Accessibility links

هەوڵی کوشتنی ترامپ شتێکی دەگمەنە لە ئەمەریکا، بەڵام تیشک دەخاتە سەر دیاردەیەکی باو لە جیهاندا


هەوڵەکەی ئەمدواییانە بۆ کوشتنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ شتێکی دەگمەن بوو لە مێژووی ئەمەریکادا، بەڵام تیشک دەخاتە سەر دیاردەیەکی باو لە جیهاندا.

کوشتنی سیاسیی لە مێژە بەشێک بووە لە مێژووی مرۆڤایەتی، زۆرجار لەو وڵاتانەدا ڕوویانداوە کە کێبڕکێیەکی سنوورداری سیاسیی و جەمسەرگیرییەکی بەهێز و پارچە پارچەبوونییان تێدا بووە، ئەمەش بەپێی توێژینەوەیەکی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە وێست پۆینت.

ناوەندەکە لە ڕاپۆرتێکیدا لە ساڵی 2015 دا ئاماژەی بەوە داوە ئەم هەلومەرجانە دەتوانن ببنە هۆی کەمبوونەوەی ڕەوایی سیاسیی و زیادبوونی توندوتیژیی، بە تایبەتی لە ماوەی هەڵبژاردنەکان و ململانێی ناوخۆیدا.

باشووری ئاسیای نوێ دیارترین شوێنە بۆ کوشتنە سیاسییەکان. ماهاتما گاندی لە ساڵی 1948 دا لەلایەن گروپێکی چەکداریی هیندوی نەتەوەپەرستەوە کوژرا بەهۆی ئەوەوە کە گاندی هاوسۆزی بۆ لایەنگرانی موسوڵمانەکان دەردەبڕی.

کوشتنی گاندی نەوە گەنجەکەی توشی شۆک کرد، بەڵام هەروەها بووە هۆی دروستبوونی داواکان بۆ یەکگرتوویی نیشتیمانی، سەرکردە دیارەکانی وەکو جەوهەرلال نەهرۆ و ڤالابهابهای پاتێل جیاوازییەکانی خۆیان خستە ئەو لاوە بۆ یەکخستنەوەی هیندستان، ئەمەش بەپێی مێژووناس ڕاماچاندرا گوها.

ئەو جۆرە توندوتیژییە سیاسییەی کە بووە هۆی مەرگی گاندی شتێکی نموونەیی نیە لە هیندستاندا. سەرجەم وڵاتانی باشووری ئاسیا جگە لە لە دوو وڵات – بوتان و ماڵدیڤس - سەرکردەکانییان بە فیشەکی بکوژەکان یاخود تەقینەوە خۆکوژییەکانەوە لە دەستداوە. لە کاتێکدا کە سەرۆکەکانی وڵاتان زۆربەی کاتەکان بوونەتە ئامانجی کوشتن، زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکانی دیکە بە وەزیرەکانەوە تاوەکو ئەندامانی پەرلەمانیش، ئەوانیش بوونەتە قوربانی.

توێژینەوەکەی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بۆی دەرکەوتووە کە کوشتنی سیاسیی لەم چەند دەیەیەی ڕابردوودا لە باشووری ئاسیادا زیاتر بووە، لە سەدا 76 ی کۆی کوشتنە سیاسییەکان لە ناوەڕاستی ساڵەکانی هەشتاکاندا بووە.

ئەمانەی خوارەوەش 15 ڕووداوی سەرەکی کوشتنی سیاسیی و کاریگەرییەکانییان بوون لە ناوچەکەدا:

ئەفغانستان
محەمەد داود خان لە 27 ی مانگی چواری ساڵی 1978 دا لەگەڵ خێزانەکەیدا لە کودەتایەکدا بە سەرکردایەتی پارتی چەپی گەلانی دیموکراتی ئەفغانستان کوژران. کاریگەرییەکەی: بووە هۆی دامەزراندنی حکومەتێکی شیوعی و زیادبوونی کاریگەرییەکانی سۆڤیەت.

نور محەمەد تاراکی لە 9 ی مانگی 10 ی ساڵی 1979 دا لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیر حافیزوڵا ئەمین خنکێندرا. کاریگەرییەکەی: بووە هۆی زیادبوونی سەرکوتکاریی سیاسیی و ڕێگەی خۆشکرد لەبەردەم داگیرکاریی یەکێتی سۆڤیەتدا.

حافیزوڵا ئەمین لە 27 ی مانگی دوانزەی ساڵی 1979 دا لەلایەن هێزە تایبەتەکانی یەکێتی سۆڤیەتەوە لە ماوەی هێرشێکدا بۆ سەر کۆشکی تاجبەگ کوژرا. کاریگەرییەکەی: بووە هۆی دەستپێکی داگیرکارییەکەی یەکێتی سۆڤییەت و دەیان ساڵ لە جەنگ.

محەمەد نەجیبوڵای شیوعی لە 27 ی مانگی نۆی ساڵی 1996 دا لەلایەن تاڵیبانەوە ئەشکەنجەدرا و کوژرا، ئەوەش دوای ئەوەی کۆنتڕۆڵی کابووڵییان کرد. کاریگەرییەکەی: بووە هۆی دەستپێکی یەکەمین فەرمانڕەوایی تاڵیبان لە وڵاتەکەدا.

بورهانودین ڕابانی لە 20 ی مانگی نۆی ساڵی 2011 دا لە کابووڵ لە ڕێی تەقینەوەیەکی خۆکوژییەوە کوژرا. کاریگەرییەکەی: ئاشتی و گفتوگۆکانی تێکدا و تیشکی خستەسەر زیادبوونی ناسەقامگیری لە وڵاتەکەدا.

بەنگلادیش

شێخ موجبیر ڕەحمان لە 15 ی مانگی هەشتی ساڵی 1975 دا کوژرا، ڕەحمان بە دامەزرێنەری بەنگلادیش دادەنرا و لەگەڵ زۆربەی ئەندامانی خێزانەکەیدا لە کودەتایەکی خوێناوی ئەفسەرانی سوپادا کوژرا. کاریگەرییەکەی: بووە هۆی دروستبوونی یاسای سەربازیی و ماوەیەک لە قەیرانی سیاسیی.

زیاور ڕەحمان لە 30 ی مانگی پێنجی ساڵی 1981 دا کوژرا. ڕەحمان پێشتر سەرکردەی سوپا بووە و دواتر سەرۆک بووە، لەگەڵ شەش لە پاسەوانە تایبەتەکەی و دوو یاریدەدەری لە ماوەی کودەتایەکی سەربازییدا لە چیتاگۆنگ کوژران. کاریگەرییەکەی: بووە هۆی قەیرانی زیاتر و دواجار دەرکەوتنی فەرمانڕەوایی سوپا.

هیندستان

موهانداس کارامچەند گاندی لە 30 ی مانگی یەکی ساڵی 1948 دا لە نزیکەوە لە نوێژێکی ڕۆژانەدا لە دەلهی بە فیشەک کوژرا. بکوژەکە، چالاکەوانێکی ڕاستڕەوی سیاسیی بووە، دواتر بانگەشەی ئەوەی کرد کە هۆکارەکەی بۆ کوشتنی گاندی ئەوە بووە کە " گاندی هاوسۆزی خۆی بۆ موسوڵمانەکان " کردووە. کاریگەرییەکەی: وایکرد لایەنگرانی گاندی ناکۆکییەکانییان وەلاوە بنێن بۆ یەکخستنەوەی هیندستان.

ئیندیرا گاندی لە 31 ی مانگی دەی ساڵی 1984 دا لەلایەن دووان لە پاسەوانەکانییەوە لە شوێنی فەڕمی مانەوەیدا بە فیشەک کوژرا. کوشتنەکە وەکو وەڵامێک بوو بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە لە مەزارگەی شێخ ئەنجامدرا. کاریگەرییەکەی: بووە هۆی خۆپیشاندان و پشێوی دژی شێخ و خۆپیشاندانێکی گەورەی سیاسیی.

ڕاجیڤ گاندی لە 21 ی مانگی پێنجی ساڵی 1991 دا لە ڕێی تەقینەوەکەی خۆکوژییەوە کوژرا، تەقینەوەکە لەلایەن ئەندامانی پڵنگەکانی ڕزگاریخوازی تەمیل ئیلامەوە ئەنجام درا کە ئێستا گروپێکی جیاخوازی سریلانکایین. کاریگەرییەکەی: بووە هۆی سەرکوتکردنی پڵنگەکانی ڕزگاریخوازیی تەمیل ئیلام و سیاسەتی هیندستانی بەرامبەر سریلانکا گۆڕی.

نیپاڵ

پاشا بیرێندرا لە 1 ی مانگی شەشی ساڵی 2001 دا لەگەڵ هەشت کەسی ئەندامانی خێزانەکەیدا لەلایەن شازادەی جێنشین دیپێندراوە کوژران، کە لە ماوەی کۆبوونەوەیەکی خێزانیدا لە کۆشکی شاهانە لە کاثماندوو دەستیکرد بە تەقەکردن لێیان. کاریگەرییەکەی: بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشایەتی و گۆڕانکاری گرنگ لە سیاسەتدا.

پاکستان:

لیاکوات عەلی خان لە 16 ی مانگی دەی ساڵی 1951 دا لە گردبوونەوەیەکی سیاسیی لە ڕەوالپیندی تەقەی لێکرا و دواتر لە نەخۆشخانە مرد، خان یەکەمین سەرۆک وەزیری پاکستان بوو، بکوژەکە لەلایەن پۆلیسەوە کوژرا، بەڵام دۆسییەکەی هێشتا بە چارەسەرنەکراویی ماوەتەوە. کاریگەرییەکەی: مەرگی خان پاکستانی لە دیموکراسی دوورخستەوە و لە ماوەی حەوت ساڵدا سەرکردەیەکی سەربازیی دەسەڵاتی گرتە دەست.

بینازین بوهتۆ لە 27 ی مانگی دوانزەی ساڵی 2007 دا لە تەقینەوەیەکی خۆکوژی و تەقەکردنێکدا لە گردبوونەوەیەکی سیاسییدا کوژرا. بوهتۆ پێشتر سەرۆک وەزیری پاکستان بووە. کاریگەرییەکەی: بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی توندوتیژی و خۆپیشاندان کە ئەوەش بووە هۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی پارتی گەلانی پاکستانی بوهتۆ.

عیمران خان لە 3 ی مانگی یانزەی ساڵی 2022 دا لە هەوڵێکی کوشتن ڕزگاریبوو لە کاتێکدا کە سەرکردایەتی ڕێپێوانێکی ناڕەزایی دەربڕینی دەکرد. خان پێشتر سەرۆک وەزیری پاکستان بووە. کاریگەرییەکەی: تیشکی خستەسەر جەمسەرگیرییە سیاسییە قووڵەکەی پاکستان و مەترسییەکانی سەر سەرکردە سیاسییەکان.

سریلانکا

سۆلۆمۆن باندەرانایکی چوارەمین سەرۆک وەزیری سریلانکا لە 26 ی مانگی نۆی ساڵی 1959 دا لەلایەن ڕەبەنێکی بودییەوە لە ماڵەکەی خۆیدا کوژرا. کاریگەرییەکەی: بووە هۆی ناسەقامگیری سیاسیی و گۆڕانکاری لە حکومەتدا.

ڕاناسینگ پریماداسا لە 1 ی مانگی پێنجی ساڵی 1993 دا لەگەڵ 23 کەسی دیکەدا لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لەلایەن ئەندامێکی پڵنگەکانی ڕزگاریخوازی تەمیل ئیلامەوە کوژران. پریماداسا سێیەمین سەرۆکی سریلانکا بووە. کاریگەرییەکەی: شەڕی ناوخۆی سریلانکای زیاتر کرد و سەرکوتکارییەکانی حکومەتی دژ بە پڵنگەکانی ڕزگاریخوازی تەمیل ئیلام چڕتر کردەوە.

سەرچاوە/ ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئینسیکلۆپیدیای بریتانیکا: هیندستان دوای گاندی

XS
SM
MD
LG