دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ناو قوتابخانەی ئامادەیی ویلایەتی جۆرجیا تەقە کرا، پۆلیس تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد و خوێندکارەکانیش لە شوێنی ڕووداوەکە دوورخرانەوە، میدیا ناوخۆییەکان هەواڵی زیانی گیانیان بڵاو کردەوە.
کەناڵی CNN لە زاری کاربەدەستێکی چەسپاندنی یاساوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە چوار کەس کوژراون و 30 کەسیش بریندار بوون. هەندێک لە دەزگاکانی تری ڕاگەیاندن ئاماژە بەوە دەکەن دوو کەس کوژراون.
وەزیری دادی ئەمەریکا مێرک گارلاند هێرشەکەی بە "تراژیدیایەکی ترساک" لە قەڵم دا و گوتی "زۆر دڵگرانم بۆ ئەو خێزانانەی کە ڕووبەڕووی ئەم کارەساتە ترسناکە بوونەتەوە."
فەرمانڕەوای ویلایەتی جۆرجیا برایەن کەمپ لە تۆڕی ئیكس ڕایگەیاندووە " هەموو سەرچاوە بەردەستەکانی ویلایەتەکەم ئاراستە کردووە بۆ وەڵامدانەوەی ڕووداوەکە لە قوتابخانەی ئامادەیی ئەپالاچی و داوا لە هەموو خەڵکی جۆرجیا لەگەڵ خێزانەکەمدا بەشدار بن لە دوعاکردن بۆ سەلامەتی ئەوانەی لە پۆلەکانماندان، چ لە بارۆ کاونتی و چ لە سەرانسەری ویلایەتەکەدا."
هەروەها دەشڵێت " ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆیی و ویلایەت و فیدراڵیەکان لەکاتێکدا زانیاری کۆدەکەینەوە و زیاتر وەڵامی ئەم دۆخە بدەینەوە."
جود سمث، بەرپرسی پۆلیس کە لە دەرەوەی قوتابخانەی ئامادەیی ئەپالاچی لە بارۆ کاونتی وەستابوو، ڕایگەیاند "نزیکەی کاتژمێر 9:30 بەیانی ئەمڕۆ (چوارشەممە) یەکەم پەیوەندیمان پێگەیشت کە هێرشێکی زیندوو لەم قوتابخانەیەدا بەڕێوەدەچێت."
سمث وتیشی "چەند بریندارێک" هەبووە، هەروەها تۆمەتبارێک دەستگیرکراوە و هیچ وردەکارییەکی زیاتری نەخستەڕوو.
ئەو قوتابخانەیە لە نزیک شارۆچکەی وایندەرە کە نزیکەی 70 کیلۆمەتر دوورە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەتڵانتای پایتەختی ویلایەتەکەوە.
گرتە ڤیدیۆییەکانی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی نیشان دەدەن کە ئەمبولانسەکان بەسەر لەبەردەم قوتابخانەکە وەستاون، و دەیان ئۆتۆمبێل لە دەوروبەری قوتابخانەکەدا کۆبوونەتەوە.
لە یاریگای قوتابخانەکەدا کە لە دەرەوەی باڵەخانەکەیە دەیان خەڵکێکی زۆر کۆبوونەتەوە و هەندێکیان دەستی یەکیان گرتووە و بە شێوەیەکی بازنەیی وەستاون.
تەقەکردن لە قوتابخانەکان بووەتە ڕووداوێکی بەردەوام لە ئەمەریکا، کە نزیکەی یەک لەسەر سێی گەورەساڵان خاوەنی چەکن و ڕێساکانی کڕینی تەنانەت تفەنگی بەهێزی شێوازی سەربازیش لاوازن.
ڕاپرسییەکان دەریدەخەن زۆرینەی دەنگدەران لەگەڵ کۆنترۆڵی توندتردان لەسەر بەکارهێنان و کڕینی چەک، بەڵام لۆبی بەهێزی خاوەندارێتی چەک دژی سنووردارکردنی زیاترە.
بەپێی ئەرشیفی توندوتیژی بە چەک، لەم ساڵدا بەلایەنی کەم 384 کوشتنی بەکۆمەڵ ڕوویداوە، لە ئەنجامی ئەو جۆرە هێرشانەش لەم ساڵدا بەلایەنی کەم 11 هەزار و 557 کەس کوژراون.