لە شاری مەنبەج لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب، دوای دوو هەفتە شەڕی سەختی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، هەسەدە ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام سەرباری ئاگربەستەکە هێرشەکان هەر بەردەوامن.
لە 27ی مانگی ڕابردووەوە چەکدارانی سەر بە تورکیا لە سێ لاوە لە مەنبج هێرشیان دژ بە هەسەدە دەستپێکرد. ڕۆژی دووشەممە مەنبەج لەلایەن چەکدارانەوە گەمارۆدرا و شەڕ و پێکدادان لەو شارە بەردەوام بوو.
ڕۆژی سێشەممە، چەکدارانی سەر بە تورکیا ڕوویان کردە پردی قارەقۆزاق لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات کە کۆبانێ و مەنبەج بەیەکەوە دەبەستێتەوە. لەوێ چەکدارەکان دەیانویست بچنە ناو کۆبانێ کە نزیکەی 25 کیلۆمەتر دوورە، بەڵام هەسەدە بەرەنگاریان بووەوە و چەکدارە هێرشبەرەکان پاشەکشەیان کرد بۆ کەناری ڕۆژئاوا.
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە درەنگانێکی ڕۆژی سێشەممە لەسەر پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند کە هەسەدە بە نێوەندگیری ئەمەریکا گەیشتووەتە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە شاری مەنبەج.
عەبدی گوتیشی "لە کاتێکدا بەرخۆدانی شەڕڤانانمان لە شاری مەنبەج بەردەوامە بۆ ڕاگرتنی فراوانبوونی هێرشەکان لە ڕۆژئاوای فوراتەوە، بە نێوەندگیریی ئەمەریکا گەیشتینە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە مەنبەج بۆ پاراستنی سەلامەتی خەڵکی سڤیل".
فەرماندەی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجیان ئەوەشە ئاگربەست لە تەواوی خاکی سوریا ئەنجام بدرێت.
عەبدی گوتی " بۆ داهاتووی وڵات، دەچینە ناو پڕۆسەی سیاسییەوە."
پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا زانا عومەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەڵێت لەم کاتەدا هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی کۆبانێ بەردەوامە. ڕۆژی چوارشەممەش چەکدارانی سەر بە تورکیا ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فوراتیان بۆردومان کردووە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ڕەققە و کۆبانێ و عەین عیسایان کردووەتە ئامانج. تورکیا سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییە هیچ لێدوانێکی نەداوە.
لە کۆبانێ، ڕۆژی چوارشەممە، تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چوار هێرشی ئەنجامداوە.
ڕۆژنامەنووس ڕزوان بێزار کە لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا لە کۆبانێ کاردەکات، جەختی لەوە کردەوە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 3 کەس کوژراون و زیاتر لە 5 کەسیش بریندار بوون.
بێزار ڕایگەیاند "لە نێو قوربانییەکان ژن و منداڵ و تیمەکانی تەندروستی هەن".
هێرشەکان لە شاری ڕەققە
بەگوێرەی زانیارییە ناوخۆییەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە و تا کاتی نووسینی ئەم ڕاپۆرتە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەلانی کەم سێ جار شاری ڕەققەیان کردووەتە ئامانج. بەڵام زانیارییەکان سەبارەت بە قوربانییەکان پشتڕاست نەکراونەتەوە.
ڕەققە کە پایتەختی دیفاکتۆی داعش بوو، دوای ئازادکردنی لە ساڵی 2017ئاوەدانکرایەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا دەیان هەزار پەنابەری سووریایی پەنایان بۆ ئەوێ بردووە.
ڕۆژنامەنووس زانا عەلی کە لە شاری ڕەققە دەژی، باس لەوە دەکات هێرشەکانی تورکیا مەترسییەکی گەورەی لەناو کۆمەڵگادا دروست کردووە.
عەلی بە دەنگی ئەمەریکای گوت "لە ڕەققە 200 قوتابخانە هەیە کە پڕن لە پەنابەرانی تەلڕەفعەت و شەهبا. ئەوان بە کۆمەڵ هاتنە ڕەققەوە و شوێنێکی تریش نەبوو هەموویان چوونەتە نێو ئەو قوتابخانانەوە. ئێستا ئەو قوتابخانانە پڕن کە زۆربەشیان ژن و منداڵ و خەڵکی بەساڵا چوون کە نەخۆشیشیان زۆر تێدایە."
نەخشەی کۆنترۆڵ لە دێرەزور
شەوی سێشەممە هەسەدە لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری فورات لە دێرەزور کشایەوە و گەڕایەوە بۆ بنکەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی فورات. هەسەدە ئەو ناوچەیەی ڕادەستی ئەو هێزە چەکدارانە کرد کە لەلایەن هەیئەت تەحریر ئەلشام (HTS) ڕێبەرایەتی دەکرێن.
ڕۆژی هەینی شەشی مانگی 12 بە شکستی ڕژێمی ئەسەد، هەسەدە هاتە ناو شاری دێرەزۆر و کەناری ڕۆژئاوای فورات.
سەرکردەکانی هەسەدە دەڵێن ئەو کارەی ئەوان لەو کاتەدا بە ئامانجی ڕاگرتنی داعش بووە.
پێش ڕووخانی ئەسەد، دێرەزۆر و دەوروبەری چالاکترین ناوچەی داعش و میلیشیاکانی سەر بە ئێران بوون.
ڕۆژنامەنووس ئێگید مشمش دەڵێ، گەورەترین مەترسی گەڕانەوەی داعشە.
مشمش گوتیشی هەموو ئاماژەکانی ئێستا لە دێرەزۆر و بیابانی سوریا ئاماژەن بۆ گەڕانەوەی بەهێزی داعش.