Accessibility links

زیاد جەبار: خەڵکی کەرکوک تێگەشتن کە یەکێتی لەدوای ڕیفراندۆم بەجێی نەهێشتن بۆیە چاکەی یەکێتیان دایەوە


ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی هۆکاری سەرکەوتنی حزبەکەی لە کەرکوک دەگیڕێتەوە بۆ هاوسۆزی و بەجێنەهێشتنی خەڵک لەلایەن حزبەکەیەوە لە دوای ڕیفراندۆمەوە، بۆیە پێی وایە خەڵک چاکەی یەکێتی داوەتەوە، دەشڵێت، دڵنیایە خەڵک فورسەتێکی گەورەتر دەداتە یەکێتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا و سەرکەوتنی گەورە بە دەستدەهێنن.

زیاد جەبار ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکێتی لە سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " سەرکەوتنی یەکێتی هۆکارەکەی ئەوەیە خەڵکی ناچە دابڕاوەکان تێگەشتن کە یەکێتی لە ڕؤژە سەختەکاندا بەجێی نەهێشتوون، بە تایبەت کەرکوک، دووەم بەشێکی گەورەش پەیوەندی بە ناوخۆی یەکێتیەوە هەیە کە یەکێتی بڕیاریدا بەیەکەوە بین لە کۆ نگرەی پێنجەمەوە، بە یەک ئاڕاستە کاربکەین یەک سەرۆک و یەک سەرکردایەتی و یەک جێبەجێکردن هەبێت،ئەمەش لە کەرکوک ڕەنگی دایەوە."

وتیشی،" ئێستا بۆ هەڵبژرادنەکانی هەرێم بەرنامەی وردمان داڕشتووە و گەشبینین بە خەڵک، چۆن لە دوای ئاشتبەتاڵی 75 لەو بێ هیواییە یەکێتی هیوای بەخشیەوە دڵنیاین جارێکی تر خەڵکی کوردستان فرسەتێکی تر دەداتەوە یەکێتی و یەکێتی ئەو هێزە هیوا بەخشە دەبێت کە جارێکی تر لە ژیان و گوزەرانی خەڵک بتوانێت ڕۆڵی کاریگەری هەبێت."

شەوی 10 ی مانگی هەشتی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی سونە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە بێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە ئوتێل رەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.

لە کۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، 9 ئەندامی ئەنجومەنەکە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی ئوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا کرد و نیسابی یاساییان تەواو کرد. ڕێبوار تەها لە فراکسیۆنی یەکێتی بە پارێزگارو ئیبراهیم تەمیمی بە جێگری پارێزگار، هەروەها محەمەد ئیبراهیم حافز بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.

وێرای ئەوەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر و دوای نزیکەی حەوت ساڵ جارێکی تر کورد توانی پۆستی پارێزگار لەو شارە وەربگرێتەوە، بەڵام پارتی هەڵبژرادنەکە لە بەغداد بە بێ خۆیان و بەشێکی تر لە لایەنە سیاسیەکا نی کەرکوک بە "نایاسایی" ناو دەبات.

ئەمڕۆ دوو شەممە 12ی مانگی هەشت لە مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند،" ئێمە هەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کەرکووک ئەو تێبینییەمان هەبوو کە ئەنجامەکان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی کەرکووک نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کەرکووک و ڕەچاوکردنی دۆخی ئەو شارە و کۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان کرد."

دەشڵێت،" ڕۆژی 10ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حکوومەتی خۆجێیی کەرکوک بەبێی ئاگادارکردنەوەی هەموو لایەنەکان و لە غیابی نوێنەرانی تورکمان و بەشێک لە عەرەب و پارتی کراوە، یاسایی نیە و گرفتی هەیە و لە سەر ڕێگەیەکی دروست نیە."

وا بڕیارە ڕۆژی لە ڕۆژی 20ی مانگی دەی 2024 بەرێوەبچێت و وێڕای گرژی نێوان لایەنەکان بە تایبەت نیگەرانی پارتی لە دوای هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوکەوە، بەڵام یەکێتی دەڵێت چاوەڕێی سەرکەوتنی گەورەن و "ڕێڕەوی حوکمڕانی لە هەرێم ڕاستدەکەنەوە".

زیاد جەبار دەڵێت،" یەکێتی ئەم پەیامە دەداتە خەڵک کە بۆ داهاتوو ڕێڕەوی حوکمڕانی ڕاستدەکاتەوە، دەبێت حکومەتێک بێتە کایەوە دامەزراوە یاساییەکان ڕێکبخرێتەوە لە خزمەتی خەڵکدا بێت و حکومەتێکی خزمەتگوزار بێت و باری دارایی خەڵک باش بێت، وە پەیوەندیەکان لەگەڵ ناوەند و درواسێکا ڕێکبخاتەوە."

وتیشی،" پێگەی هەرێم و هەرێم بەرەو لاوازی ڕۆشتووە، ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت پێگەکە لاوازتر دەبێت، ئەم کیانە خوێنی بۆ ڕژاوە، هەموو هەوڵێکمان داوە ئەم هەرێمە بمێنێتەوە، بۆیە دەمانەوێت هەڵبژاردن بکرێت و دیموکراسی لەسەر ڕێڕەوی خۆی بمێنیتەوە، هەڵبژاردنەکان پاک و بێت و دەنگی خەڵک پارێزراو بێت، بۆیە یاساکانیشمان گۆڕی تا دزی و فزی نەمێنێت."

XS
SM
MD
LG