Accessibility links

حزبوڵا هەڕەشە دەکات تۆڵەی تەقینەوەی پەیجەرەکان بکاتەوە


حزبوڵا و حکومەتی لوبنان ئیسرائیل بە هۆکاری تەقینەوەی ئەو پەیجەرانە دەزانن کە ئەندامانی حزبوڵا بەکاریان دەهێنا و لە ڕۆژی سێشەممەدا بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 12 کەس و برینداربوونی نزیکەی دوو هەزار و 800 کەسی دیکە.

حزبوڵا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە شەڕی دژی ئیسرائیل بۆ پشتیوانی لە چەکدارانی حەماس لە غەززە، هەروەها گوتیشی پێویستە ئیسرائیل چاوەڕێی "سزای توند" بکات.

ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو ڕووداوە نەدا، کە دوای ماوەیەکی کەم پاش ئەوە ڕوویدا کە حکومەت ڕایگەیاند ئامانجەکانی جەنگی دژی حەماس لە غەززە فراوانتر دەکات، هاوکات سەرنجی لەسەر ئاسایشی باکوری ئیسرائیل بووە هاوکاتی ململانێ لەگەڵ حزبوڵا لەسەر سنووری ئیسرائیل و لوبنان.

گومان لەوە دەکرێت کە بڕێکی کەمی تەقمەنی خراوەتە نێو پەیجەرەکان پێش ئەوەی بگەیەنرێنە ئەندامانی حزبوڵا. گروپەکە پشتی بەو ئامێرانە بەستووە، دوای ئەوەی سەرۆکەکەی فەرمانی بە ئەندامەکانی کرد بەکارهێنانی مۆبایل ڕابگرن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە نیگەرانی هەبوو لەسەر ئەوەی هەواڵگری ئیسرائیل دەتوانن ئاگاداری پەیوەندییەکانیان بن.

هسو چینگ کوانگ، دامەزرێنەری کۆمپانیای گۆڵد ئەپۆلۆ کە بنکەکەی لە تایوانە، ئەمڕۆ چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، کۆمپانیاکەیان ئەو پەیجەرانەی دروست نەکردووە، بەڵکو مۆڵەتی بەکارهێنانی مارکەکەی داوە لەسەر ئەو ئامێرانەی کە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەناوی BAC بەرهەمهێنراون و فرۆشراون.

میدیای دەوڵەتی ئێران بڵاویکردەوە، موجتەبا ئەمانی باڵیۆزی وڵاتەکە لە لوبنان لەنێو ئەو کەسانەدایە کە بەهۆی تەقینەوەی پەیجەرێکەوە برینداربوون.

پشتیوانی ئێران لە حزبوڵا و حەماس و ململانێ بەردەوامەکانی غەززە و بەدرێژایی سنووری ئیسرائیل و لوبنان مەترسییەکانی فراوانتربوونی شەڕێکی ناوچەیی دروست کردووە.

تەقینەوەکانی پەیجەرەکان بووە هۆی ئەوەی ڕۆژی چوارشەممە داواکارییەکان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی شەڕەکە نوێ بکرێتەوە.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتیی ئەورووپا، دۆخەکەی بە “لەڕادەبەدەر نیگەرانکەر” ناوبرد و ڕایگەیاند، لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ عەبدوڵا بو حەبیب، وەزیری دەرەوەی لوبنان تاوتوێی کردووە.

جۆزێف بۆرێل، گوتیشی ئەگەر تەنانەت هێرشەکان کە وەک دیارە کەسانی تایبەتی تیادا کراوەنەتە ئامانج بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا " زیانێکی زۆری بێجیاوازی بە خەڵکی سڤیلیش گەیاندووە، کە منداڵیش لەناو قوربانییەکاندا هەیە."

لە مۆسکۆ، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەوەی لە لوبنان ڕوویدا "بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەرێمەکە خۆی لە دۆخێکی هەستیاردایە وە هەموو ڕووداوێکی لەم شێوەیە دەکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ پەرەسەندن".

ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئەمەریکا "پێشوەختە ئاگاداری ئەم ڕووداوە نەبووە" و هێشتا "زانیاری کۆدەکاتەوە".

XS
SM
MD
LG