Accessibility links

ڕووداوەکەی قەرەداغ و مەترسی داعش لە هەرێمی کوردستان


تەرەداغ، کوردستان
تەرەداغ، کوردستان

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر هەواڵ بڵاوکرایەوە،"داعش لە ناوچەی قەرەداغی سلێمانی 2 کارمەندی ئاسایشی کوشتووە."، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەنگۆیەکی زۆر هەیە کە دەڵێن ڕووداوەکە پەیوەندی بە داعشەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە هەوڵی بردنی پارچەی ئاسەواریی مێژووییە لەو ناوچەیە.

دەپرسین:

بۆچی هەتا ئێستا دەزگای ئاسایش ڕاگەیاندنێکی یەکلاییکرەوەی بڵاونەکردووەتەوە؟

ئەگەر ئەو ڕووداوە داعشی لە پشتەوە بێت، مەترسییەکانی لەسەر هەرێم چی دەبن؟

ئایە داعش دەتوانێت لە چیا و دۆڵەکانی هەرێمی کوردستان بنکە و حەشارگە بۆخۆی دابمەزرێنێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

عەقید سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم.

لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری شەشی گوێری هێزەکانی پێشمەرگە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:54:30 0:00

عەقید سەلام عەبدولخالق:

ئەو ڕووداوە ڕووداوێکی نەخوازراو بووە لە سنوری چیاکانی قۆپی قەرەداغ ڕوویداوەکە ناوچەیەکی شوێنەواری سەختە، لە ماوەی دوو ساڵ لەمەوپێش ڕووداوێکی هەوڵدان بۆ شێواندنی ئەو ناوچە شوێنەوارییە کراوە و بکەرانیشی دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.

سەرەتای ڕووداوەکە گومان لەوە هەبووە کە گروپێکی چەکداربن و هەوڵیاندابێت ئەو شوێنەوارانە دەربهێنن بەڵام هەرلەدوای گەیشتنی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایش و هێزە ئەمنیەکانی تر پشکنین و بەدواداچوونی وورد کرا و کۆمەڵێک زانیاری کۆکرایەوە دەرخەری ئەو ڕاستیەبوون کە کردەوەیەکی تیرۆریستی بووە و گروپەکە سەر بە داعش بوون لەبەرئەوەی بەڵگەی تەواو بەردەسته،‌ بەڵام لەبەر ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان ئێمە ئێستا ئەو بەڵگانە ئاشکرا ناکەین

لەبەرئەوەی ناوچەیەکی شوێنەواری سەختە و دوورە لە هۆکارەکانی ئاوەدانی بۆیە ماوەیەکی پێچووە هەتا تیمەکانی بەڵگەی تاوان چونە شوێنی مەبەست و هەتاوەکو بەتەواوەتی هاوڵاتیان و ڕاگەیاندەکان لە ڕاستی و دروستی ئەو ڕووداوانە بزانن

لەسەرەتادا هەندێک بابەت باس دەکرێن نزیکی ئەو ڕووداوە دەکات کەپێی دەوترێت ڕاگەیاندنی سەرەتایی، بەڵام پاش لێکۆڵینەوەی تەواو ئەو شوێنەی کە ڕووداوەکەی تێدا ڕوویداوە کردەوەیەکی تیرۆریستی بووە بەداخەوە دووان لە کارمەندانی ئاسایش شەهیدبوون.

هەر لەو ناوچەیە تونێلێکی چەند مەتری ئاشکرا کراوە کە بە حەشارگەی ئەو چەکدارانە دانراوە بۆ مانەوە و حەشاردانیان بووە

داعش هەمیشە شانەی نوستووی هەیە لەبەرئەوەی ناتوانن لەناو شارەکاندا کردەوەی تیرۆریستی بکەن هەربۆیە بە چەند مەفرەزەیەک و جاری وا هەیە بە تاک ئەو شوێنانە هەڵدەبژێرن کە دوورە دەستن و ئاوەدانی تێدا نییە هەڵدێن بۆ ئەو ناوچانە

بەردەوامی داعش بۆ دروستکردنی مەفرەزە و بەکارهێنانی چەک و تەقەمەنی هەتا ڕادەیەکی باش لەناو شارەکاندا شکستی پێهێنراوە و ڕێگر بووین و بەرەنگاری دەبینەوە

لەلایەکی ترەوە بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی جیهادی لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە نزیکەی ساڵ زیاترە کە ئەم بابەتە زیادی کردووە و تەشەنەی کردووە بۆ ئەم مەبەستە دەزگای ئاسایش بەردەوام لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی شانە تیرۆریستەکانی داعشە بەر لەئەنجامدانی خۆڕێکخستنەوەیان

تیمەکانمان بەهاوکاری لەگەڵ پێشمەرگە توانیومانە هەتا ڕادەیەکی زۆر باش شارەکان بپارێزین لەڕووی سەربازیی و لەڕووی کاری ئەمنی و لەڕووی تەکنیکیەوە

لەڕووی سەربازییەوە لەڕێگەی ئۆپراسیۆنەکانەوە دەستمانکردووە بە کێوماڵ کردن و خاپورکردن و لەناوبردنی مۆڵگەکانی داعش لە ناوچە شاخاوییەکان و دوورە دەستەکان

لەڕووی کاری ئەمنیەوە کۆکردنەوە و پێش گیری کردن بووە لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراوی داعش کە بیانەوێت بیکەن بەبوونی زانیاری پێشوەختە ڕێگری دەکرێت

لەڕووی تەکنیکی و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی دەبێت، وەکو دەبینرێت داعش لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە بیری توندڕەوی بڵاودەکاتەوە، سەرەتا کەسە وەریدەگرێت و پاشان بڵاوی دەکاتەوە و ئینجا دەچێتە ناو ڕیزەکانی داعش

لەماوەی ڕابردوودا چەندین کەس دەستگیر کراون لەمساڵدا نزیکەی 334 تۆمەتبار بەماددەی تیرۆر دەستگیر کراون کە هەندێکیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، بەشێکی زۆر لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە خەڵک هاندەدەن و پەیجیان هەیە کە پەیجی بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوییە

تەنانەت داعش هەوڵی ڕێکخستنەوەی بووە لەناو زیندانەکاندا لەماوەکانی ڕابردوودا نزیکەی 54 کەسیان لەناو گرتوخانەکاندا بیری توندڕەویان بڵاوکردۆتەوە وایانزانیوە چاودێریان لەسەر نییە

هەر تۆمەتبارێک کە سزاکەی تەواو دەکات لەنێو گرتوخانەکاندا پاش ئەوەی کە ئازاد دەکرێت و ماوەی حوکمی تەواو دەکات جارێکی تر لەلایەن داعشەوە بەکاردەهێنرێت و پەیوەندی بۆ دروست دەکەنەوە بۆئەوەی خۆی ڕێکبخاتەوە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی داعش

زیندانەکان لەلایەن ئێمەوە چاودێری دەکرێن ئەگەر تۆمەتبارێک گومانی لەسەربێت بەوردی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت هەتا ئەو تۆڕانە دەستگیر بکرێن کە نزیکن لەو ئەندامانەی لە گرتوخانە بن یاخود لەدەرەوە بیانەوەێت خۆیان ڕێکبخەنەوە

وەکو زانیاری نزیکی سێ بۆ چوار گروپی چەکدار بوون لە قۆپی قەرەداغ کە هەتا ئێستا دەستگیر نەکراون، کێوماڵەکان بەردەوامە، ئەو حەشارگەیە تەقێنرایەوە و خاپور کراوە

هەموو کاتێک داعش مەترسیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەگەر لە ئاستێکدا بن بیانەوێت خۆیان ڕێکبخەنەوە بەڵام لە ئێستادا نە زەوی بەدەستەوەیە نە چەکی پێیە هەتا بتوانێت ڕووبەڕوو بێتەوە بەو شێوازە

زۆربەی ئەو شانە نوستوانەی داعش لەدەرەوەی شارەکان نیشتەجێ دەبن بۆئەوەی چاودێری هێزە ئەمنیەکانیان لەسەر کەم بکرێتەوە بەڵام چەندین ئەندامان لەو گروپانە دەستگیر کردووە

ئێمە وەکو ئاسایش لەسەر بنەمای یاسای تیرۆر و جێبەجێکردنی یاساکە کاردەکەین، ئەو کەسانە دەستگیر دەکەین بەفەرمانی دادوەر وەکو ڕاگیراو دەمێنێتەوە پاشان کە سزاکەی وەرگرت لای ئێمە نامێنێت بەڵام بەدڵنیاییەوە هەندێک لە ڕاگیراوەکان ئامۆژگاری دەکەین و هەندێکجار کەسێکی بۆ ڕێکدەخەین بۆئەوەی دوور بکەونەوە لەبیری توندڕەوی و هەڵەکانیان چییە و مەترسیەکانیان بۆ ڕوون بکەینەوە، لەوانە هەیانە زۆر پەشیمانە کە دوور کەوتونەتەوە لە خێزان و ماڵ و کاسپیان، ئەوانە پاش ئەوەی سزاکەشیان تەواو کردووە هەندێکجار لەژێر چاودێریدا دەمێننەوە

لیوا بەختیار:

بەدڵنیاییەوە داعش (فکر-بیرە) ئینجا ڕێکخستن و هێزی چەکداری هەیە دیارە داعش شانەی چەکداری هەیە لە عێراق و لە سوریا کە جوڵەی ئازاد دەکەن چونکە گەڕۆکن دەتوانن دزە بکەنە ناو هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی هەموو عێراق بۆیە ناتوانرێت دەرگاکەی لێ دابخرێت

جاری واهەیە ئەو داعشانە بە ناوێکی ساختە دەتوانن بەسەر شەقامە سەرەکیەکاندا هاتووچۆ بکەن بۆیە دەتوانین بڵێن داعش وەکو بیر و مەفرەزەی بچوک هەر ماوە

لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق
لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق

داعش لەڕووی لۆجستی و لەڕووی کردەوە لاواز بووە بەڵام مەترسیەکەی هەرماوە دەیانەوێت لە حەشارگە و شوێنە دوورە دەستەکانی هێزی فیدڕاڵ و هێزی پێشمەرگە بن بۆیە لەوانەیە ئەم هەوڵی دوایەی قەرەداغ بۆ ئەوە بووبێت لەشوێنێکی سەختی قەرەداغ پێگە بۆخۆیان دروست بکەن

دیارە دەیانەوێت ئەو بۆشاییە ئەمنیە بقۆزنەوە کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە فیدڕاڵیەکاندا هەیە لەهەمانکاتیشدا ئەگەر دەستیان بگاتە شوێنە سەخت و دوورە دەستەکان لە هەرێمی کوردستان جێ پێی خۆیان قایم بکەن ئەگەرچی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەبار نییە بۆ گەشەکردنی داعش ئەمەش مانای ئەوە نییە کە هاوکاریان نییە و بیری داعش نییە

لەوانەیە هەندێک لەو کەسانە تازە پەیوەندیان کردبێت بەداعشەوە و هەندێک شانە هەبووە تازە دروست بوون جاری واهەیە کەسێک ناوی لە لیستی تیرۆردا نییە بۆیە داعش هێزێکی چەکدار نییە و بارەگای هەبێت هەندێکجار داعش کەسانێکی شاراوەن کە ئاسان نییە بدۆزرێنەوە

