Accessibility links

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بڵاوکراوەیەک لەسەر کوژرانی ڕێبوار کەریمیان بڵاو دەکاتەوە


پێشمه‌رگه‌کانی کۆمه‌ڵه‌
پێشمه‌رگه‌کانی کۆمه‌ڵه‌

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا هەواڵی کوژرانی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی حزبەکە بە ناوی ڕێبوار کەریمیان ناسراو بە ڕێبوار دارسێران، پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت لە شەڕو پێکدادان لەگەڵ هێزە "داگیرکەرەکانی" کۆماری ئیسلامی ئێران کورژاوە.

دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەیانامەکەی ڕۆژی پێنجشەممەیدا دەڵێت لە ئەنجامی " تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە پیرانەکۆن دوای چەندین سەعات شەڕ و خۆڕاگری گیانی ئازیی بەختکرد."

ڕێبوار کەریمیان
ڕێبوار کەریمیان

هەروەها دەشڵێت لە کاتژمێر سێی بەرەبەیانەوە تا دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە شەڕەکە بەردەوام بووە "ناوچەکە لە ژێر ئاگری تۆپ و خومپارەدایە."

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گرتەیەکی ڤیدیۆیی ناوچەکەی بڵاو کردووەتەوە کە دەڵێت شەڕو پێکدادانەکان بەردەوامە و هەروەها ئاماژە بە کوژرانی سێ ئەندامی تری کۆمەڵە دەکات بەڵام ئەو هەواڵە پشتڕاست نەکراوەتەوە و خودی کۆمەڵەش لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی پێنەکردووە.

ململانێی نێوان پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و سوپای پاسداران نزیکەی دوو هەفتە دوای هەواڵی گواستنەوەی ئەندامانی ئەم حزبە لە کەمپی "زڕگۆز" لە نزیک شاری سلێمانیەوە بۆ کەمی سورداشە.

لە ساڵانی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی بە بیانووی بوونی حزبەکوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق، چەندین هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەم ناوچەیەدا ئەنجام داوە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەشدا دانیشتووانی ناوچەکە زیانی گیانی و داراییان لێکەتووەتەوە.

حکومەتی ئێران بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا گوشارەکانی لەسەر حکومەتی هەرێم و هەروەها حکومەتی عێراق زۆر کردووە بۆ چەککردن و دەرکردنی ئەندمانی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێم و عێراق.

XS
SM
MD
LG