Accessibility links

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان ​​​​​​​


نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایدەگەیەنێت، سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق و دواتر بۆ هەرێمی کوردستان ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەرێم بەلای ئێرانەوە گرنگی تایبەتی هەیە، بە تایبەت ئێران ئاسایش و سەقامگیری هەرێم بە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی دادەنێت.

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سلێمانی گرنگ و تازە بوو، ئاماژەبوو بە گرنگیدانی ئێران بە سلێمانی و خەڵکەکەی، بە تایبەت سلێمانی سنورێکی فراوانی لەگەڵ ئێران هەیە."

وتیشی،"دەبێت پارتی و یەکێتی پێکەوە پارێزەری هەرێمی کوردستان بن، بە تایبەت جوڵەی بازرگانی نێوان هەرێم و وڵاتانی دراوسێ سەقامگیری دەوێت، سەرمایەگوزاری پێویستی بە دابینکردنی ئەمنییەتە."

دوێنێ چوارشەممە، 11 ی مانگی نۆی 2024، شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقدا کۆبوویەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆک کۆماری ئێران لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، سەردانی شاری هەولێری کردو لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کۆبوویەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند،"لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران کۆبووینەوەو گفتووگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوو لایەنە لەسەر بنەمای دراوسێتی باش و بەرژەوەندی هاوبەش کرد."

سەرۆک کۆماری ئێران لە میانی سەردانەکەیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی قسەی بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کرد، کە بەڕای چاودێران ئەمە پەیام بوو بۆ کوردانی ئێران و هەرێمی کوردستان.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ هەرێمی کوردستان سەردانێکی گرنگبوو، بەتایبەت هەرێم و ئێران پەیوەندی مێژوویی و سنوری هاوبەش لە نێوانماندا هەیە."

هەروەها وتیشی،"ئێمە ئەو پەیامەمان گەیاندووە، دەمانەوێت فاکتەری سەقامگیری و ئارامی بین لە ناوچەکە، هەرێم هەڕەشەو سەرئێشە نییە بۆ هیچ لایەک، بەڵکو هەرێمی کوردستان دەیەوێت ڕۆڵی باش بگێڕێت و سەلماندووشمانە."

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک کۆماری ئێران سەردانی شاری سلێمانی کردو لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتدا کۆبوویەوە.

لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سلێمانی، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند،"

سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سلێمانی و بەسەرکردنەوەی مەزاری مام جەلال، جەختکردنەوەیە لە بەردەوامی و بەرەوپێشبردنی زیاتری ئەو پەیوەندییە مێژووییەی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێتی لەگەڵ ئێران کە مام جەلال بەردی بناغەی داناوە."

سەرچاوەیەکی نزیک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سلێمانی جیاواز بوو لە سەردانەکانی بۆ بەغداو هەولێر، چونکە ئەو دوو شارە پایتەختی عێراق و هەرێمی کوردستانن."

سەرچاوەکە دەڵێت،"سەردانەکەی پزیشکیان بۆ سلێمانی بۆ دووپاتکردنەوەی پشتگیری ئێران بوو بۆ یەکێتی، چونکە پزیشکیان دەیتوانی لە هەولێر چاوی بە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بکەوێت، بەڵام کاتێک خۆی هاتە سلێمانی ئاماژەی تێدابوو."

سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ شاری هەولێر لەکاتێکدایە، پێشتر شاری هەولێر لەلایەن ئێرانەوە بە یەکێک لە پێگەکانی ئیسرائیل دادەنراو چەندین جار ئەو شارە کەوتە بەر هێرش و پەلاماری ئێران و میلیشیا شیعەکان.

ڕۆژی 6 ی مانگی 5 ی 2024 ، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، سەردانی وڵاتی ئێرانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامدا. دوای سەردانەکە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و ئێران ڕووی لە ئاسایی بوونەوە کرد.

کاروخ خۆشناو، سەرۆکی ئەنیستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی- کوردی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر لە ڕابردوودا هەورازو نشێو یاخود ساردییەک لە نێوان هەرێم و ئێران دا هەبووبێت، ئەوا سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئێران بەستەڵەکەکانی تواندەوەو ساردی نێوان هەردوولای نەهێشت."

کاروخ خۆشناو دەڵێت،"سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ هەولێر دەبێتە هۆی دروستبوونی قۆناغێکی نوێ، چونکە هەرێم و ئێران بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و ئەمنی هاوبەشیان هەیە."

سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، ناکۆکی قوڵ لەنێوان هێزە شیعەکان و محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەریهەڵداوە، بە تایبەت فشاری ئەو هێزانە بۆ سەر حکومەتی عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت.

XS
SM
MD
LG