سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە وتارێکی تەلەفیزیۆنیدا پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەدی بە " کردارێکی بنەڕەتی دادپەروەری" ناودێرکرد.
سەرۆک بایدن لە کۆشکی سپی گوتی "دوای سیازدە ساڵی شەڕی ناوخۆ لە سوریا، زیاتر لە نیو سەدی دەسەڵاتی تاکڕەوی دڕندانەی بەشار ئەسەد و باوکی هێزەکانی سەرهەڵداوان فشاریان بۆی برد دەستبەرداری دەسەڵات بێت، وڵاتەکەیان ئازاد کرد. دڵنیانین ئێستا لە کوێیە بەڵام قسە هەیە لە ڕووسیا بێت."
بایدن گوتیشی "ڕژێمی درێژدەمی بەشار ئەسەد ڕووخا. ئەم ڕژێمە سەدان هەزار سوریایی بێتوانی بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە داوە و کوشتووە. ڕووخانی ڕژێمەکە کردارێکی بنەڕەتی دادپەروەرییە. ساتێکی دەرفەتی مێژووییە بۆ خەڵکی سوریا، کە لەمێژە مەینەتی دەبینن، بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ وڵاتە سەربەرزەکەیان."
گوتیشی "ئەمەریکا لەگەڵ هاوبەشەکان و لایەنەکانی سوریادا کار دەکات تا هاوکاریان بکات بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە. بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکان. "
بایدن ستایشی کردارەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی کرد بۆ لاوازکردنی ڕووسیا و ئێران و حزبوڵا کە پشتیوانی ئەسەد بوون و گوتی "چەندین ساڵە ، ئێران، حزبوڵا و ڕووسیا پشتیوانی سەرەکی ئەسەد بوون بەڵام لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا پشتیوانییەکانیان ڕووخا، هەرسێکیان، چونکە هەرسێکیان زۆر لاوازترن لەو کاتەی کە من دەسەڵاتم گرتە دەست."
سەرۆک بایدن پلانەکانی ئەمەریکای خستە ڕوو بۆ داهاتوو لە سوریا و گوتی "پشتیوانی وڵاتانی دراوسێی سوریاش دەکەین لە ناویاندا ئوردن، لوبنان، عێراق و ئیسرائیل لە هەر مەترسییەکی لە دەمی ئەم قۆناغی گواستنەوەیەدا ڕووبەڕوویان بێتەوە."
گوتیشی ئەمەریکا هاوکاردەبێت لە سەقماگیری "لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ پاراستنی هێزەکان، کارمەندەکانمان بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک، و بەردەوام دەبین لە ئەرکەکەمان دژی داعش، لەنێویاندا ئاسایشی ئەو زیندانانەش کە چەکدارانی داعشیان تێدایە."
بایدن گوتیشی " ئێمە لەگەڵ هەموو گروپە سوریاییەکان پەیوەندی دەکەین، لەنێویاندا ئەوانەش کە لەو پرۆسەیەدان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕێبەرایەتی دەکرێت، بۆ دامەزراندی گواستنەوەیەک دوور لە ڕژێمی ئەسەد."
هەر لە ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی هەڵبژێردراو دانۆڵد ترامپ ڕایگەیاند ڕژێمەکەی ئەسەد ڕووخا چونکە ڤلادمێر پوتنی هاوپەیمانی نزیکی " چیتر خواستی ئەوەی نەبوو بیپارێزێت."
ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث نوسیویەتی " ئەسەد نەما. لە وڵاتەکەی هەڵات. پارێزەرەکەی، ڕووسیا، ڕووسیا، ڕووسیا، بە سەرکردایەتی ڤلادیمیر پوتن، چیتر گرنگی نەدا بە پاراستنی. ڕووسیا و ئێران لە ئێستادا لە دۆخێکی لاوازکراودان، یەکێکییان بەهۆی ئۆکرانیا و ئابوورییەکی خراپەوە، ئەوی دیکەیان بەهۆی ئیسڕائیل و سەرکەوتنی لە شەڕەکاندا."
ئەمەریکا نزیکەی 900 سەربازی لە سوریا هەیە، لەنێویاندا ئەو هێزانەش کە لەگەڵ کوردەکان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کاردەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر سەرهەڵدانەوەی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
بایدن لە وتارەکەی ڕۆژی یەکشەمەمدا گوتیشی هێزەکانی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە دەیان هێرشی وردیان لەناو سوریا ئەنجامداوە کە کەمپەکان و حەشارگەکانی گروپی چەکداری داعشیان کردووەتە ئامانج.
گرووپە چەکدارەکان بە سەرۆکایەتی هەیئەت تەحریر ئەلشام هەفتەی ڕابردوو هێرشەکانیان دەستپێکرد و ڕۆژی یەکشەممە دیمەشقی پایتەختیان گرت. ڕێکخراوی هەیئەت تەحریر ئەلشام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بایدەنەوە وەکو گرووپێکی تیرۆرستی دەستنیشان کراوە بەهۆی ئەوەی باڵی ئەلقاعیدە بووە لە سوریا، هەرچەندە ئێستا دەڵێت پەیوەندی بە ئەلقاعیدەوە نەماوە.
بایدن وتی " بە وریاییەوە مامەڵە دەکەین"، و گوتیشی "هەڵە مەکەن، هەندێک لەو گروپە یاخیبووانەی کە ئەسەدیان ڕووخاندووە، پێشینەی تاریکی خۆیان هەیە لە تیرۆر و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤدا." ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گرووپانە "ئێستا قسەی دروست دەڵێن".
بەڵام گوتیشی " لە کاتێکدا ئەمانە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەرە، ئێمە نەک تەنها بە قسەکانیان بەڵکو بڕیار لەسەر کردەوەکانیان دەدەین."
گرووپەکە ڕایگەیاندووە لێبوردەیی ئاینی پەیڕەو دەکات و ڕێز لە فرە کولتوری خەڵکی سوریا دەگرێت، بەڵام شڕۆڤەکاران دەڵێن بەهۆی پاشخانەکەی متمانە بە قسەکانی ناکرێت.