Accessibility links

سەردانەکەی سەرۆکی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبونەوەی لەگەڵ بەرپرسان


سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە بە سەردانێکی فەڕمی گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەڵەتی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمەوە پێشوازی لێکرا.

پاشان کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆک قوباد تاڵەبانی و بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن و چەندین بەرپرسی تری هەرێم کۆبوونەوەیان ئەنجام دا.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی عێراق لە پێشوازی سەرۆکی ئێراندا
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی عێراق لە پێشوازی سەرۆکی ئێراندا

سەرۆکایەتی هەرێم دەڵێت لە کۆبونەوەکەدا خواستی هەرێمی کودستان نیشان دراوە "بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و فراوانكردنى هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ هه‌موو بواره‌كاندا."

سەرۆکایەتی هەرێم لە بەیاننامەکەیدا دەشڵێت" له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ كران و باسيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ كرد. له‌مباره‌يه‌وه‌ جه‌خت له‌وه‌ كرايه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز نابێته‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئێران و وڵاتانى دراوسێ و به‌ ته‌واوى پابه‌ندى‌ ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى عێراق و ئێرانه‌."

مەسرور بارزانیش لە تویتێکدا دەڵێت "بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دراوسێیەتیمان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر و بەرژەوەندیی هاوبەش."

پاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان، پزیشکیان سەردانی بارەگای بارزانی کرد و لەوێ لەگەڵ سەرۆکی پێشووی هەرێم و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانیدا کۆبووەوە.

بارەگای بارزانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها جەخت لەسەر هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە سیاسی و ئابووری و كولتوورییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرایەوە."

پاش سەردانەکەی بۆ هەولێر پزیشکیان بەرەو شاری سلێمانی بەرێ کەوت بۆ کۆبونەوە لەگەل بەرپرسانی سلێمانی و لەوێ لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشمانی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان باشتر بووە، هاوکاتی هەوڵەکان بۆ بێچەککردنی پارتە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران کە ماوەیەکی زۆرە لە هەرێمی کوردستانن.

تاران لە ساڵی 2022 چەندین جار هێرشی کردە سەر بنەکانی ئەو حزبانە، پێش ئەوەی عێراق لە مانگی سێی 2023 ڕێککەوتنێکی ئاسایشی لەگەڵ ئێران واژۆ بکات. بەغدا پابەند بوو بە چەکداماڵینی ئەو پارتانە و گواستنەوەیان لە ناوچە سنوورییەکانەوە بۆ کەمپەکان.

سەرۆکی ئێران دکتۆر مەسعود پزیشکیان ڕۆژی چوارشەممە یەکەم گەشتی فەرمی بۆ عێراق ئەنجام دا و لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی کۆبووەوە.

لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێڕاق ڕایگەیاند " سەرکەوتووبوین لە ڕێکخستنی بارودۆخی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکان."

دووپاتی کردەوە عێراق ڕێگە نادات هیچ کردەوەیەکی توندوتیژ لە ناو خاکی عێراقەوە دژ بە ئێران بکرێت.

ئێران ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی تۆمەتبار دەکات بە قاچاخچێتی چەک ل و هێرش کردنە سەرهێز ئاسایشییەکانی ئێران.

ساتی گەیشتنی سەرۆکی ئێران بۆ هەولێر
please wait

No media source currently available

0:00 0:01:25 0:00

XS
SM
MD
LG