ئەو مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی کە پێنج جۆری نوێی جاڵجاڵۆكەی دۆزیوەتەوە و بە ناوی کوردی تۆماری کردوون بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، دۆزینەوەکان دەیسەلمێنن کە کوردستان خاوەن سروشتێکی تایبەت بە خۆیەتی و دەبێت پارێزگاری لە ژینگەی گیاندارەکانی بکرێت لە دەستدرێژییەکانی مرۆڤ.
فەرهاد ئەحمەد خدر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی بایۆلۆجی كۆلێژی زانست لە زانكۆی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بۆ ئەوەی سروشتێکمان هەبێت کە سودی لێ ببینین، دەبێت جۆراوجۆری بپارێزین، بەو مانایەی لە مێرووێکەوە بۆ بەکتریا و کەڕوو هەتا دەگاتە دار بەڕوو و پڵنگ و داڵ و هەڵۆیەک. مرۆڤ سەنتەر نییە بەڵکو جۆرێکە لە جۆرەکان، بۆیە دەبێت زیادەڕۆییەکانی بۆ سەر سروشت کەمبکرێتەوە، ئەوەی کە پێویست نییە نەکرێت، بۆ ئەوەی جۆراوجۆریمان هەبێت و سروشتێکی تەندروستمان هەبێت."
ئەو مامۆستایەی زانکۆی سلێمانی کە توێژینەوە لەسەر مێرووەکان و جالجاڵۆکە دەکات لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 74 جۆری جیاوازی جاڵجاڵۆکەی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کۆکردۆتەوە. نمونەی جاڵجاڵۆکەکان لەگەڵ شارەزایانی زانکۆی مەندێل لە کۆماری چیک و زانکۆی ئەڵای لە ڕوسیا و زانکۆی تورکو لە فنلەندا هاوبەشکراون، سەرەنجام دەرکەوتووە 5 لە جۆری جاڵجاڵۆکەکان نوێن و پێشتر لە هێچ شوێنێکی تری زەوی تۆمارنەکراون.
دواتر جالجاڵۆکەکان لە ژۆرناڵی زووتاکسا بەناوی كوردستان و گەرمیان و سۆران و گۆیژە و هەزارمێردەوە ناونراون، وە چوونە نێو لیستی زیاتر لە 50 هەزار جۆری جاڵجاڵۆکە کە لە سەرانسەری زەوی تۆمارکراون.
مامۆستا فەرهاد سەبارەت بە گرنگی دۆزینەوەکان بۆ کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای گوت، "ئەم دۆزینەوەیە ئەوە دەسەلمێنێت سروشتی ئەم ناوچەیە دەوڵەمەندە و تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئێمە کە هەمیشە باسی کوردستان و مێژوو و جوگرافیاکەی دەکەین، میلەتانی دەوروبەرمان دەپرسن، 'ئێوە چیتان جیاوازە؟' دەتوانین بڵێین، 'یەکێک لەجیاوازییەکان ئەوەیە ئێمە سروشت و گیانداری جیاوازمان هەیە لەوانەی ئێوە ناچن.' کەواتا ئێمە سروشتێکی جیاوازمان هەیە."
جیهانی جاڵجاڵۆکەکان وەکو گیاندارانی تری سەر زەوی ئاڵۆزە و چەندین تایبەتمەندی سەرنجڕاکێشی هەیە. بۆ نمونە، زۆربەی جاڵجاڵۆکەکان هەشت چاویان هەیە کە لە ڕێگەیانەوە دەتوانن بیناییەکی نزیکەی 360 پلەیان هەبێت، ئەمە جگە لەوەی دەتوانن هەندێک ڕەنگ ببینن کە چاوی مرۆڤ ناتوانێت بیانبینێت. هەروەها لەنێو هەندێک جۆری جاڵجاڵۆکەکان، مێینەکان دوای جووتبوون نێرینەکان دەخۆن، وە تەنانەت لەنێو هەندێک جۆری جاڵجاڵۆکە نێرینەکان خۆیان دەخەنە نیو دەمی مێینەکان بۆ ئەوەی "بە زۆر" ببن بە خۆراکی مێینەکان. ئەمە جگە لەوەی جاڵجاڵۆکەکان بە زیرەکی لە ڕاوکردن ناسراون؛ بۆ نمونە، 100 جۆریان شێوازی خۆیان دەگۆڕن بۆ شێوەی مێروو هەتا لەو ڕێگەیەوە خۆیان لە ڕاوکردن بپارێزن و بتوانن مێروو ڕاوبکەن.
مامۆستا فەرهاد ئەحمەد خدر بەداخە لەوەی بەشێکی خەڵکی مێرووەکان و جاڵجاڵۆکەکان بە بێ بەها سەیردەکەن. ئەو دەڵێت جاڵجاڵۆکە "کۆڵەکەیەکە" لە هەمەچەشنی سروشت و دەبێت بە بایەخەوە سەیربکرێت.
مامۆستا فەرهاد بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەگەر بتەوێت ژینگەدۆست بیت، دەبێت لەوە تێبگەیت کە لە سروشتدا تەنها شتە بەرچاوەکانی وەکو دار و چۆلەکە نین، بەڵکو کۆمەڵێک گیاندار هەن لەبەرچاو نین بەڵام کۆڵەکەی سیستەمە ژینگەییەکەن...بۆ نمونە، خۆراکی چۆلەکەکان بە شێوەیەکی گشتی لەسەر میرووەکانە؛ مێرووەکان هۆکارن بۆ پیتاندنی گوڵەکان و دارودرەختەکان. ئەگەر مێرووەکان نەبن دارودرەخت و گوڵ نابێت، مێرووەکان نەبن باڵندە و کۆمەڵێک گیانداری تر نابن. هەموویان تەواوکەری یەکترن."
مامۆستاکەی زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای توێژینەوەکان، بەڵام گرنگی بە پاراستنی ژینگەی بوونەوەرانی ناوچەکان نەدراوە، بەتایبەت لە پرسی کۆنترۆڵکردنی سنورەکان بۆ ڕێگری لە هاوردەکردنی گیاندارە نامۆکان بە سروشتی کوردستان "کەمتەرخەمییەکی زۆر زۆر هەیە."