بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن ڕایدەگەیەنێت، دروشمی لایەنە سیاسییەکان بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن توندی و سڕینەوەی یەکتری پێوە دیارە، بۆیە پێویستە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لێپێچینەوەی توند تا ئاستی دەرکردن لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانەدا بکات کە دەبنە مایەی کێشە و دروستکردنی توندوتیژی.
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لایەنەکان بانگەشەی ڕانەگەیەنراوی پێشوەختی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە، دروشمەکان تا ڕادەیەک توندن و سڕینەوەیان پێوە دیارە، گەر حزبەکان پابەند نەبن بە ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنەوە ڕەنگە لەکاتی بانگەشە دۆخەکە سەربکێشێت بۆ توندوتیژی."
چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی چوارشەممە، 25 ی مانگی نۆی 2024، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەست پێبکات، بەڵام لە ئێستاوە پارت و لایەنە سیاسییەکان گوتاری توند ئاراستەی یەکتری دەکەن.
ئارام جەمال دەڵێت، "گەر لە کاتی بانگەشە توندوتیژی ڕووبدات ڕەنگە ببێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکەش، بۆیە دەبێت تا ڕادەی دەرکردن کۆمیسیۆن سزای ئەو لایەنانە بدات کە پابەند نابن بە یاساو رێکارەکانەوەو توندوتیژی بەرهەم دەهێنن."
حزب و لایەنە سیاسییەکان ئامادەکاری تەواویان ئەنجامداوە بۆ کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام بە ڕای چاودێران دروشمەکانیان توندن و دژی یەکترین، ئەمەش وایکردووە چاوەڕوانی ڕوودانی ململانێی بەهێز بکرێت.
"خۆڕاگری و ئاوەدانی" دروشمی پارتی دیموکراتی کوردستانە، "کۆتایی پێ دەهێنین" دروشمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، هەروەها دروشمی نەوەی نوێ "درۆ دەکەن"و دروشمی بەرەی گەل "بە ئێمە دەکرێت"ە.
"ئیتر بەسە" دروشمی یەکگرتووی ئیسلامی و "ڕایاندەگرین" دروشمی کۆمەڵی دادگەرییە، لەکاتێکدا " متمانە نادۆڕێنین" دروشمی ڕەوتی هەڵوێستە.
ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین پێیوایە، دروشمی لایەنەکان بۆ کاتی هەڵبژاردن ئاساییە، گەر وڵات دیموکراسی و دامەزراوەیی بێت، بەڵام بۆ وڵاتێک چەک لای خەڵک و حزبە هەموو دروشمێک مەترسیدارە.
رەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە ئازادی ڕادەربڕین، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یاری تۆپی پێ لە نێوان دوو شار ڕوودەدات ترسمان لە گواستنەوەی دروشمەکانیان بۆ توندوتیژی هەیە، چ جای دروشمی لایەنەکان بۆ پرسێکی هەستیاری وەکو هەڵبژاردن."
هەروەها وتیشی،"کۆمەڵگا چەکدار کراوە، بۆیە هەموو پرۆسەیەک مەترسی هەیە ئاڵۆزی لێ بکەوێتەوە."
بڕیارە ڕۆژی 20 ی مانگی 10 ی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.