Accessibility links

دادگای دهۆک ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بە 3 ساڵ زیندانی سزا دەدات


دوای دەستگیرکردنی بۆ ماوەی نۆ مانگ لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە، ئەمڕۆ دووشەممە ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بە بڕیاری دادگای دهۆک سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا؛ پارێزەرەکەشی بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت بڕیارەکە لەسەر کە بنەمای هەمان ئەو ماددەیەیە کەگیراوانی بادینانی پێ سزادراوە و تانە لە بڕیارەکە دەدەن.

بەشدار حەسەن پارێزەری ڕاسپێردراو لە دۆسیەی سلێمان ئەحمەد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سلێمان بە پێی ماددەی 1 لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003، کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، ماوەی سێ ساڵ سزا درا. هەمان ئەو ماددەیەی کەگیراوانی بادینانی پێ سزادرا."

وتیشی، "هەرچەندە بەڵگەی پێویست خرایە ڕوو کە سلێمان تاوابار نییە و هیچی لەسەر ساغ نەبۆوە، بەڵام دادگا بڕیارەکەی بەو جۆرە دا؛ سلێمانیش پارێزگاری لە خۆی کرد لە دادگادا و نکۆڵی کرد سیخوڕی بۆ لایەنێکی سیاسی کردبێت، بەڵام سزاکە نەگۆڕا ."

سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەوانی بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز و دانیشتووی هەرێمی کوردستانە. لە ڕۆژی 25ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو ،کاتێک لە ڕۆژئاواوە گەڕایەوە بۆ هەرێمی کوردستان، لە سێمێلکای سەر سنوری نێوان هەردوو هەرێم دەستگیرکرا. پێنج ڕۆژ دوای ئەمە، ئاسایشی دهۆک سلێمان ئەحمەدی بە سیخوڕی بۆ پەکەکە تۆمەتبارکرد.

بەڵام پارێزەرەکەی دەڵێت ئەوان سورن لەسەر ئەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە بێتاوانە و "لەسەر ئەو بنەمایە هەفتەی داهاتوو بڕیارەکە تەمیز دەکەینەوە، پێم وایە سزاکەی کەمبکرێتەوە یان بە تەواوەتی نەمێنێت."

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ گەشتن بە دادگای تاوانی یەکی دهۆک و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی دهۆک بێ ئەنجام بوون.

سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی سلێمانی داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە دەکات.

کاروان ئەنوەر، سەرۆکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ڕابردوودا هاوکار بووین لە بەڕێوەچوونی چەند چالاکیەک بۆ ئازادی سلێمان، ئێستاش کە سزادراوە وەک ڕۆژنامەنووسان داوای تەمیزکردنی بڕیارەکە دەکەین."

بە پێی بەیاننامەی سەنتەری میترۆ کە لە 30 ی مانگی 10 بڵاوکراوەتەوە، سلێمان ئەحمەد لە 1ی دەی 2023، بە مەبەستی بەشداریكردن لە پرسەی باوكی و "بە ڕێكاری یاسایی" سەردانی خانەوادەكەی لە حەلەب كردووە. سەنتەری میترۆ دەڵێت، هەر بەو ڕێكارەش كە لە هەرێمی كوردستان بۆی كراوە، لە 25ی مانگ گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەی خانەوادەكەی پەیوەندییان لەگەڵیدا پچڕاوە و دیارنەماوە.

ئاسایشی دهۆک لە ڕۆژی 30ی مانگی دەی 2023 لەسەر ئەم دۆسیەییە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، لە بەیاننامەکەدا سلێمان تۆمەتبار کرابوو بە ئەندامبوون لە ڕیزەکانی پەکەکە.

لە ڕایگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک لەسەر ئەم دۆسیەیە هاتووە، "هێزەکانی ئاسایش کادیرێکی پەکەکەیان بە ناوی سلێمان ئەحمەد دەستگیرکرد کە نابراو بۆ کاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەکەکە هاتوچۆی کردووە و بۆیە ڕاگیراوە و لە لێکۆڵینەوەکانیشدا دانی بە کارەکانی خۆیداناوە، بۆیە ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. ڕاگرتنەکەی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە نییە."

سەبارەت بە دۆسیەی ئەم ڕۆژنامەنووسە، ڕێکخراوەکانی بواری ئازادی ڕۆژنامەنووسی و پارێزەر لە دۆسیەی ڕۆژنامەنووسان چەندین جار بەیاننامەی نارەزایەتییان بڵاو کردۆتەوە و داوای ئازادکردنیان کردووە.

ڕۆژی 25ی مانگی شەش ڕێکخروی ئەمەریکی لیژنەی پاراستنی ڕۆژنامەنوسان (CPJ) لە بەیاننامەیەکدا داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد سلێمان ئەحمەد "بە بێ مەرج و دەستبەجێ" ئازاد بکات.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:01 0:00
XS
SM
MD
LG