Accessibility links

یەکێتی: بە سەرکردایەتی پارتی هەوڵی نانەوەی ئاژاوە لە کەرکوک دەدرێت


بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، بە سەرکردایەتی پارتی هەوڵی نانەوەی ئاژاوە و دروستکردنی پشێوی لە شاری کەرکوک دەدرێت. هاوکات بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت ئەوەی ڕوویدا لە کەرکوک بەبێ کێشە تێناپەڕێت.

شەوی 10 ی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی سونە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە بێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.

لە کۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، 9 ئەندامی ئەنجومەنەکە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی ئوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا کرد و نیسابی یاساییان تەواو کرد. ڕێبوار تەها لە فراکسیۆنی یەکێتی بە پارێزگارو ئیبراهیم تەمیمی بە جێگری پارێزگار، هەروەها محەمەد ئیبراهیم حافز بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.

شێرزاد سەمەد، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بە سەرکردایەتی پارتی هەوڵی نانەوەی ئاژاوە لە کەرکوک دەدرێت، پارتی بووە بە زمانحاڵی ئەو عەرەب و تورکمانانەی چەندین ساڵە دژایەتی کورد دەکەن."

سەبارەت بەوەی تاچەند پارێزگاری نوێی کەرکوک کە لە پشکی حزبەکەیەتی توانای بەهێزکردنی پێگەی کوردی لەو پارێزگایە هەیە، شێرزاد سەمەد دەڵێت،"لە خاڵی سفرەوە چەند پۆینتێک سەرکەوتووین، ڕێژەی سەرکەوتنی کورد گرێدراوە بە دەستوەردانی ئیقلیمی و پیلانگێڕی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ هەیە بۆ لێکتێگەیشتن لە نێوان کوتلە و پێکهاتەکان."

هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی ڕاکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ئوتێل رەشیدی بەغدا بە نایاسایی ناودەبەن و جەخت ئەوەدەکەنەوە لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 11 ی مانگی هەشتی 2024، هێزە ئەمنییەکان بۆ ڕێگریکردن لە گردبوونەوەو خۆپیشاندان لە نێو شاری کەرکوک بڵاوەیان پێکرا، بەتایبەت بەهۆی بانگەشەکردن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەلایەن لایەنگرانی راکان جبورییەوە.

کامەران کەرکوکی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەوەی ڕوویدا بێ کێشە تێپەڕ ناکات، چونکە تورکیا ڕۆڵی لە کەرکوک هەیە و دەستەوەستان نابێت. 150 پۆست لە کەرکوک هەیە و نابێت بە هەڕەمەکی و سیاسەتی ئەمری واقیع دابەش بکرێن."

دەشڵێت،"دەبێت جارێکی تر ڕێککەوتن بکرێت، بەڵام یەکێتی دەیەوێت بە تەنازول و پێدانی پۆست تورکمان بێدەنگ بکات."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، هاوپەیمانی عەرەبی 3 کورسی، کوتلەی تەقەدوم 2 کورسی، کوتلەی عەزم 1 کورسی، بەرەی تورکمانی 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.

هەریەک لە کوتلەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، کوتلەی تەقەدوم و عەزم کە خاوەنی 3 کورسین لەگەڵ کوتلەی بابلیۆن کە کورسییەکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی هەیە، توانییان 9 کورسی کۆبکەنەوەو نیسابی یاسایی تەواو بکەن و حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن.

بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، هاوپەیمانی عەرەبی 3 کورسی و بەرەی تورکمانی کە 2 کورسی هەیە، بایکۆتی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان کرد.

سەوسەن جەدوع، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەو دانیشتنەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ئوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا پێشێلکردنی یاسا بوو، چونکە پێکهاتەی تورکمان بەشدار نەبوون تێیداو دانیشتنەکەش لە ڕۆژی شەممەو لە کاتی پشوودا ئەنجامدراوە، ئەمە جگە لەوەی کۆبوونەوەکە براوەتە دەرەوەی پارێزگای کەرکوک."

سەرباری بایکۆتکردنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە ئوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە، بەڵام غەریب عەسکەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری تورکمانە شیعەکانی کەرکوک ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.

سەوسەن جەدوع دەڵێت،"وەکو پێکهاتەی تورکمان کەسمان ڕانەسپاردووە بۆ ڕێککەوتن و دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک، ئێمە ڕێوشوێنی یاسایی دەگرینە بەرو کێشەی کەرکوک تەنها بە تەوافق چارەسەر دەبێت."

پێشتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە ململانێیەکی تونددا بوون بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، بەڵام ناکۆکی نێوان خەمیس خەنجەر و محەمەد حەلبوسی وایکرد هاوکێشەکە بەلای بەرژەوەندی یەکێتیدا یەکلایی ببێتەوە، بەتایبەت سێ کورسییەکەی حەلبوسی چوونە پاڵ یەکێتی و سێ کورسییەکەی خەنجەر لەگەڵ پارتیدا مانەوە.

نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی شیعە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێشتر خەمیس خەنجەرو محەمەد حەلبوسی سەردانی تورکیایان کردو سەرۆک کۆماریان بینی، دواتر دوو بەرپرسی تورکمانیش چوونە ئەو وڵاتە، ڕێککەوتنەکە وابوو عەرەب و تورکمان پێکەوە بن و عەرەب سەرپەرشتی دانوستان بکات."

هەروەها وتیشی،" گەر فەرمان نەبووایەو تورکمان بەتەنها دانوستانی لەگەڵ کورد بکردایە، کورد پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای بە تورکمان دەدا."

سەرباری بایکۆتکردنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە، بەڵام پۆستی جێگری پارێزگارو جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاو چەندین پۆستی تر بۆ تورکمان دانراون.

نەجات حسێن دەشڵێت،"هیچ گرفتێک ڕوونادات و ئەم ڕێککەوتنەی ئەنجام درا سەردەگرێت، پۆستەکان بۆ تورکمان دانراوەو پۆستیش بەو سێ ئەندامە عەرەبەی ئەنجومەن دەدرێت کە لە دەرەوەی ڕێککەوتنەکە بوون. ڕێککەوتنەکە بە ئاگاداری سەرۆک کۆمارو سەرۆکوەزیران و دادگای فیدراڵی ئەنجامدراوەو ڕێککەوتن نەکرایە دەبووایە هەڵبژاردن لەکەرکوک ئەنجام بدرایەتەوە، کەس لەگەڵ ئەمەدا نەبوو."

XS
SM
MD
LG