Accessibility links

هەڵسەنگاندنێک بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان


پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە کۆتایی گەیشت و لە ئێستادا چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکرێت. بەو پێـیەی هەڵبژاردنی ئەم جارەی هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەچوو، تێڕوانینی جیاواز لەم بارەیەوە هەیە، هەندێک پێیان وایە باشتر پرۆسەکە بەڕێوەچووە و هەندێکیش دەڵێن هیچ جیاوازی نەبووە لەوانەی پێشتر کە لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەچوون.

دەپرسین:
ئەگەر پرۆسەی دەنگدانی ئەم جارە جیاوازی هەبووبێت، چین ئەو جیاوازییانە؟
ئایە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، هیچ متمانەی زیاتری بە پرۆسەکە دابوو؟
کاریگەری لەسەر ڕێژەی بەشداری خەڵک هەبوو؟

بیسەرانی بەڕێز من ژیار هەمەدم لەبەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، لەبابەتی ڕۆژی بەشی کوردی تاوتوێی پرسی هەڵسەنگاندنێک بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەین بەمیوانداری بەڕێزان:

کامەران خدر، شارەزا و چاودێری کاروباری هەڵبژاردن، لەهەولێرەوە

ڕێڤان عوسمان، توێژەر لە ناوەندی توێژینەوەی دەنگی نەتەوە، لە سلێمانیەوە

شێرزاد پیر موسا، چاودێر لەتۆڕی چاو بۆ دیموکراسی و مافی مرۆڤ، لەپارێزگای دهۆکەوە

ئەرسەلان عابد، نوێنەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردنەکان، لەپارێزگای هەڵەبجەوە

کامەران خدر،
بەشداری کردنی هاووڵاتیان لەم هەڵبژاردنە ڕێژەی بەرزتر بوو لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، چونکە ئەمجارە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی دەکرد، چونکە هاووڵاتیانی هەرێم بەگشتی بڕوایان بە دامودەزگای عێراق زیاترە وەک لەوانەی هەرێم.

بە بەراورد بەهەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ئاستی بەشداری دەنگدەر زیادیکردووە، ئەمەش هۆکارەکەی بۆئەوە دەگەڕێتەوە خەڵک متمانەی بەکۆمسیۆنی عێراق زۆرترە وەک لەوەی هەرێم، دڵنیایە دەنگەکەی نافەوتێ، جگەلەوەی تۆماری دەنگدەرانیش پاکرابوەوە، بەڵام خاڵی لاوازی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە بریتی بوو لەنەخوێندنەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی پەنجەمۆری دەنگدەر، کەمن پێشنیار دەکەم لەم بەرنامەیەوە لە پڕۆسەکانی داهاتوو، کۆمسیۆن بەتەنها پشت بە پەنجەمۆر نەبەستێ بەڵکو پشت بە(فەیسی)چاویش ببەستێت، خاڵێکی تری لاوازی پڕۆسەکە بریتی بوو لەپێشێلکاری ئاشکرای ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن کە کۆمسیۆنیش نەیتوانی رێگەی لەبگرێت ئەویش بەکارهێنانی مۆبایل بەشێوەی فراوان و وێنەگرتنی دەنگەکەی لەلایەن دەنگدەرەوە، ئەمەش بووە هۆی سوتانی ئەو هەموو دەنگە بۆ نموونە هەر لەدەنگدانی تایبەت ٢٦٨٥٨ دەنگ پوچەڵ بووە، کە دەکاتە لە ١٦%ی دەنگدانی تایبەت، ئەمەش بەشی زۆری پوچەڵکردنەوەی دەنگەکان هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی فشار لەسەر دەنگدەر، بێگومان دەرفەتی ساختەکاری و پێشێلکاری نەبوو، ئەگەرنا بەدڵنیایی لایەنەکانی دەسەڵات پەنایان بۆ شتی تر دەبرد، بەڵام هەر لە شاری هەولێر چەندین پێشێلکردنی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن هەبووە، هەر لە فشار و بە زۆربردنی خەڵک بۆ دەنگدان، هەڵواسینی وێنەی کاندید لەنزیک بنکەی دەنگدان یا خودی کاندید و لایەنەکان لەناو بنکەکە بانگەشەیان کردووە ئەمە پێچەوانەی تەواوی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن خۆی بوو بەداخەوە دەوبوو کۆمسیۆن توندتر بووایە لەسەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆی.

شێرزاد پیر موسا،

بواری ساختەکاری و ساختەکاری لەم هەڵبژاردنە هەرنەبوو، ئەویش بەهۆی پاککردنەوەی لیستی تۆماری دەنگدەران و بەکارهێنانی سیستمی بایۆمەتری کە هەرکەس بایۆمەتری نەبووایە نەیدەتوانی دەنگبدات، پڕۆسەی هێڵبژاردنەکەی ئەمجارە زۆر بێ فێڵ و ساختەکاری و زۆریش سەرکەوتوو بوو.

ڕاستە گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەی دەنگدەران بوو، بەلام ئەوەی بەدیکرا لەم هەڵبژاردنە چ دەنگدانی تایبەت، چ دەنگدانی گشتی دەنگی پوچەڵ بوو، کەئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تائێستاش هۆشیاری دەنگدان لای دەنگدەر کەمە.

