Accessibility links

خاڵە گرنگەکانی دیبەیتەکەی نێوان کاندیدەکانی کۆماری و دیموکراتەکان بۆ جێگری سەرۆک


تم واڵز کاندیدی دیموکراتەکان بۆ جێگری سەرۆکایەتی ئەمەریکا و جەی دی ڤانس کاندیدی کۆمارییەکان شەوی سێشەممە لە کۆمەڵێک پرسی سیاسەتدا، لەنێویاندا کۆنترۆڵکردنی چەک، لەباربردنی منداڵ و پەرەسەندنی توندوتیییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، مشتومڕیان ئەنجام دا لە میانەی دیبەیتەکەیاندا لە نیویۆرک.

واڵز، فەرمانڕەوای مینیسوتا، گومانی خستە سەر لێهاتووی دانۆلد ترامپ کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا کرد بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکە و ڕەخنەی لە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا گرت بەهۆی بڕیارەکەی ساڵی 2018 بۆ کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییە ناوکییەکەی کە سنووری بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دانابوو.

واڵز گوتی "ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە سەرکردایەتییەکی جێگیر هەبێت" گوتیشی " وە جیهان چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەسەر سەکۆی دیبەیتەکە بینی، دانۆڵد ترامپێکی تەمەن نزیکەی 80 ساڵان ئەوە نییە کە لەم ساتەدا پێویستمانە."

ڤانس، سیناتۆرێکی ئەمەریکی نوێنەری ئۆهایۆ، بەرپەرچی دایەوە کە ترامپ لە ماوەی مانەوەی لە کۆشکی سپیدا، "رێگری کاریگەر"ی دروستکردووە و وایکردووە وڵاتان بترسن لەوەی " هێڵ ببەزێنن."

ڤانس گوتی "هێندەی فەرمانڕەوا واڵز دانۆڵد ترامپی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی ئاژاوەگێڕی، دانۆڵد ترامپ لە ڕاستیدا سەقامگیری لە جیهاندا دروست کرد".

یەکێک توندترین مشتومڕەکانی نێوانیان لەسەر تەوەری هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 بوو کە ترامپ بە جۆوو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دۆڕا. ترامپ چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لایەنگرانی لە مانگی یەکی ساڵی 2021دا هێرشیان کردە سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا بۆ تێکدانی پرۆسەی بە فەرمی ناساندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

واڵز شەوی سێشەممە گوتی، ئەوەی دوای هەڵبژاردنەکانی 2020 ڕوویدا، "هەڕەشەیەک بۆ سەر دیموکراسی" بێ وێنە بووە و ئەوەی سەرۆکێک دەیڵێت گرنگە. بە وردی پرسیاری لە ڤانس کرد کە ئایا ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا دۆڕا، ڤانس وەڵامی دایەوە و وتی "من سەرنجم لەسەر داهاتووە."

واڵز وتی " ئەمە وەڵام نییە."

ڤانس ئاماژەی بەوەشکرد، ترامپ لە ڕۆژی دەستبەکاربوونیدا بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەسەڵاتی گواستەوە و ڕایگەیاند، مەترسی لەسەر دیموکراسی لە ئەمەریکا هەڕەشەی سانسۆرکردنە. ئەو گوتیشی جێگری سەرۆک کامڵا هێرس، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، سەرقاڵی سانسۆر بووە "لە ئاستێکی پیشەسازیدا"، لەنێویاندا هەوڵی بێدەنگکردنی ڕەخنەکانی سۆشیال میدیا لە سیاسەتەکانی کۆڤید-19 دەدات.

هەروەها ڤانس ڕەخنەی لە هێرس گرت کە لە ماوەی مانەوەی لە کۆشکی سپیدا هیچ هەنگاوێکی نەناوە سەبارەت بەو پرسانەی کە دەڵێت دەیەوێت قسەیان لەسەر بکات.

ڤانس گوتی "ئەگەر کامڵا هێرس پلانی وەها گەورەی هەبێت بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی چینی ناوەڕاست، ئەوا دەبێ ئێستا ئەو پلانانە جێبەجێ بکات - نەک کاتێک داوای پلەبەرزکردنەوە دەکات، بەڵکو لەو کارەدا کە گەلی ئەمەریکا سێ ساڵو نیو لەمەوبەر پێیان بەخشیوە."

واڵز وەڵامی دایەوە و ئاماژەی بەوەدا کە کێ دەسەڵاتی دانانی هەندێک سیاسەتی هەیە، وەک ئەوەی کۆنگرێس هەندێک ستانداردی نیشتەجێبوون دروست بکات نەک جێگری سەرۆک.

