کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی عەلی ڕەسووڵی تەمەن 32 ساڵ و خەڵکی گوندی کووران سەر بە شاری مهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆیی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا.
ڕێکخراو تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە " گەنجەکە لە کاتی کۆڵبەریدا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە ناوچەی سنووری دۆپازەی سەردەشت لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران تەقەی لێکرا و گیانی لەدەستداوە.
عەلی ڕەسووڵی خێزاندارە و باوکی منداڵێکە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە گەنجە بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران تەقەی لێ کراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی ئیحسان نەورووزی تەمەن 25ساڵ و نازم سەفەری تەمەن 24 ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنوری مەریوان و نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژران.
ساڵانە چەندین کۆڵبەری کورد بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان سنورە شاخاوییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەبڕن و زۆرجاریش دەکەونە بەر گولەی هێز چەکدارەکانی ئێران، جگە لەوەش بەشێکیان بەهۆی سەختی ڕێگا و بەفر و سەرماوە گیان لەدەستدەدەن.