ناکۆکی نێوان لایەنەکانی کەرکوک لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە سەریکێشاوە بۆ ناکۆکی خێڵەکی لە نێو عەرەبی سوننەو و ناکۆکی مەزهەبی لە نێو تورکماندا، ئەمە جگە لەوەی لە نێو کوردیشدا ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتیشی قووڵتر کردووەتەوە.
ڕۆژی 26 ی مانگی هەشتی 2024، بەشێک لە هۆزی عوبێد لەگەڵ وەسفی عاسی ئەمیری هۆزەکەیان و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەردانی پارێزگاری کەرکوکیان کرد و پشتگیری خۆیان بۆ رێبوار تەها پارێزگاری نوێی پارێزگاکە دووپاتکردەوە.
پشتگیریکردنی هۆزی عوبێد بە سەرۆکایەتی وەسفی عاسی لە ئیدارەی نوێی کەرکوک لەکاتێکدایە، راکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک بە رکابەری ئەمیری هۆزی عوبێد دادەنرێت و کەسایەتییەکی دیاری عەشیرەتی جبورە، بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ حکومەتی خۆجێی کەرکوک دەربڕیووە.
مەحمود زەیدان، سەرکردەی عەرەبی سوننە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەردانی هۆزی عوبێد و ئەمیرەکەیان بۆ بینای پارێزگای کەرکوک دووپاتکردنەوەی پشتگیری بوو بۆ ئیدارەی ئێستای کەرکوک، چونکە ئاراستەی کارکردنی هۆزی عوبێد پاڵپشتیکردنی ئیدارەی ئێستای کەرکوکە."
هەروەها وتیشی،"پاڵپشتیکردنی هۆزی عوبێد لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک بابەتێکی ئاساییە، گەرچی هەندێک خەڵک لە دیدی خێڵەکییانەوە لەم مەسەلە دەڕوانن و ئەمەش هەڵەیە."
پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک تەنها پۆستی پارێزگاری بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەگێڕایەوە کە نزیکەی حەوت ساڵە لە دەستیداوە، بەڵکو هۆزی عوبێد و هاوپەیمانەکانیشی کردە خاوەن ئەو پۆستانەی کە پشکی عەرەبی سوننەن، لەکاتێکدا پێشتر راکان جبوری رکابەریان بەهێزترین دەسەڵاتداری پارێزگاکە بوو.
پێشتر راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک لەلایەن هۆزی عوبێد و رکابەرەکانیەوە بە "قۆرغ" کردنی دەسەڵات تۆمەتبار دەکرا، بەڵام ئێستا جبوری ئەوان بە "خیانەت"کردن و هۆکاری لەدەست چوونی دەسەڵاتی عەرەبی لە کەرکوک تاوانبار دەکات.
مەحمود زەیدان دەڵێت،"وەسفی عاسی یەکێکە لە رەمزەکانی عەرەبی سوننە و ئەمیری هۆزی عوبێدە، کاتێک هۆزەکەی دەباتە ناو بینای پارێزگای کەرکوک، واتە دەیەوێت حکومەتی ئێستای کەرکوک سەرکەوتوو بێت."
دەشڵێت،"دۆخەکە پێشینەی هەیەو وا دەردەکەوێت مەسەلەکە هۆزگەرییە، بەڵام ڕەنگە سبەی هۆزی تری عەرەب سەردانی پارێزگاری نوێی بکەن، بۆیە هیوادارین دۆخە ناخۆشەکانی رابردوو تێپەڕن."
گەر بەشێکی ناکۆکییەکانی نێو عەرەبی سوننە گرێدراو بن بە ناکۆکی خێڵەکی، ئەوا بەشەکەی تری پەیوەندی بە ناکۆکی نێوان سەرکردە دیارەکانی عەرەبی سوننەوە هەیە، بەتایبەت لایەنە عەرەبییە بەشداربووەکانی کەرکوک لە حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە نزیکن لە حەلبوسی و موسەنا سامەرائییەوە و بەرەکەی راکان جبوریش نزیکە لە خەمیس خەنجەرەوە.
لە کاتی سەردانیکردنیدا بۆ بینای پارێزگاری کەرکوک بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی حکومەتی نوێی پارێزگاکە، وەسفی عاسی ئەمیری هۆزی عوبێد و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند،"شەمەندەفەری کەرکوک وێستگەی ململانێی نەتەوەیی بەجێهێشت، ئێستا شەمەندەفەرەکە لە وێستگەی پێکەوە ژیان و برایەتیدایە، داوا لە خەڵکی کەرکوک دەکەم پشتگیری حکومەتی پارێزگاکە بکەن."
وەکچۆن ناکۆکی خێڵەکی عەرەبی کەرکوکی پەرتکرد، جیاوازی مەزهەبیش تورکمانەکانی کەرکوکی بۆ سەر دوو بەرە دابەشکردووە، تورکمانە سوننەکان کە لە ژێر چەتری بەرەی تورکمانیدان بەشداری حکومەتی نوێی کەرکوکیان نەکردووە، بەڵام نوێنەری تورکمانە شیعەکان بەشێکبوو لەو ڕێکەوتنەی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی کەرکوک ئەنجامدرا.
بەرەی تورکمانی دوو کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی بەدەستهێناوە بەڵام تورکمانی شیعە هیچ کورسییەکی لەو ئەنجومەنە نییە، ئەنجومەنەکەی نییە. تورکمانەکانی کەرکوک خاوەنی دوو کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن، کە یەکێکیان لای بەرەی تورکمانی و ئەویتریان لای تورکمانە شیعەکانە.
نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی شیعە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"تورکمانی شیعە مافی خۆیەتی پشکی هەبێت لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک، چونکە لەو 80 هەزار دەنگەی بۆ بەرەی تورکمانی رۆیشتووە، 25 هەزار دەنگی هی تورکمانی شیعەیە."
شەوی 10 ی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە بێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.
ئەو سێ لایەنەی پێکهێنەری حکومەتی خۆجێی کەرکوکن خاوەنی 9 کورسی ئەنجومەنی پارێزگان لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە، لەکاتێکدا پارتی دیموکرات و هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی کە بەشداری پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان نەکردووە خاوەنی 7 کورسین.
هەریەک لە بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی، لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایان تۆمار کردووەو هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بە نایاسایی ناو دەبەن.
سەوسەن جەدوع، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی بەرەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە بەردەوام دەبین لە بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و پێداگیرین لەسەر بڕیارەکەمان. چاوەڕوانی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەکەین، گەر بڕیارەکە لەبەرژەوەندیمان بێت یاخود نە دواتر قسەی خۆمان دەبێت."
لەگەڵ ناکۆکی نێوان تورکمانی سوننە و شیعە لە کەرکوک، هاوکات لە نێوخودی بەرەی تورکمانیشدا ناکۆکی لە نێوان حەسەن تۆران سەرۆکی ئێستای بەرەو ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشووی بەرەکە هەیە، دوو ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگاش هەریەکەیان سەر بەم دوو کەسایەتییەن.
لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک پشکی تورکمانییان لە پۆستەکانی کەرکوک بە بەتاڵی بەجێهێشتووە، تا لە داهاتوودا بتوانن بەشداری حکومەتەکە بکەن، بەڵام هیچ پۆستێکی گرنگیان بۆ هاوپەیمانی عەرەبی نەهێشتووەتەوەو پۆستە گرنگەکانی پشکی عەرەب دراون بە رکابەرەکانی راکان جبوری.