Accessibility links

پەنتاگۆن: بەهۆی هێرشی چەکدارانی سەر بە ئێران 8 سەربازی ئەمەریکایی لە سوریا برینداربوون


پات ڕایدەر وتەبێژی پنتاگۆن ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن چەکدارانی سەر بە ئێرانەوە، هەشت سەربازی ئەمەریکایی لە سوریا برینداربوون.

پنتاگۆن بۆ یەکەمجار چەکدارانی سەر بە ئێرانی بە هۆکاری هێرشەکەی ڕۆژی هەینی داناوە.

ڕایدەر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکا گوتی "بەپێی زانیارییەکانیان، هێرشەکە لەلایەن چەکدارانی سەر بە ئێرانەوە ئەنجامدراوە " گوتیشی "بەردەوامین لە لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکان."

ڕایدەر ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەری بەشێک لە سەربازەکان بەردەوامە و 3 لە سەربازە بریندارەکان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.

پێشتر سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکایی و هاپەیمانان لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان شەوی هەینی لە ناوچەی ڕیمێلان بریندار بوون، بەڵام هیچ کام لە بریندارەکان مەترسی لەسەر ژیانیان نەبووە.

ئەمەریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سوریا و 2500 سەربازیشی لە عێراق هەیە و ڕاوێژ و هاوکاری هێزە ناوخۆییەکان دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

بەم هێرشەی ڕۆژی هەینی دووهەم جارە سەربازانی ئەمەریکایی لەم مانگەدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێرشیان بکرێتە سەر و بریندار بن. لە 5 ی مانگی هەشتدا پێنج سەربازی ئەمەریکایی لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عێراق بریندار بوون کە سەبرینا سینگ جێگری وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند، سیان لەوانە ڕەوانەی بنکەی تەندروستی ناوچەیی لێنستل لە ئەڵمانیا کران بۆ چارەسەری زیاتر.

مایکل سینگ، بەڕێوەبەری کارگێڕی و هاوکارێکی باڵای لەین سویگ لە ئینستیتیوتی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، پێویستە ئەمەریکا هەڵوێستێکی چالاکتر بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە " وێرانکاری و توندوتیژی" زیاتر لەلایەن ئێران و چەکدارانی سەر بە ئێران لە هەرێمەکە.

ناوبراو وتیشی " ئەوەی کە ئەمەریکا بەڕاستی پێویستە بیکات ئەوەیە کە لە شێوازێکی سادەی کاردانەوە دەربچێت و بەڕاستی هەوڵ بدات نەک تەنها زیان بە ئێران بگەیەنێت، بەڵکو بەکرێگیراوەکانی ئێرانیش بۆ ئەو کردارانەی کە دەیکەن."

میلیشیاکانی سەر بە ئێران، لە دوای دەستپێکردنی هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە، لە کاردانەوە بە هێرشە تیرۆریستییە کوشندەکانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر، دەیان هێرشیان دژی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستپێکردووە.

چەکدارانی سەر بە ئێران لە دوای پەرەسەندنی شەڕی غەززە، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی مانگی 10 دەستیپێکرد، دەیان جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

ڕاپۆرتی کارڵا باب

XS
SM
MD
LG