داعش زیاتر لە شەست ڕەگەزی دەوڵەتانی جیاوازی تێدایە بەدڵنیاییەوە ڕەگەزی ناوخۆیی زیاترە بەڵام خەڵکی بیانیشیان تێدایە

سیروان بارزانی:

ئێمە تەکتیک و بیری داعش دەزانین هەموو جۆرە تەکتیکێک بەکار دەهێنن، هەتا ئێستا داتا بەیسێک نییە کە ناوی تیرۆریستانی داعشی تێدا بێت چونکە داعش پەرەدەسێنێت و خەڵکی تر پەیوەندی دەکات

لە (کەمپی هۆڵ) خەڵکانێکی مناڵ هەبوون لەوانە دە ساڵە لەوێیە و ئامادەیە بۆ خۆکوشتن هەر لەسەر ئەو بەرنامەیەی باوکیان ڕۆیشتوون واتە بیری تیرۆریستیان هەیە

لەناو عێراقیشدا ئەو شانە نوستووانە هەر ماون، داعش زەوی بەدەستەوە نەماوە، بەڵام بیری داعش هەرماوە، خەڵکێکی زۆر هەبووە لایەنگری داعش بووە و ئێستا ڕیشی تاشیوە و چاوەڕێی دەرفەتێک دەکات کە کارێکی تیرۆریستی بکات بۆیە داعش مەترسی هەرماوە بەشێوازی مەفرەزەی بچووک وپارتیزانی، ئەوەی دەبینرێت مەفرەزەکانیان لەنێوان سێ بۆ پێنج کەسن بۆیە ئاسانە دەربازبوونیان.

ئەو خەڵکەی لەناو عێراقەوە دێت جاری واهەیە بەناوی بازرگانیەوە دێت بەناوی گەشتیارییەوە دێت ناتوانرێت بزانرێت چی لەناخیدا هەیە و ناتوانرێت کۆنتڕۆڵی ئەو هەموو خەڵکە بکرێت.

ئێمە وەکو هێزی پێشمەرگە خەتی بەرگریمان هەیه،‌ بەڵام لە دیوی عێراق ئەوان وەکو بەرەیەکی شەڕ نییە و بەشێوازی سەربازی بنکەیان داناوە، هەموو ئەو گوندانە چۆڵن واتە بە شەو کراوەیە تەنانەت ئەو بۆشاییەی کە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و لەشکری عێراقدایە خۆی لەخۆیدا شوێنێکی ئارامە بۆ تیرۆریستانی داعش تەنانەت ئەمڕۆ داعش بینراوە لەسەر (زێی گەورە) لەنێوان هێزی ئێمە و لەشکری عێاقی کە دووربینی سوپای عێراقی بینیویەتی و ئێمەیان ئاگادار کردۆتەوە.

دوو لیوای هاوبەش دروستکراون و ڕێکارەکانیان تەواو بووە تەنانەت شوێنەکانیان دیاریکراوە و بەم زووانە دەستبەکار دەبن ئەو کاتە ئەو بۆشاییەی نێوان هێڵەکانی هێزی پێشمەرگە و لەشکری عێراق چارەسەر دەکرێت چونکە ئەو هێزەی کە دێت دەستمان کراوە دەبێت بۆ هەردوولامان هێزێکی هاوبەشە دەتوانین بڵێن 95% ی کێشەی ئەو بۆشاییە چارەسەر دەکات.

ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە هەیە لەنێوان هێڵەکانی هێزی پێشمەرگە و لەشکری عێراق کێشەیەکی سیاسی یە و سەربازیی نییە.

ئەو بۆشاییە ئەمنییەی کە هەیە ئەو ناوچانەیە کە لەسەر ماددەی 140 ناوچەی ناکۆکیە و زیاترە لە پانزە ساڵە چارەسەر نەکراوە ئەگەرنا ئێمە ئامادەین هێڵەکانی خۆمان ببەینەوە ئەو شوێنانەی کە پێش ساڵی 2017 لەوێ بووین.

XS
SM
MD
LG