Accessibility links

ناسا بۆ پشکنینی نیشانەکانی ژیان کەشتییەکی ڕەوانەی یەکێک لە مانگەکانی موشتەری کرد


وێنەیەکی دروستکراوی هونەری کە ئەوە دەردەخات کەشتییەکەی ناسا چۆن پشکنین لەسەر ڕووکەشی مانگی یۆرۆپا دەکات.
وێنەیەکی دروستکراوی هونەری کە ئەوە دەردەخات کەشتییەکەی ناسا چۆن پشکنین لەسەر ڕووکەشی مانگی یۆرۆپا دەکات.

ئاژانسی ئەمەریکا بۆ واڵایی، ناسا، بە سەرکەوتوویی کەشتییەکی بەڕێکرد بۆ پشکنینی نیشانەکانی هەبوونی ژیان لەسەر مانگی یۆرۆپا لە هەسارەی موشتەری.

موشتەری پێنجەمین هەسارەیە لە کۆمەڵەی خۆری ئێمە و 11 جار فراوانترە لە زەوی.

بە گوێرەی یەکێتی نێودەوڵەتی فەلەکناسی، هەتا ئێستا 95 مانگ لە تیرەی موشتەری دەستنیشانکراون. چوارەم گەورەترین مانگی موشتەری کە بە یورۆپا ناسراوە بە یەکێک لە گونجاوترین شوێنەکانی کۆمەڵەی خۆر بۆ ژیان دادەندرێت.

زانایان پێشبینی دەکەن زەریایەک ئاوی سوێر لە ژێر ڕووکەشی بەستووی یورۆپا هەبێت کە دوو ئەوەندەی ئاوی سەر زەوی بێت؛ هەروەها دەڵێن ڕەنگە هەموو ئەو مادە کیمیاییانە لە مانگەکەدا هەبن کە پێویستن بۆ ژیان.

ئاژانسی ناسا ڕۆژی دووشەممە، 14ی دەی 2024، لە ویلایەتی فلۆریدا کەشتییەکی ئاسمانی بەڕێکرد بۆ یورۆپا وەک بەشێک لە ئەرکی یورۆپا کلیپەر بۆ لێکۆڵینەوە لە نیشانەکانی ژیان لە ژێر ڕووکەشی بەستووی ئەم مانگە.

دیمەنی کاتی هەڵدانی کەشتی ئاسمانی یورۆپا کلیپەر لە ویلایەتی فلۆریدا ڕۆژی 14ی دەی 2024.
دیمەنی کاتی هەڵدانی کەشتی ئاسمانی یورۆپا کلیپەر لە ویلایەتی فلۆریدا ڕۆژی 14ی دەی 2024.

بیل نێڵسن، بەڕێوەبەری ناسا، ڕایگەیاند، "پیرۆزبایی لە تیمەکەمان یۆرۆپا کلیپەر دەکەین کە یەکەم گەشتیان بۆ جیهانێکی ئۆقیانوس لە دەرەوەی زەوی دەستپێکردووە."

وتیشی، "بە گەڕان بەدوای نەزانراوەکاندا، یۆرۆپا کلیپەر یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ باشتر تێگەیشتن لەوەی کە ئایا ئەگەری ژیان هەیە نەک تەنها لەناو کۆمەڵەی خۆرەکەماندا، بەڵکو لە نێوان ملیارەها مانگ و هەسارەکانی پشت کۆمەڵەی خۆری ئێمە."

کەشتییەکەی یۆرۆپا گەورەترین کەشتی ئاسمانییە لە مێژووی ناسادا کە قەبارەکەی 5 هەزار و 700 کیلۆگرامە و تێچووەکەی 5.2 ملیار دۆلاری ئەمەریکییە.

کەشتییەکە گەشتێکی دورودرێژی نزیکەی 3 ملیار کیلۆمەتری لەپێشە و نزیکەی 5 ساڵ و نیو لە ڕێگا دەبێت بۆ گەیشتن بە خوڵگەی موشتەری.

دیمەنێکی ڕووی مانگی یۆرۆپا کە بە پشتبەستن بە وێنەکانی کەشتی گالەلێیۆ کێشراوە.
دیمەنێکی ڕووی مانگی یۆرۆپا کە بە پشتبەستن بە وێنەکانی کەشتی گالەلێیۆ کێشراوە.

ناسا دەڵێت دوای گەیشتن بە خولگەی موشتەری لە مانگی 4ی ساڵی 2030، کەشتییەکە بەرەوە مانگی یورۆپا دەڕوات و لە تەواوی گەشتەکەیدا 49 جار بە دەوری مانگەکەدا دەخولێتەوە.

لە ماوەی ئەرکەکەیدا، کەشتییەکە بە بەرزایی 25 کیلۆمەتر بەسەر مانگی یورۆپادا دەسوڕێتەوە و لە ڕێگەی ڕادارە بەهێزەکانیەوە دەتوانێت پشکنین بۆ ئاوی مانگی یۆرۆپا بکات کە بە چینێک سەهۆڵی ئەستوور داپۆشراوە.

ئەم کەشتییە توانای ڕاستەوخۆ دیاریکردنی ژیانی نییە لەسەر ڕووی یۆرۆپا، بەڵکو بەدوای نیشانەکانی هەبوونی ژیان لەو مادە کیمیایی و ئۆرگانیانە دەگەڕێت کە مەرجن بۆ هەبوونی ژیان.

زانایان پێشبینی دەکەن ڕووی مانگی یۆرۆپا پێکهاتبێت لە چینێک سەهۆڵی بەستوو بە قوڵایی 15 بۆ 24 کیلۆمەتر و زەریای ژێر چینە بەستووەکە پتر لە 120 کیلۆمەتر قوڵ بێت.

ئەگەر کەشتییەکە بتوانێت مەرجەکانی هەبوونی ژیان لەسەر مانگی یۆرۆپا پشتڕاستبکاتەوە، زانایان پێیان وایە ئیتر ئەمە دەبێتە هۆی کردنەوەی دەرگا بەڕووی ئەگەری هەبوونی ژیان لەسەر چەندین هەسارە و مانگ لە ناوەوە و لە دەرەوەی کۆمەڵەی خۆر.

XS
SM
MD
LG