Accessibility links

وتەبێژی هەسەدە: هێزەکانمان لە دێرەزۆر و ڕۆژئاوای فورات جێگیر بوون


فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕۆژی هەینی باسی لە مەترسی پێشهاتەکانی ئەمدواییەی سوریای لە دێرەزوور کرد و هەروەها هۆشداریشی سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش لە بیابانی دێرەزور دا.

شامی لەسەر پێگەی ئێکس (تویتەر) ڕاگەیاندنێکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ەڵێت "ئەو پێشهاتانەی لە زێدی خۆمان، سوریا ڕوودەدەن، مەترسی لەسەر ئاسایشی گەلەکەمان و ناوچەکەمان لە دێرەزۆر دروست دەکەن. بەتایبەت لە کاتێکدا گروپە بەکرێگیراوەکانی سەر بە تورکیای داگیرکەر و بەکرێگیراوانی داعش جارێکی دیکە لە بیابانی دێرەزۆر چالاکن."

شامی باسی لە هەنگاوەکانی هەسەدەش کردووە بۆ پاراستنی ناوچەکە و هاووڵاتیان و دەڵێت " لە پێناو پاراستنی گەلەکەمان، شەڕڤانانمان لە ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزور لە شارەکەو و ڕۆژئاوای فورات جێگیر بوون. ئامانجمان لەم پێشکەوتنەدا پاراستنی ئاسایشی گەلەکەمانە. بۆیە ئەم ئەرکە مێژووییە بە تەواوی ئەنجام دەدەین."

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ هەیەنی کشانەوەی لەناکاوی هێزەکانی حکومەتی سوریا و هاوپەیمانە ئێرانییەکانیانی لە دێرەزور ڕاگەیاند.

فەرهاد شامی وتەبێژی هەسەدە لە ڕاگەیاندنەکەیدا داوای پشتیوانی هاووڵاتیانیشی کردووە "سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەمان ئاراستەی هەموو گەلەکەمان دەکەین کە پێشوازیان لێکردوین و بە هەموو شێوەیەک هاوکاریان کردین. پێویستە هەموو گەل پشتیوانی شەڕڤانانمان بن بۆ ئەوەی شان بەشانی ئەوان خاکەکە لە هەموو هێرشێک بپارێزن."

پێشتریش مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " هێزەکانمان هەموو ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستنیان گرتووەتەبەر."

لە دواین پەرەسەندنەکاندا لە سوریا گرووپە چەکدارەکانی نەیاری ئەسەد بە سەرۆکایەتی هەیئەت تەحریر ئەلشام، پاش هێرشەکانی هەفتەی ڕابردوویان بۆ سەر حەلەب تا دێت زیاتر پێشڕەوی دەکەن و ناوچەی زیاتر کۆنترۆڵ دەکەن .سەرۆکی هەیئەت تەحریر ئەلشام دەڵێت دوا ئامانجمان ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدە.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی هەینی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پێشڕەوی هێزە چەکداران دەکات کە بە وتەی خۆی بەرەو پایتەختی سوریا دەڕوەن.

سەرۆک کۆماری تورکیا، کە بە ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنی یاخیبووان لە سوریا تۆمەتبارە، گوتیشی "ئیدلب، حەلەب، حەما، حومس و ئامانجەکەش بێگومان دیمەشقە و پێشڕەوییەکانی ئۆپۆزسیۆن بەردەوامە و هیوادارین ئەم بزووتنەوەیە لە سوریا بە سەلامەتی بەردەوام بێت."

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم بابەرتە لە فرانس پریس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG