Accessibility links

حزبوڵای عێراق هەڕەشەی "بەئەدەبکردن" لە باڵیۆزی ئەمەریکا دەکات لەسەر پرۆژە یاسای هاوسەرگیری منداڵان


باڵوێزی ئەمەریکا لە عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرشی توندی هێزە شیعەکانی عێراق بووەوە دوای ئەوەی ڕەخنەی لە هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق گرت.

ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسێکی سەربازی کەتائیبی حزبوڵا، لە ڕاگەیێندراێکدا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، "ئەگەر حکومەتی عێراق ئەدەبی باڵیۆزی شەڕی ئەمەریکا لە بەغدا نەدات، ئەوا خۆمان لەڕێگەی ترەوە ئەدەبی دەدەین."

ئەبو عەلی عەسکەری هێرشی توندی کردە سەر ڕۆڵی ئەمەریکا و بەریتانیا لە عێراق و وتی "هەبوونیان و دەستێوەردانەکانیان لە کاروباری عێراق مەترسییەکی گەورە لەسەر وڵات و بیروباوەڕەکانی دروستدەکات."

یاسای باری کەسێتی عێراق لەوەتای ساڵی 1959 کاری پێدەکرێت. بەڵام ئێستا ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە کار بۆ هەموارکردنی دەکەن بەشێوەیەک کە چاودێران دەڵێن ڕێگە بە هاوسەرگیری لەگەڵ منداڵانی تەمەن 9 ساڵ دەدات و دەستەڵاتی زۆرتر دەدات بە پیاوانی ئاینی.

ئەلینا ڕۆمانۆسکی، باڵیوزی ئەمەریکا لە بەغدا، ڕۆژی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس تویتێکی جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکای لە ئینگلیزییەوە کردووە بە عەرەبی و دەڵێت، "نیگەرانین لە پێشنیارەکانی گۆڕانکاری لە یاسای باری کەسێتی عێراق کە دەبنە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتان و منداڵان. هانی عێراقییەکان دەدەین دەستبکەن بە گفتوگۆیەتی مەدەنیانە بە ڕێزگرتنی تەواو لە ئازادی ئاینی و بیروباوەڕ و مافی ئافرەتان و منداڵان."

هەمواری یاساکە بۆ یەکەمجار ڕۆژی چواری ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە کرا و بووە هۆی ناڕەزایی توندی دەیان پەرلەمانتار.

حەسەن سەلیم، پەرلەمانتاری کوتلەی سادیقون، دوای هەڵوێستەکەی باڵیۆزی ئەمەریکا، لە ڕاگەیێندراوێکدا سەرزەنشتی ئەلینا ڕۆمانۆسکی کرد و داوای "بێدەنگبوونی" لێکرد و ڕایگەیاند "ئەم یاسایە بابەتێکی ناوخۆیی عێراقە."

XS
SM
MD
LG