Accessibility links

سەرۆکی عێراق پێشوازی لە پارێزگاری نوێی کەرکوک دەکات


سەرۆکی عێراق و پارێزگاری کەرکوک
سەرۆکی عێراق و پارێزگاری کەرکوک

سەرۆک کۆماری عێراق دکتۆر لەتیف ڕەشید، ڕۆژی سێشەممە لە کۆشکی کۆماری بەغداد پێشوازی کرد لە ڕێبوار تەها و مەرسومی کۆماری بۆ دەرکرد تا بە فەرمی وەک پارێزگاری کەرکوک دەستبەکاربێت.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی عێراق دەڵێت سەرۆکی عێراق "جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی پارێزگای کەرکوک کردەوە، کە لە ماوەی دەیان ساڵەی رابردودا نەهامەتی زۆری بینیوە، هەروەها بایەخی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە خەڵکی کەرکوك لە هەموو پێکهاتە و مەزهەبەکان و دابینکردنی پێداویستی و خواستەکانیانی دوپاتکردەوە. جەختی لەوەشکردەوە، کە ئەو هەمەچەشنییەی کەرکوك فاکتەری بەهێزی و سەقامگیرییە."

ئەمەش لە کاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی کە بە هەر سێ لایەنەکە لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا خاوەنی 7 کورسین ناڕەزایەتییان بەرامبەر هەڵبژاردنی ڕێبوار تەهای یەکێتی نیشمانی کوردستان وەک پارێزگاری کەرکوک دەربڕیوە.

ڕۆژی دووشەممە 12ی مانگی هەشت مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،" ئێمە هەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کەرکووک ئەو تێبینییەمان هەبوو کە ئەنجامەکان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی کەرکووک نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کەرکووک و ڕەچاوکردنی دۆخی ئەو شارە و کۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان کرد."

گوتیشی،" ڕۆژی 10ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حکوومەتی خۆجێیی کەرکوک بەبێی ئاگادارکردنەوەی هەموو لایەنەکان و لە غیابی نوێنەرانی تورکمان و بەشێک لە عەرەب و پارتی کراوە، یاسایی نیە و گرفتی هەیە و لە سەر ڕێگەیەکی دروست نییە."

شەوی 10 ی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی سونە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە بێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.

لە کۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، 9 ئەندامی ئەنجومەنەکە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی ئوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا کرد و نیسابی یاساییان تەواو کرد. ڕێبوار تەها لە فراکسیۆنی یەکێتی بە پارێزگارو ئیبراهیم تەمیمی بە جێگری پارێزگار، هەروەها محەمەد ئیبراهیم حافز بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.

XS
SM
MD
LG