Accessibility links

کۆڵبەرێکی دیکەی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە مەریوان دەکوژرێت


بە پێی ڕاپۆرتەکان درەنگانێکی ڕۆژی چوارشەممە لە شاری مەریوان، کۆڵبەرێکی گەنجی کورد بە ناوی ئەسعەد ئەفرانجە تەمەن 25 ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پاسەوانانی سنور لە مەودای نزیکەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوە لە نزیک گوندی ئاسکۆڵی مەریوان تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا ئەو کۆڵبەرە گەنجە گیانی لەدەستداوە.

ئەفرانجە خەڵکی گوندی سیاناوی سەر بە شاری مەریوانە و باوکی منداڵێکە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان KHRN کەوتوون، تەنها لە ماوەی مانگی حەوتدا چوار کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی ئەیوب محەمەدی، کیان زەینی، ئیحسان نەورووزی و نازم سەفاری لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود لە پارێزگای کرماشان و سەردەشت و مەریوان و بانە، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون, 14 کۆڵبەریش بریندار بوون.

ساڵانە چەندین کۆڵبەری کورد بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان سنورە شاخاوییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەبڕن و زۆرجاریش دەکەونە بەر گولەی هێز چەکدارەکانی ئێران، جگە لەوەش بەشێکیان بەهۆی سەختی ڕێگا و بەفر و سەرماوە گیان لەدەستدەدەن.

XS
SM
MD
LG