Accessibility links

گۆشتی دروستکراوی تاقیگە دەتوانێت لە داهاتوودا کۆتایی بە سەربڕینی ئاژەڵ بهێنێت؟


دیمەنی سورکردنەوەی چەند پارچەیەک لە گۆشتی تاقیگە لە یەکێک لە چێشتخانەکانی شاری مایامی لە مانگی شەشی 2024.
دیمەنی سورکردنەوەی چەند پارچەیەک لە گۆشتی تاقیگە لە یەکێک لە چێشتخانەکانی شاری مایامی لە مانگی شەشی 2024.

هەواڵێکی خۆش بۆ ئەو ئاژەڵدۆستانەی کە بە سەربڕینی ئاژەڵەکان دڵتەنگ دەبن: لە وڵاتی بەریتانیا لێکۆڵینەوەیەکی زانستی ملۆنان دۆلاری دەستیپێکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر سەلامەتی گۆشتی دروستکراوی تاقیگە و سەرچاوەکانی تری پڕۆتین.

دەزگای حکومەتی بەریتانیا بۆ لێکۆڵینەوە و داهێنان چوارشەممەی ڕابردوو ڕایگەیاند لەگەڵ دەزگای بەریتانیای داهێنەر سەنتەرێکی هاوبەشیان پێکهێناوە بە بودجەی 20 ملۆن دۆلار بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەکانی تری خواراکە پرۆتینییەکان، لە نێوانیان پەرەپێدانی جۆرەکانی گۆشتی مێروو و گۆشتی دروستکراو لە تاقیگە.

گۆشتی دروستکراو لە تاقیگە پێویستی بە سەربڕینی ئاژەڵ نییە، بەڵکو لە پرۆسەکەدا بەبێ زیانگەیاندن بە ئاژەڵەکە، خانەی ئاژەڵەکە وەدەگیرێت و لە تاقیگەدا ژینگەیەکی لەباری بۆ دابیندەکرێت بەمەبەستی دروستکردنی شانە ماسولکەییەکان.

گۆشتی تاقیگە بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2013 لەلایەن دکتۆر مارک پۆست لە زانکۆی ماستریخی وڵاتی هۆڵەندا بەرهەمهات. دکتۆر مارک توانی نزیکە 140 گرام گۆشت لە خانەی مانگایەک دروستبکات و بیکات بە هامبەرگر. تێچووی کارەکە 325 هەزار دۆلار بوو، کە لەلایەن داهێنەری پێشووی کۆپانیای گوگڵەوە دابینکرا.

لەو کاتەوە هەتا ئێستا سەدان کۆمپانیای جیاواز لە جیهاندا سەرقاڵی گەشەپێدانن لەو بوارەدا، بە مەبەستی هەرزانکردن و خێراکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانەکە و پەرەپێدانی کواڵیتی گۆشتەکە.

ساڵی 2020 سینگاپور وەک یەکەم وڵات بەکارهێنانی گوشتی تاقیگەی لەلایەن مرۆڤەوە پەسەندکرد. لە ساڵی 2023 حکومەتی ئەمەریکا هەمان بڕیاری دا، هەرچەندە دواتر چەندین ویلایەتی ئەمەریکا لە کاردانەوەیاندا بەکارهێنانی گۆشتی تاقیگەیان قەدەغەکرد.

لەم وێنەیەدا، دوو لێکۆڵەر لە سان فرانسیسکۆ سەرقاڵی ئەوەن ماددە خۆراکییەکان بدەن بە خانەی گۆشتی بەراز بەمەبەستی گەشەپێدانی خانە ماسولکەییەکانی. تاقیگەکە لەلایەن کۆمپانیای نیو ئەیج میتس دابینکراوە، کە کاری کۆمپانیاکە بریتییە لە دابینکردنی بەرهەمەکانی گۆشتی بەراز لە سان فرانسیسکۆ.
لەم وێنەیەدا، دوو لێکۆڵەر لە سان فرانسیسکۆ سەرقاڵی ئەوەن ماددە خۆراکییەکان بدەن بە خانەی گۆشتی بەراز بەمەبەستی گەشەپێدانی خانە ماسولکەییەکانی. تاقیگەکە لەلایەن کۆمپانیای نیو ئەیج میتس دابینکراوە، کە کاری کۆمپانیاکە بریتییە لە دابینکردنی بەرهەمەکانی گۆشتی بەراز لە سان فرانسیسکۆ.

مانگی حەوتی ئەمساڵیش بەریتانیا وەکو یەکەم وڵاتی ئەوروپی ڕێگەی بە بەکارهێنانی ئەو گۆشتە بۆ خۆراکی ئاژەڵە ماڵییەکانی وەکو سەگ و پیشلە دا، بەڵام بەکارهێنانی لەلاین مرۆڤەوە هەتا ئێستا پەسندکراو نییە.

حکومەتی بەریتانیا بڕیاری داوە بە پەسەندکردنی گۆشتی کۆمپانیای میتلی کە لە تاقیگە و بە بەکارهێنانی هێلکەی مریشک بەرهەمهاتووە.

ئۆوین ئێنسۆر، بەڕێوبەری کۆمپانیای میتلی، دەڵێت گۆشتەکە لە بەر چەند هۆکارێک پەسەندترە، لەوانە "پێویستی بە ئاژەڵ سەربڕین نییە بۆ بەرهەمهێنانی گۆشتەکە. مەترسی پیسبوون نییە...ئێمە هیچ ڤاکسین و ئەنتیبایۆتیک و ستێرۆید و هۆڕمۆنێک بەکارناهێنین. بەڕاستی جۆرێکی پاکی گۆشتی مریشکە و بەرهەمهێنانێکی بەردەوامە و ئاژەڵدۆست ترە."

بەڵام هەندێک لە چاودێران دەڵێن گۆشتی تاقیگە چەند خاڵێکی لاوازی هەیە، کە دیارترینیان بریتییە لە خێرایی خراپبوونی گۆشتەکە بەهۆی نەبوونی سیستەمی بەرگری تێیدا. هەروەها دەڵێن تێچووی بەرهەمهێنانی گۆشتەکە بەرزە و وزەیەکی زۆر سەرفدەکات، بەشێوەیەک ڕەنگە سودی بۆ ژینگە نەبێت.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە چەند لێکەوتەیەکی تەندروستی گۆشتەکە کرد، لە نێوانیان پیسبوونی بەهۆی میکرۆبەوە. ڕیکخراوەکە بەردەوامی لێکۆڵینەوە و گەشەکردنی لەوبارەوە بە پێویست لەقەڵەمدا.

بەڵام پشتیوانانی بەکارهێنانی ئەم گۆشتە دەڵێن پێشکەوتن و لێکۆڵینەوەی زیاتر دەتوانن مەترسییەکان نەهێڵن. ئەوان دەڵێن گۆشتی ئاژەڵە سەربڕاوەکان سەرەڕای ئەوەی زیانی زۆر بە ژینگەی زەوی دەگەیەنێت، لە هەمان کاتدا هەمیشە دووچاری مەترسی پیسبوون دەبێتەوە لە سەربڕینخانەکان و پرۆسەی پێچانەوەدا.

XS
SM
MD
LG