Accessibility links

سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکی کورد دوای 14 ساڵ دەستبەسەرکردنی جێبەجێ کرا


ڕێکخراو و سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاند کامەران شێخە زیندانی ئایینی کورد، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە،25ی مانگی حەوت دوای 14ساڵ لە دەستبەسەربوونی، لە زیندانی ناوەندی وەرمێ لەسێدارە دراوە.

بە گوێرەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو، کامەران شێخە پێشتر لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ 6 زیندانیی ئایینی کوردی دیکە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە تۆمەتی موحاریبە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو. لە چەند مانگی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی ئەو شەش زیندانییەی دیکە جێبەجێ کرابوو.

ئەم حەوت کەسە لە ساڵی 2009 دەستبەسەر کران و بۆ ماوەی چەند مانگێک لە ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران ڕووبەڕووی قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەوە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لێیان.

ئەو زیندانیانە لە یەکەم دانیشتنی دادگا لە ساڵی 2016 بە تۆمەتەکانی وەک "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی"، "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" و "ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفیەکان" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا و دواتر دوای ئەوەی پارێزەری دۆسیەکەیان ناڕەزایەتی سەبارەت بە سزاکەیان دەربڕی، دۆسیەکەیان ڕەوانەی دادگای باڵا کرا و لە ساڵی 2017 بڕیاری لەسێدارەدانەکەیان هەڵوەشایەوە.

بەڵام دوای ئەوەی دۆسیەی ئەو حەوت زیندانییە جارێکیتر ڕەوانەی دادگایەکی ئینقلابی تاران کرا، هەر حەوتیان لە مانگی سێی ساڵی 2018 جارێکی تر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرایەوە و لە کۆتایشدا سزاکەیان لە ساڵی 2020 لە لایەن دادگای باڵای ئێرانەوە پەسەندکرایەوە.

کامەران شێخە و خەسرۆ بەشارەت و ئەنوەر خزری لە دۆسیەیەکی دیکەی جیادا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ورمێ لە ساڵی 2019 بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست"ی ئەفسەرێکی پۆلیس بە ناوی ئیبراهیم شەکاکی دادگاییکران و ساڵێک دوای ئەوە لە هەمان رێکەوتدا، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارات بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە کوشتندا" سزای 10 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا و کامران شێخەش بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.

شایانی باسە کە ئەو چەند کەسە لە هەموو قوناغەکانی دادگاییکردنیاندا ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردبووە و هەروەها لە تۆمەتی کۆشتنی بە ئەنقەستیش، دادگاە هیچ کاتێک بەڵگەکانی سەبارەت بەو تۆمەتە نەخستبووە ڕوو. ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ پێیان وایە لەسێدارەدانی ئەو چەند کەسە لەسەر داواکاری دەزگای ئاسایش و ئیتلاعاتی ئێران بووە و پەیوەندی بە پرسی قانونی و تاوانەوە نەبووە.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ چەندین جار باسیان لە ئەشکەنجەدانی قورسی ئەو زیندانیانە کردبوو بۆ و وەرگرتنی "دانپێدانانی زۆرەملێ" لێیان.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە مانگی پێنجی ئەمساڵ بە ئاماژەدان بە گواستنەوەی کامەران شێخە بۆ ژووری تاکەکەسی ڕایگەیاند کە مەترسی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە کوردە نزیکە.

پێشتر ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ هۆشدارییان دابوو کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران، ئەگەری جێبەجێکردن و دەرکردنی سزای لەسێدارەدان زیاتر دەبێت.

کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران جەختی لەوە کردبووەوە کە سزای ئەو حەوت کەسە لە دادگایەکی نادادپەروەرانە و ناشەفافەدا بەبێ ئەوەی کەمترین پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تێدا ڕچاو کرابێت، بەڕیوەچووە و بڕیارەکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.

XS
SM
MD
LG