Accessibility links

ئەمەریکا گرووپەکانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەکات بە هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق


ئەمەریکا گرووپەکانی سەر بە ئێران تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق کە بووە هۆی برینداربوونی حەوت کەس.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئوسترالیا لە ئاناپۆلیس لە ویلایەتی ماریلاند بە پەیامنێرانی گوت " ئێمە دڵنیاین کە ئەوە گرووپێکی چەکداری شیعە بووە کە ئێران پاڵپشتی دەکات."

ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن لەسەر ئەوەی کام گروپە هێرشەکەی ئەنجامداوە.

پێشتریش بەرپرسانی ئەمەریکایی ڕایانگەیاندبوو کە لە هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممەدا دوو مووشەک بەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد کەوتوون و پێنج کارمەندی سەربازی و دوو بەڵێندەر برینداربوون.

هەرچەندە دوو کەس بەهۆی سەختی برینەکانیان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەرپرسان دەڵێن بارودۆخی هەر حەوت کەسەکە جێگیرە.

پێشتریش ڕۆژی سێشەممە، سوپای عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو، ئەو بارهەڵگر و موشەکهاوێژەیان لە شارۆچکەیەکی نزیک حەدیثە دۆزیوەتەوە کە لە هێرشەکەدا بەکارهێنراون.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ ئۆستن قسەی کرد و داوای لە هەموو لایەنەکانی ناوچەکە کرد هەوڵی ئارامی بدەن.

بلینکن بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند "ئەوە ڕوونە کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانە کە خۆمان لە گرژی و تەشەنەسەندنی شەڕ بەدوور بگرین."

بلینکن دەشڵێت "پێم وایە لە ڕاستیدا هیچ کەسێک نایەوێت توندوتیژی هەبێت و شەڕەکە تەشەنە بکات." بەڵام زۆر گرنگە کە هیچ کەسێک هەنگاوێک نەنێت کە ببێتە هۆی ئەم کارە، تەنانەت ئەگەر بە مەبەستیش نەبێت."

سوپای عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی سێشەممە هێرشە موشەکییەکەی سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد بە نابەرپرسیارانە ناوبرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە هەموو ئەو کار و کردەوە بێباکانە ڕەت دەکەینەوە کە بنکەکانی عێراق و نێردە دیپلۆماسییەکان و شوێنی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەنە ئامانج، و هەموو ئەو کارانەشی کە دەبنە هۆی گرژی لە ناوچەکەدا."

ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق هەیە ئەم هێزانەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەییدان بۆ لەناوبردنی تۆڕە تێرۆرکارییەکەی داعش، ئەرکەکەشیان مەشق و ڕاهێنانپێکردنی هێزە ئاسایشییەکانی عێراقە نەک شەڕکردن.

بەڵام عێراق شوێنی ژمارەیەکی زۆر لە میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیشە کە بەشێکیان ڕاوێژیان لەگەڵ تاران کردووە سەبارەت بە تۆڵەسەندنەوەی پلان بۆ داڕێژراو لە ئیسرائیل.

XS
SM
MD
LG