هەروەها واڵز ڕەخنەی لە ترامپ گرت کە چوار ساڵ لە پۆستەکەیدا بووە بەبێ ئەوەی چارەسەری کێشەکانی وەک چاکسازییەکانی کۆچبەری بکات، هەروەها فشارەکانی ترامپ لەسەر کۆمارییەکانی کۆنگرێس لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتی بایدن کە بەشدارییان کردووە لە وازهێنان لە پڕۆژە یاسایەکی دوولایەنەی ئاسایشی سنوورەکان لە سەرەتای ئەمساڵدا.

واڵز سەبارەت بە کۆچبەری وتی زۆربەمان دەمانەوێت ئەمە چارەسەر بکەین. "دانۆڵد ترامپ چوار ساڵی هەبوو بۆ ئەوەی ئەم کارە بکات، بەڵێنی بە ئێوەی ئەمەریکییەکان دا کە چەندە ئاسان دەبێت".

کەیتی بریت، سیناتۆری کۆمارییەکان ڕایگەیاند، ڤانس هیوای بە دەنگدەران بەخشی و دۆسیەیەکی کاریگەر بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکی تری ترامپ دروستکرد.

بریت دوای دیبەیتەکە گوتی "پێموایە ئەو کارێکی زۆرباشی کرد لە بەستنەوەی ئەو خۆشگوزەرانییەی کە ئێمە وەک نەتەوەیەک هەستمان پێدەکرد لە سەردەمی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا، و توانی ئەو خۆشگوزەرانییە بهێنێتەوە، لە بەرامبەر کامڵا هێرس کە سێ ساڵ و نیوی هەبووە بۆ ئەوەی هەندێک لەم گۆڕانکاریانە بکات کە خۆی دەڵێت ئەو دەیەوێت ئێستا دروستی بکات ."

جاسمین کرۆکێت، ئەندامی کۆنگرێسی دیموکراتەکان ڕایگەیاند، واڵز ئامادەیی خۆی نیشانداوە لە هەر شوێنێک کە بتوانرێت ڕێککەوتن بێت و لەگەڵ پارتی نەیاردا کاربکات. ئاماژەی بەوەشکردووە، ڤانس لەکاتی بەشداریکردن لە کۆنگرێس دەرفەتی کارکردنی لەگەڵ دیموکراتەکان پێدراوە و ئەو کارەی نەکردووە.

کرۆکێت دەڵێت "پێموایە بەڕاستی جەی دی ڤانس خراوەتە دۆخێکی سەختەوە، ئەو دەبێت بەرگری لە کەسێک بکات کە ناتوانرێت بەرگری لێبکرێت. چەند جار پرسیاریان لەبارەی تۆماری ترامپ و ئەو شتانە کردووە کە ترامپ وتوویەتی، و بەڕاستی ئەویش وەڵامی نەبوو بۆی."

مشتومڕەکە تاکە مشتومڕ بوو لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی نێوان واڵز و ڤانس و دەکرێت دوا مشتومڕی ڕاستەوخۆی نێوان کاندیدەکانی هەردوو حزب بێت. تا ئێستا هیچ مشتومڕێکی دیکە لەسەر خشتەی کارەکانی نێوان ترامپ و کامڵا هێرس کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا نییە.

ڕاپرسییە نیشتمانییەکان دەریدەخەن کە هێرس کەمێک پێشکەوتنی هەیە بە بەراورد بە ترامپ، بەڵام بە کردەوە هیچ بۆشایییەک لە نێوانیاندا نییە لە چەند ویلایەتدا کە گرنگ دەبن لە بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتوو.

دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا توانیویانە پشت بە بینینی چەندین مشتومڕ ببەستن کە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا تێیدا بەشدارن، بەڵام ئەم خولە جیاواز بووە.

ترامپ بەشداری لە دیبەیتی مانگی حەوتی ئەمساڵدا کرد دژی جۆو بایدن سەرۆک کۆمار، ڕووداوێک کە بۆ بایدن بە باشی بەڕێوەنەچوو و بووە هۆی ئەوەی کە پارتەکەی داوای لێبکات بکشێتەوە. دوای ئەوەی هێرس بوو بە کاندیدی دیموکراتەکان، مانگی ڕابردوو لەگەڵ ترامپ لە دیبەیتێکدا ڕووبەڕووی یەک بوونەوە.

دەنگدەرانی شەش لە کۆی 50 ویلایەتی ئەمەریکا لە ئێستاوە دەنگی پێشوەختە دەدەن. مشتومڕی ڕۆژی سێشەممە لە کاتێکدایە کە ئەو ژمارەیە خەریکە فراوانتر دەبێت و تا 16ی مانگی دە 14 ویلایەتی دەنگدانی پێشوەختە تیایاندا دەستپێدەکات.

XS
SM
MD
LG