دوای پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و دانانی رێبوار تەها کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە پارێزگاری پارێزگاکە، ناکۆکی قوڵ لە نێوخۆی پێکهاتەی عەرەبی و تورکمانی دروست بوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێ شەممە، 13 ی مانگی هەشتی 2024، بەشێک لە لایەنگرانی بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی دژی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، لە کاتێکدا سەرۆک کۆمار مەروسی بۆ پارێزگاری نوێی کەرکوک دەرکرد.
مەحمود زەیدان، سەرکردەی سیاسی عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دۆخەکە بەو ئاراستەیەک ناچێت رەوشی ئەمنی کەرکوک تێکبچێت، چونکە ئیرادەیەک نییە بۆ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک. ڕەنگە لە ڕۆژانی داهاتوو بەشداری بەو لایەنانەش بکرێت کە ئێستا ناڕازین."
ناکۆکی نێوان خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سیادەی عەرەبی سونەو محەمەد حەلبوسی سەرۆکی هاوپەیمانی پێشکەوتن، هەروەها ناکۆکی نێوان عەشیرەتی جبورو عوبێد لە کەرکوک هۆکاربوون بۆ دابەشبوونی پێکهاتەی عەرەبی.
سێ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کە نزیکن لە محەمەد حەلبوسی و کوتلەی عەزمی عەرەبی سونە چوونە نێو هاوپەیمانێتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەکاتێکدا هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی راکان جبوری کە لە خەمیس خەنجەرەوە نزیکە بەشداریان لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێنەکرا.
ناکۆکی نێو سیاسییەکانی عەرەبی سونە بۆ نێو شەقامی کەرکوک شۆڕ بووەتەوە، لایەنگرانی راکان جبوری ئەو سێ ئەندامەی ئەنجومەن کە بەشدارن لە حکومەتی خۆجێی کەرکوک بە فرۆشتنی پۆستی پارێزگار تۆمەتبار دەکەن و لە سۆشیال میدیا هێرشی توند دەکەنە سەریان.
بەڵام لایەنگرانی محەمەد تەمیمی وەزیری پلان دانانی عێراق و نزیک لە محەمەد حەلبوسی کە بەشداری پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان کردووە، راکان جبوری تۆمەتبار دەکەن بەوەی هەوڵیداوە لە پشتەوەی ئەوانەوە ڕێککەوتن ئەنجام بدات و بەشداری پێنەکراوە.
دکتۆر میعراج حەدیدی، چاودێری سیاسی و کەسایەتی سیاسی عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"فاکتەری ئیقلیمی بە تایبەت ئێران و تورکیا هۆکاری دابەشبوونی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکن، چونکە بەرەیەکیان ئینتیمایان بۆ ئێران و بەرەکەی تریش ئینتیمای بۆ ئێران هەیە."
لەکاتێکدا بەرەی تورکمانی کە خاوەنی دوو کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکەو خۆی وەکو تاکە نوێنەری تورکمانەکانی کەرکوک ناودەبات، بایکۆتی حکومەتی خۆجێی کەرکوکی کردووە، بەڵام تورکمانە شیعەکان بەشدارن لەو ڕێککەوتنەی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکەی لەسەر پێکهات.
سەوسەن جەدوع، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە کوتلەی بەرەی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"نوێنەرە شەرعییەکانی تورکمان بەشداریان لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک نەکردووە."
پێکهاتەی تورکمان لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوو کورسی لەکەرکوک هێنا، کورسییەکیان لەلایەن ئەرشەد ساڵەحی و کورسییەکەی تریان لەلایەن غەریب عەسکەرەوە برا کە ناوبراو تورکمانی شیعەیەو بەشێک نییە لە بەرەی تورکمانی. غەریب عەسکەر لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، هاوپەیمانی عەرەبی 3 کورسی، کوتلەی تەقەدوم 2 کورسی، کوتلەی عەزم 1 کورسی، بەرەی تورکمانی 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.
نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی شیعە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بەرەی تورکمانی 85 هەزار دەنگی هێناوە، لەو ژمارەیە 25 هەزار دەنگی هی تورکمانی شیعە بوو، کەواتە تورکمانی شیعە مافی خۆیەتی پۆستی لە پشکەکانی تورکمان پێبدرێت."
شەوی 10 ی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی سونە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە بێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.
لە کۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، 9 ئەندامی ئەنجومەنەکە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی ئوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا کردو نیسابی یاساییان تەواو کرد. ڕێبوار تەها لە فراکسیۆنی یەکێتی بە پارێزگارو ئیبراهیم تەمیمی بە جێگری پارێزگار، هەروەها محەمەد ئیبراهیم حافز بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.