هەنگاوەکانی کۆمسیۆن زۆر باشبوو جگە لەوەی چەند ئامێرێک لەکارکەوتن،هەروەها لەنزیک بنکەکانی دەنگدانیش هەندێک لەکاندیدەکان پێچەوانەی ڕێنماییەکانی کۆمسیۆن لەنزیک بنکەکانی دەنگدان یان ناو بنکەکان بانگەشەیان دەکرد.

ڕێڤان عوسمان


پڕۆسەی هەڵبژاردن لەسلێمانی تاڕادەیەک پڕۆسەکە باش بەڕێوەچوو، بەڵام ئەوەی هەیە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن نائومێدکار بوون ،چونکە خەڵک چاوەڕوانی گۆڕانکاری لەدەسەڵات و حکومەت دەکرد بەڵام بینیمان هەروەکجاران پارتی یەکەم و یەکێتی دووەم و لایەنەکانی تر لەدوای ئەوە بۆیە ئەوە نائومێدکار بوو بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی بەنیەتی گۆڕانکاری بەشداری دەنگدانیان کرد، یەکێک لەسیماکانی ئەم هەڵبژاردنە بوونی ژمارەیەکی زۆری دەنگی پوچەڵ بوو کە زیاتر لە ٥٠ هەزار دەنگبوو، ئەوەش بەهۆی ئەو فشارەی لەسەر دەنگدەر بەتایبەت هێزەچەکدارەکان هەبوو کە خەڵکیان ناچار دەکرد دەنگ بەکاندید و حزبێک بدات و وێنەی بگرێت خەڵکیش دوای دەنگدان و وێنەگرتنی دەنگەکەی پوچەڵ دەکردەوە.

مامۆستا ئەرسەلان عابد،

هاوشێوەی پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان لەشاری هەڵەبجەش لە ناوەندەکانی دەنگدان لەژێر فشاردا مۆبایل بەدەنگدەر بەکارهاتووە تا وێنەی دەنگەکەی بگرێت، ئەمەش هەم نهێنی دەنگدان و هەم بوونی فشار لەسەر دەنگدەر دووخاڵی نێگەتیڤی پڕۆسەکە بوون، سەرەڕای ئەوەی لەدەرەوەی بنکەکانی دەنگدان،لایەنی دەسەڵات و حزبی دەسەڵاتدار بنکەیان دانابوو، خەڵکیان بانگکدەکرد و فۆرمیان دەدانێ، تەنانەت کەسێک نەهاتایە بۆ دەنگدان ئۆتۆمبێلییان دەنارد بەشوێنیدا،.

بامن شتێک بڵێم ڕاستی ئەگەر هەندێک ساختەکاری جیاواز لەدەنگدانەکانی پێشوتر نەکراوە هۆکارەکەی بۆئەوە دەگەڕێتەوە کەسیستمەکە ڕێگەی بەو ساختەکارییە نەداوە،ئەگەرنا هەر پەشێلکارییەک توانیبێتیان ئەنجامیان داوە، بۆ نمونە هێنانی هێزی ئەمنی و بەرپرسی ئەمنی بۆ ناو بنکەکانی دەنگدان،بانگەشەی کاندید و هزبەکان لەنزیکی زۆری بنکەکانی دەنگدان، فشار و چاوسورکردنەوە و کڕینی دەنگ، چەندەها پێشێلکاری تر،بەڵام با لایەنی باشی پڕۆسەکەش باس بکەین، لایەنی تەکنیکی کەکەس نەیدەتوانی دەنگی دووبارە بدات، یاخود بەڕێوەچونی ئەو هەڵمەتە هەڵبژاردنە کراوەیەی لایەنەکان ئەمانە خاڵی باشی پڕۆسەکەبوون.

یەکەمین هەڵبژاردنە کەبەرپرسان لەئاستی باڵا دابەزاندە ناو خەڵک،خەڵک بۆی دەرکەوت بۆچون و دەنگی گرنگە چونکە لەهەڵبژاردنەکانی تر خەڵکی وا هەبووە وتویەتی ٢٥ جار دەنگی داوەتەوە،من دڵنیام حزب و لایەن و لیستەکانیش بۆ چوار ساڵی ئایندە پڕۆژەیان دەبێت.

خاڵێکی تر متمانەی خەڵک بەپڕۆسەکە چونکە لەبەغدادەوە کۆمسیۆن سەرپەرشتی دەکرد، ئەو شتەی لەبەغدادەوە بێت بەداخەوە خەڵکی هەرێم زیاتر بۆی سەلماوە کەئەمان ناتوانن دەستکاری بکەن، ئەمە هەر بابەتی کۆمسیۆن نیە بەئەزمون خەڵک ئەوەی بۆ سەلماوە بابەتی موچە دەبینین کەموچە لای هەرێم بوو بەناوی ئابوری سەربەخۆ چۆن ئابوریمان وێران بوو موچە دەستکاری دەکرا، بەڵام کەلەبەغدادەوە دێت دەستکاری ناکرێت.

XS
SM
MD
LG