Accessibility links

پارێزگاری هەولێر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە کارکردن لەگەڵ پاڵاوگە نایاساییەکان تۆمەتبار دەکات


ئەمرۆ پارێزگاری هەولێر لە ژێر فشاری پیسبوونی ژینگەی شارەکە بڕیاری داخستنی "138 پاڵەوگەی نایاسایی" ڕاگەیاند و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمیشی بەوە تۆمەتبار کرد گرێبەستیان هەیە لەگەڵ ئەو کۆمپانیا نایاساییانە و کەرەستەی نەوتی ڕەشییان بۆ دابین دەکەن.

لە بەرامبەردا بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتیەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەو تۆمەتەی پارێزگاری هەولێر ەبە "ناڕاست" ناودەبات و بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، "ئەو پاڵەوگە نایاساییانەی کە پارێزگار باسی دەکات گرێبەستیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا هەبێت ڕاست نین و گەر کرابێت بە دەر لەیاسا بووە و لە ژوورە تاریکەکان گرێبەستیان بۆ کراوە."

ئومێد خۆشناو، پرێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ، 4ی مانگی هەشتی 2024، لە دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری لەگەڵ بەرپرسانی سنوری ئیدارەی هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا حەوت بڕیاری لە بارەی ژینگەی هەولێرەوە خستەڕوو و ڕایگەیاند، "لە ئەمرۆوە یەکشەممە بڕیاردرا بە داخستنی 138 پاڵەوگەی نایاسایی کە لە سنورەکەدا هەن و هەر خاوەن پاڵەوگەیەک پێیەوە پابەند نەبێت ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و سزای توند دەبێتەوە...ئەو پاڵەوگە یاساییانەشی کە لەکاردان مۆڵەتی 10 ڕۆژیان پێدەدرێت بۆ جێبەجێکردنی مەرجە ژینگەییەکان و نەهێشتنی کەموکوڕییەکانیان، هەروەها کارگە جۆراوجۆرەکان بە تایبەت کارگەی قیڕ پێویستە دەستبەجێی گرفتە ژینگەیەکانیان چارەسەر بکەن و مۆڵەتی تەنها یەک هەفتەش دەدرێت بە مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ نەهێشتنی دوکەڵ و کەتمکردنی مۆلیدەکانیان بە پێچەوانەوە ڕێکاریان دژ دەگیرێتە بەر."

وتیشی، "لە ڕۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارەوە کار بەو گرێبەستانە ناکرێت کە لەنێوان پاڵەوگە نایاساییەکان و وەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا کراوە و داوا دەکەین وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کەرەستەکانی نەوتی ڕەشیان پێ نەدەن و هیچ کەس و کۆمپانیایەک لای ئێمە گرنگ نییە، بەڵکو هاووڵاتیانی شاری هەولێر لای ئێمە و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنتگرن."

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم، 3 هەزار و 919 کارگەی مامناوەند و بچووک لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە، لەو ژمارەیەش 2 هەزار و 320 کارگەیان لە کاردان.

زۆرینەی ئەو کارگانەی لە کاردان دەکەونە سنوری پارێزگای هەولێر و بریتین لە هەزار و 200 کارگە، ئەمە جگە لەو کارگە و پاڵاوگانەی کە بە نایاسایی لە سنورەکە کاردەکەن و پیسکەری ژینگەن.

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە بارەی بوونی گرێبەست لە نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پاڵەوگە نایاساییەکان بە دەنگی ئەمەریکای وت،" لە ڕاستیدا ئەوەی پارێزگار باسی دەکات، کە پاڵەوگەی نایاسایی گرێبەستی هەبێت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ڕاست نیە، ئێمە کاتێک لە پەرلەمان بووین بەدواداچوونمان کردووە بۆ پاڵەوگەکان و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان وتیان بە هیچ شێوەیەک هیچ گرێبەستێکمان لەگەڵ پاڵەوگەکان نیە، جگە لە پاڵەوگەکانی لاناس و کار و قەیوان کە فەرمین و پابەندن بە مەرج و ڕێنمایەکانی وەزارەتی سامانە روشتیەکان."

وتیشی، "ئێمە بەنوسراو تەواوی لایەنەکانمان لە بوونی ئەو پاڵەوگە نایاساییانە ئاگادارکردبووەوە، بەڵام هیچ ئیجرائاتێک نەکرا، چونکە پاڵاوگەکان هی خەڵکانی دەستڕۆشتوون، قازانجێکی زۆریان لەم پاڵەوگانە دەکرد. هەندێکیان نەوتی قاچاخ و نەوتی بازاڕی ڕەشیان بەکاردەهێنا، نەوەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆیان دابین بکات."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.


ژینگەی هەولێر بە بەردەوام قسەی و باسی زۆری لە بارەوە دەکرێت و بە بڕوای چاودێرانی ژینگەیی و پزیشکان یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکیەکانی تووشبونی مرۆڤ بە نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان، دیارتریشنیان نەخۆشی شێرپەنجە، بۆ پیسبوونی هەوا و ژینگە دەگەڕێتەوە.

بڕیاردەری لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکرد، "سەرەتاپای ئەم پاڵەوگانە لە ڕووی یاسایەوە نایاساین و هیچ ڕێگەپێدانێکیان نیە؛ وەهیچ ڕێگە پێدانێک نەبێت لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە ناتوانرێت گرێبەستیان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام ئێستا دەستیان بۆ بردراوە و نازانرێت بۆ."

بە پێی مادەی 42 لە یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2008، هەر پرۆژەیەک ئەگەر پیسکەری ژینگە بوو، دوای سەردانکردن و ئاگادارکردنەوەی لەلایەن دەستەی ژینگەی هەرێمەوە، سزا دەدرێت بە بڕێک پارەکە تا دەگاتە داخستنی.

ئاسۆ شکاک، سەرۆکی ئاڤیاریی هۆشیاری ژینگە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "داخستنی 138 پاڵەوگەی نایاسایی، واتا داخستنی سەدان هەزار دەنکۆڵەی گازی ژەهراوی جۆراو جۆر کە چەندین کاتژمێر لە ئاسمانی شارەکاندا بڵاو دەبوونەوە....بۆ لەمەولا ژینگەی شار پاک دەبێتەوە گەر بڕیارەکە جێبەجێبکرێت."

وتیشی، "جێبەجێکردنی داخستنی ئەو پاڵەوگە نایاسایانەی کە پارێزگار باسی دەکات کارێکی ئاسانە، چونکە خۆی بڕیاربەدەستە و کەسی یەکەمی شارە و دەتوانێت جێبەجێ بکات."

بە گوتەی پسپۆرانی تەندروستی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی تووشبوونی مرۆڤ بە جۆرەکانی شێرپەنجە پیسبوونی ژینگەیە.

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2023 ڕێژەی توشبوانی شێرپەنجە گەشتوووەتە 9 هەزار و 911 کەس و لەو ژمارەیەش 4 هەزار و 304 کەسیان لە هەولێرن.

پزیشکانیش دەڵێن جگە لە دوکەڵی کارگەکان، مۆلیدەی گەڕەکەکان "بۆمبێکی دیکەن" و هۆکارێکن بۆ پیسبوونی ژینگە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:27 0:00

XS
SM
MD
LG