Accessibility links

بلینکن ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێدەهێڵێت و دەڵێت دەبێت ڕێککەوتن بۆ ئاگربەست بەم زووانە ئەنجام بدرێت


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا شەوی سێشەممە کۆتایی هێنا بە نۆهەمین سەردانی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل و حەماس بەم زووانە بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئاگربەست.

پێش ئەوەی دۆحەی قەتەر بەجێبهێڵێت، گوتی "کاتەکە زۆر گرنگە ، چونکە لەگەڵ تێپەڕبوونی هەموو ڕۆژێکدا تەندروستی و ژیانی بارمتەکان زیاتر دەکەوێتە مەترسییەوە".

ئاماژەی بە گرنگی کاتەکە کرد و گوتی " چونکە هەموو ڕۆژێک ژنان، منداڵان، پیاوان لە غەززە ئازار دەچێژن بەبێ ئەوەی دەستیان بە خۆراک و دەرمانی پێویست بگات و مەترسی برینداربوون یان مردنیان لەسەرە لەو شەڕانەدا کە ئەوان دەستیان پێنەکردووە و ناتوانن ڕایبگرن. گوتی کاتەکە هەستیارە چونکە لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ڕۆژێکدا مەترسی پەرەسەندن لە ناوچەکەدا زیاتر دەبێت."

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا گەشتێکی بۆ ئیسرائیل کرد و لەوێ وتی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ پێشنیارێکی پەسەند کردووە کە لەلایەن دانوستانکارانی ئەمەریکا و قەتەر و میسرەوە خراوەتەڕوو، بلینکن لەگەڵ بەرپرسانی قاهیرە و دۆحە کۆبووەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئێمە هەموو ڕۆژێک لەگەڵ ئیسرائیل هەوڵ دەدەین، هاوبەشە قەتەری و میسرییەکانیشمان لەگەڵ حەماس هەوڵ دەدەن، و لە ڕۆژانی داهاتوودا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی، یەکەم، قایلکەین بە پێشنیازەکە و دڵنیابن لەوەی هەردوو لایەن کار لەسەر وردەکارییە پێویستەکانی جێبەجێکردن دەکەن."

لەگەڵ ئەوەشدا حەماس و ئیسرائیلیش ئاماژەیان بەوەداوە کە هەموو خاڵەکانی ئەو پێشنیازەیان بە دڵ نییە کە لەلایەن ئەمەریکداوە پشتگیری دەکرێت و وا دیارە ڕێککەوتن لەسەری سەختبێت.

لە بەیاننامەیەکی نوێدا، حەماس ڕایگەیاندووە، دوایین پێشنیازی "پێچەوانەکردنە" لەوەی پێشتر لەسەری ڕێککەوتبوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای تۆمەتبارکرد بەوەی کە ڕازی بووە بەو شتەی کە ناوی لێنابوو "مەرجی نوێ" لەلایەن ئیسرائیلەوە.

هاوکات نەتانیاهۆ بە کەسوکاری بارمتەکانی غەززەی ڕاگەیاندووە، ئامانجێکی سەرەکی بریتییە لە "پاراستنی سەروەت و سامانە ئاسایشییە ستراتیژییەکانمان لە بەرامبەر فشارە گەورەکانی ناوخۆ و دەرەوە".

ئەو ئاماژەی بە "گرتنەوەی" ناوچەیەکی تەسک و سەخت کرد بەدرێژایی سنووری غەززە و میسر کرد کە ئیسرائیل بە ڕێڕەوی فیلادلفی ناوی دەبات. نە حەماس و نە میسر نایانەوێت ئیسرائیل لەوێ هەبێت.

دواتر بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی "بەیاننامە ماکسیمالیستییەکانی نەتانیاهۆ وەک ئەمانە بنیاتنەر نین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە هێڵی کۆتاییدا".

بلینکن یەکەمجار لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر لە هاوینەهەواری خۆی لە ئەلعەلامین کۆبووەوە. دواتر لە بەیاننامەیەکدا سیسی ڕایگەیاند، ئەگەر شەڕ بەدرێژایی دەریای ناوەڕاستدا ڕانەگیرێت، ئەگەری هەیە ململانێی ئیسرائیل و حەماس فراوانتر بێت بۆ شەڕێکی فراوانتر و ناوچەیی.

سەرۆکی میسر وتی " کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە شەڕی بەردەوام بێت، و پەنا ژیریی ببەین، هەروەها زمانی ئاشتی و دیپلۆماسی بپارێزین."

سیسی وتی دەبێت هەموو لایەنەکان وریا بن لە "مەترسی فراوانبوونی ململانێکان لەسەر ئاستی ناوچەیی" و مەترسییەکانی شەڕی فراوانتر .

سەرکردەی میسر وتی ئاگربەست لە غەززە "دەبێت سەرەتای دانپێدانانی فراوانتری نێودەوڵەتی بێت بە دەوڵەتی فەلەستین و جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەتی، چونکە ئەمە زامنی بنەڕەتی سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا".

وەزیری دەرەوەی قەتەر، شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی بە بلینکنی ڕاگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە ڕۆڵی خۆی وەک ناوبژیوان لە دانوستانەکانی ئاگربەستی غەززە، هاوشانی میسر و ئەمەریکا.

وەزارەتەکەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، قەتەر بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکان و پەیوەندییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.

شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە بە هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس و گرنتی 250 بارمتە.

هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 40 هەزار فەلەستینی کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هەرچەند سوپای ئیسرائیل دەڵێت ژمارەی کوژراوەکان هەزاران چەکداری حەماسیش دەگرێتەوە.

بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسەکانی ئەی پی، ڕۆیتەرز و فرانس پرێس وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG