Accessibility links

کاردانەوەی جیهان سەبارەت بە کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد لە سوریا


ئەمانەی خوارەوە کاردانەوەکانن لە سەرانسەری جیهاندا بۆ ڕووداوەکانی ناو سوریا.

گروپە یاخیبووە چەکدارییەکانی سوریا ڕۆژی یەکشەممە دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری دیمەشق دوورخستنەوەی بەشار ئەسەدییان ڕاگەیاند، ناچارییان کرد هەڵبێت و کۆتایی بە دەسەڵاتە دەیان ساڵەکەی خێزانەکەی بهێنێت دوای زیاتر لە 13 ساڵ لە شەڕی ناوخۆی سوریا.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەرۆک بایدن و تیمەکەی لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتە سەرسوڕهێنەرەکانی ناو سوریا دەکەن و لە پەیوەندیدان لەگەڵ هاوبەشەکاندا لە ناوچەکەدا."

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ

ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث نوسیویەتی " ئەسەد نەما. لە وڵاتەکەی هەڵات. پارێزەرەکەی، ڕووسیا، ڕووسیا، ڕووسیا، بە سەرکردایەتی ڤلادیمیر پوتن، چیتر گرنگی نەدا بە پاراستنی. ڕووسیا و ئێران لە ئێستادا لە دۆخێکی لاوازکراودان، یەکێکییان بەهۆی ئۆکرانیا و ئابوورییەکی خراپەوە، ئەوی دیکەیان بەهۆی ئیسڕائیل و سەرکەوتنی لە شەڕەکاندا."

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد ئۆفیسەکەی جێهێشتووە و وڵاتەکەی جێهێشتووە دوای ئەوەی فەرمانی کردووە کە دەبێت ڕادەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە بێت.

وەزارەتەکە نەیوت ئەسەد ئێستا لە کوێیە و وتی ڕووسیا بەشدار نەبووە لە گفتوگۆکاندا لەسەر ڕۆیشتنی. وتیشی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سوریا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، بەڵام لە ئێستادا هیچ مەترسییەکی جددی نیە لەسەرییان. مۆسکۆ لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سەرجەم گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات خۆیان لە توندوتیژی بە دووربگرن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەوحە وتی سوریا گەیشتووەتە قۆناغێک کە گەلی سوریا خۆی داهاتووی وڵاتەکەیان دیاری دەکات، ئەمڕۆ هیوایەک هەیە. گەلی سوریا ناتوانێت ئەمە بە تەنها بکات. تورکیا گرنگییەکی زۆر دەدات بە سەروەری خاکی سوریا. بەڕێوبەرایەتییەکی نوێی سوریا دەبێت بە شێوەیەکی کراوەیی دابمەزرێت، نابێت ئارەزووی تۆڵەکردنەوە هەبێت.

وتیشی سوریای نوێ نابێت مەترسی بێت لەسەر دراوسێکانی، دەبێت مەترسییەکان لە ناوبەرێت.

دانیێڵ شاپیرۆی جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت ئەمەریکا بوونی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دەپارێزێت و ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش.

شاپیرۆ داوای لە سەرجەم لایەنەکانی ناو سوریا کرد هاووڵاتیانی سڤیل بپارێزن و ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک وتی " ئەوە مەحاڵە بزانێت ئێستا لە سوریادا چی ڕوودەدات. بەڵام شتێک ڕوونە: بۆ ملیۆنان خەڵک لە سوریا، کۆتایی هاتنی ئەسەد هەناسەیەکی گەورەی حەسانەوەیە دوای ئەو کارە دڕندانەی کە لەلایەن ڕژێمەکەی ئەسەدەوە ئەنجام دران."

وتیشی " ئەسەد خەڵکەکەی خۆی کوشت، خەڵکەکەی خۆی ئەشکەنجەدا و گازی ژەهراوی دژییان بەکارهینا. ئێستا دەبێت لەسەر ئەمە لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت."

وتیشی " نابێت ئێستا وڵاتەکە بکەوێتە ژێر دەستی توندڕەوەکانەوە. لەبەرئەوە ئێمە داوا لە سەرجەم لایەنەکانی ململانێکە دەکەین پابەندی بەرپرسیارێتییەکانییان بن بەرامبەر هەموو سوریاییەکان. ئەمە پاراستنی کەمینە ئایینی و نەژادییەکانی وەکو کوردەکان و عەلەوییەکان یاخود کریستییانەکانیش دەگرێتەوە، هەروەها پڕۆسەیەکی سیاسیش کە هاوسەنگی لە نێوان گروپەکاندا دروست بکات."

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانی وتی " چاودێری پێشهاتەکانی ناو سوریا دەکەم، بەردەوام لە گفتوگۆدام لەگەڵ باڵیۆزخانەکەمان لە دیمەشق و ئۆفیسی سەرۆک وەزیریش. داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەم کردووە لە وەزارەتی دەرەوە."

جێگری سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ئانگێلا ڕاینەر وتی " دیکتاتۆری و تیرۆر کێشە دروست دەکەن بۆ گەلی سوریا کە ڕووبەڕووی زۆر بوونەتەوە و ناوچەکەش ناسەقامگیر دەکەن. لەبەرئەوەیە دەبێت چارەسەرێکی سیاسییمان هەبێت کە تێیدا حکومەت لە بەرژەوەندی گەلی سوریا کار بکات."

" ئەوە ئەو جۆرە دیموکراسییەیە کە ئێمە دەڵێین ڕاستە بۆ جیهان، بە هیوای ئەوەی گەلی سوریا ئەوەی دەستبکەوێت."

وتیشی " ئەگەر ئەسەد ڕۆیشتبێت، ئەوە گۆڕانێکی باشە، بەڵام ئەوەی دواتر دێت دەبێت چارەسەرێکی سیاسیی بێت، دەبێت لە بەرژەوەندی گەلی سوریا کاربکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG