لێوە دیار بووە، دەڵێن ئەوە شکستی ئاسایشی خزمەتگوزاری تایبەتی چیتڵ بووە، کە بەرپرسە لە پاراستنی سەرۆکەکان و سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا.

کۆمیتەی دادوەری ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو وتی بەڵگەی هەیە لەسەر ئەوەی خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەت بە باشی ئامادە نەبوون بۆ گردبوونەوەکەی ترامپ، چونکە کەمی هەبووە لە ستافەکەدا، ئەوەش بەهۆی هەڵمەتێکی دیکەی هەڵبژاردنەوە لە پیتسبێرگ کە لەلایەن جیڵ بایدنەوە ڕێکخرابوو، هەروەها لوتکەکەی ناتۆش کە چەند ڕۆژێک لەوەوبەر لە واشنتن بەڕێوەچوو.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن کۆتایی بە قەیرانەکە هێنا لەسەر دووبارە خۆ هەڵبژاردنەوەکەی و ڕایگەیاند دەستبەرداری کاندیدبوونەکەی دەبێت و لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان دەکشێتەوە، هاوکات پشتگیری خۆی بۆ کامڵا هێرسی جێگری دەربڕی تاوەکو ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان. هەروەها بەڵێنیدا تاوەکو کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی خزمەت بکات، کە دەکاتە 25 ی مانگی یەکی ساڵی 2025.

مایک جۆنسنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سەرەتا داوای لە چیتڵ کرد دەست لە کارەکەی بکێشێتەوە، دواتر وتی بایدن دەبووایە چیتڵی ڕۆژێک دوای ئەوەی چیتڵ و ڕای ئەندامانی کۆنگرێسییان لە تەقەکردنەکە ئاگادار کردەوە دەربکردایە.

وتیشی پلانی هەیە کۆدەنگییەکی ئەنجومەنەکەی دەست بکەوێت بۆ لێکۆڵینەوەی لە هەوڵی کوشتنی ترامپ.

سیناتۆری کۆمارییەکان جۆن باراسۆ و مارشا بلابێرنیش بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی چیتڵ بوونەوە، ئەوەش لە ڕێی هاوارکردنەوە بەسەریدا لە ماوەی کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکان کە هەفتەی پێشوو بەڕێوەچوو.

بلاکبێرن دواتر وتی " دەتوانێت ڕابکات. بەڵام ناتوانێت خۆی حەشار بدات."

بەڵام تاوەکو ئێستا چیتڵ داواکانی بۆ دەست لە کارکێشانەوەی ڕەت کردووەتەوە.

وتەبێژی خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکا ئەنتۆنی گوگلیلمی وتی " بەردەوامیدان بە ئەرکەکان زۆر گرنگە لە ماوەی ڕووداوێکی هەستیاردا و بەڕێوبەری خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەت کیمبەرلی چیتڵیش هیچ نیازێکی نیە بۆ دەست لە کارکێشانەوە."

وتی " ئەو بە تەواوەتی ڕێز لە ئەندامانی کۆنگرێس دەگرێت و بە تەواوەتی پابەندە بە ڕوونییەوە لە سەرکردایەتیکردنی خزمەتگوزاری تایبەتدا لە ڕێی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ناوخۆیی و پتەوکردنی دەزگاکەوە لە ڕێی ئەو وانانەوە کە لەم پێداچوونە ناوخۆیی و دەرەکییانەوە فێرییان دەبین."

سیناتۆری کۆمارییەکان مارکۆ ڕوبیۆ وتی مامەڵەکردنی خزمەتگوزاری تایبەت لەگەڵ گردبوونەوەکەی ترامپدا و دوابەدوای تەقەکردنەکەش " نموونەیەکی دیارە " لەسەر ئەوەی چۆن بەردەوام نەبیت لەو جۆرە بابەتانەدا.

وتی " هەموو ڕۆژێک کە تێپەڕ دەبێت و ئێمەش هیچ ڕوونییەکمان نیە لەسەر هەموو ئەمە، ڕۆژێکی دیکەیە کە گومان لە ناو خەڵکەکەدا دروست دەکەیت لەسەر دامەزراوەکەت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG