Accessibility links

کاردانەوەی سەرکردەکانی جیهان لەسەر ڕووداوی تەقەکردن لە ترامپ


ئەوروپا

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین دەڵێت " توشی شۆک بووە " بە هێرشەکە.

وتی " توندوتیژی سیاسیی جێگەی نابێتەوە لە دیموکراسیدا."

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز تەقەکردنەکەی بە " قێزەون " ناوبرد و وتی " ئەو جۆرە کردەوانەی توندوتیژی مەترسی لەسەر دیموکراسی دروست دەکەن."

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن سەبارەت بە تەقەکردنەکە وتی " ئەوە تراجیدیا بۆ دیموکراسییەکانمان. فەڕەنسا هاوبەشی خەمی گەلی ئەمەریکایە."

ڕووسیا داوای لە ئەمەریکا کرد " چاودێری سیاسەتەکانی هاندان ڕق و کینە بکات " و لە هەمان کاتدا هەوڵی کوشتنەکەی بەکارهێنا بۆ سەرکۆنەکردنی پشتیوانییە سەربازییەکەی واشنتن بۆ ئۆکرانیا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا وتی " ڕەنگە باشتر بێت ئەم پارەیە بەکاربهێنیت بۆ دابینکردنی خەرجی بۆ پۆلیسی ئەمەریکا و دەزگاکانی دیکە کە پێویستە یاسا لە ئەمەریکا بپارێزن."

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی " هیچ بیانوویەک نیە بۆ ئەو جۆرە توندوتیژییە و لە هیچ شوێنێک لە جیهاندا جێگەی نابێتەوە. نابێت هەرگیز توندوتیژی سەربکەوێت. هەروەها هیوای " چاکبوونەوەیەکی خێرای " بۆ خواست.

ئەمەریکای باکوور و باشوور

سەرۆکی ئەرجەنتین خافیێر میلی لۆمەی " چەپی نێودەوڵەتی " کرد دوای ڕووداوی تەقەکردنەکە لە ترامپ.

وتی " لە ترسی لە دەستدان لە ڕاپرسییەکاندا، پەنایان بردەبەر تیرۆر بۆ سەپاندنی ئەجێندا دواکەوتوو و تاکڕەوییەکەیان."

سەرۆکی بەڕازیل لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا وتی " هێرشەکە دژی سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ دەبێت لەلایەن سەرجەم بەرگریکاران لە دیموکراسی و گفتوگۆکردن لە سیاسەتدا بە توندی سەرکۆنە بکرێت."

سەرۆکی چیلی گابریێل بۆریچ " سەرکۆنەی " تەقەکردنەکەی کرد.

وتی " توندوتیژی هەڕەشەیە بۆ دیموکراسییەکان و ژیانی هەموومان پێکەوە لاواز دەکات. دەبێت هەموومان ڕەتی بکەینەوە."

کۆڵۆمبیا " هاوسوزی بۆ ئەمەریکا دەربڕی لەم کاتە سەختەدا."

حکومەتی ئەو وڵاتە وتی " وەکو وڵاتێک کە بە دەست توندوتیژییەوە ناڵاندوویەتی، ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە توندوتیژی جێگەی نابێتەوە لە مشتومڕە سیاسیی و هەڵبژاردنەکاندا."

سەرۆکی بۆلیڤیا لویس ئارک وتی " سەرەڕای جیاوازییە قووڵە فیکری و سیاسییەکەی نێوانمان، توندوتیژی لە هەر شوێنێکەوە بێت، دەبێت هەمیشە لەلایەن هەمووانەوە ڕەت بکرێتەوە."

ئاسیا پاسێفیک

سەرۆکی چین شی جین پینگ " هاوسۆزی خۆی " بۆ ترامپ دەربڕی و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی پەکین " لە نزیکەوە چاودێری " ڕووداوەکە دەکات.

سەرۆک وەزیری هیندستان وتی " زۆر نیگەران بووم بە هێرشەکەی سەر هاوڕێکەم."

وتی " توندوتیژی لە سیاسەت و دیموکراسیدا جێگەی نابێتەوە."

سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا وتی " دەبێت بە توندی دژی هەر جۆرە توندوتیژییەک بوەستین کە ئاستەنگ بۆ دیموکراسی دروست دەکەن."

سەرۆکی تایوان لای چین " پرسە و سەرەخۆشی خۆی " بۆ قوربانییانی تەقەکردنەکە دەربڕی.

وتی " توندوتیژی سیاسی بە هەر شێوەیەکی بێت جێی قبووڵکردن نیە لە دیموکراسییەکانماندا."

سەرۆکی فیلیپین فێردیناند مارکۆس وتی " خۆشحاڵ بووم بەوەی کە هەواڵمان پێگەیشت کە سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ باشە دوای هەوڵەکەی سەری بۆ کوشتنی."

وتی " پێکەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا کە دیموکراسییان خۆش دەوێت، سەرکۆنەی سەرجەم شێوازەکانی توندوتیژی سیاسیی دەکەین. دەنگی خەڵکەکە دەبێت هەمیشە باڵا بێت."

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو وتی تەقەکردنەکە تووشی شۆکی کردووە. وتی " نزا دەکەین بۆ پارێزراویی و چاکبوونەوەی خێرای."

سەرۆکی میسڕ عەبدل فەتاح ئەلسیسی تەقەکردنەکەی بە " ڕووداوێکی ناپاکیکردن " ناوبرد.

سیسی هیوای خواست " هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا لە ژینگەیەکی ئاشتیانە و تەندروستدا بەردەوام بن، بەبێ تیرۆر و توندوتیژی و ڕق و کینە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG