Accessibility links

 
سەرکردەیەکی باڵای سوننە: یاسای لێبووردنی گشتی بەس نییە، بەڵکو دەبێت زۆرینەی زیندانیکراوان دادگایی بکرێنەوە چونکە بێتاوانن

سەرکردەیەکی باڵای سوننە: یاسای لێبووردنی گشتی بەس نییە، بەڵکو دەبێت زۆرینەی زیندانیکراوان دادگایی بکرێنەوە چونکە بێتاوانن


ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سوننە
ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سوننە

سەرکردەیەکی باڵای سوننە ڕایدەگەیەنێت، پشتگیری یاسای لێبووردنی گشتی دەکەن لە عێراقدا، بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ ئازاد بوونی هەزاران سوننەی "غەدر لێکراو" و ڕەخنەیان لە دەسەڵاتی دادوەری هەیە کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا گوایە فشاریان لە تۆمەتباران کردووە و بەو بیانوەشەوە هەزاران "بێ تاوانی سوننە" لە زیندانەکانن، بۆیە لە پاڵ یاساکەدا داوای پێداچوونەوە بە دۆسیەی زیندانیە سوننەکان دەکەن. و دەڵێت،" پرسی داعش ئیستیغلال کرا بۆ دەستگیرکردنی هەزاران سوننەی بێ تاوان لەسەر خاک و ئاوی خۆیان."

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سوننە لە کەرکوک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" سوننەکان دڵخۆشن بە یاساکە، بەڵام داوای لێکۆڵینەوەش دەکەین، چونکە بە یاساکە هەموویان دەرناچن لە زیندان و پێویستە دووبارە لێکۆڵینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێت، ئێمە ئیعترازمان هەیە لەسەر دەسەڵاتی دادوەری، زۆربەی گیراوان مەزڵوومن، ئێمە دەزانین بە زۆربەی دەستگیرکراوان بە تاوانی سوونی بوون و جاسووسی دەستگیرکراون، لە ماوەی داعشدا ئیستیغلالی ئەو دۆخە کراو سوونەیەکی زۆر دەستگیرکرا بە تاوانی داعش بوون لەسەر خاک و زەوی خۆیان بەڵام کران بە داعش، ئەمانە ژمارەیان زۆرە و زۆرینەیان مەزڵومن، دڵنیاین یاساکە باشە بۆ ئەو غەدرلێکراوانە."

وتیشی،" ئێمە پشتگیری تاوانباران ناکەین، بەڵام داکۆکی لە مافی غەدر لێکراوەکان دەکەین، زوڵمێکی گەورەیە لێیان دەکرێت، لە ناو زیندانەکانی عێراق زۆربەیان مەزڵومن، دادگای لێکۆڵینەوە و دادوەر و لێکۆڵەرەکان فشاریان لێکردوون لە کاتی لێکۆڵینەوەدا و ستەمیان لە دەستگیرکراوەکان کردووە، ئێستا ئەگەر لێکۆڵینەوە دووبارە بکرێتەوە زۆربەی ئەوانەی تاوانبارن بێ تاوان دەردەچن، با تیرۆرست و تاوانبارەکان دەرنەکرێن ئێمە لەگەڵیاندا نین و پشتیوانیان ناکەین، بە پێچەوانەوە با سزای یاسایی خۆیان وەرگرن، ئێمە داوای دادپەروەری و سەروەری یاسا دەکەین لە عێراق."

ڕۆژی 21ی مانگی یەک ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری لەسەر سێ پرۆژە یاسای هەستیاردا لە عێراقدا، کە ماوەیەکی زۆرە کێشمەکێشمی لایەنەکانی لەسەرە، یەکێک لەو یاسایانە یاسای لێبووردنی گشتیە، کە سوننەکان بە بەرژەوەندی خۆیانی دەزانن، بەو پێییە لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی سوننە بە سەرۆکایەتی بەعس دەسەڵاتی شیعە ژمارەیەکی زۆر لە سوننەکانی دەستگیرکردووە بە تۆمەتی داعشی بوون.

قبوڵکردنی یاسای لێبووردنی گشتی لە بەرژەوەندی سوننەکان بەرامبەر یاسای باری کەسێتی لە بەرژەوەندی شیعەکان و یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس تایبەت بە زەوی و زاری جوتیارانی کورد لە کەرکوک لە بەرژەوەندی کورد دەنگیان پێدراو پەرلەمانتارانی لایەنە جیاوازەکانیش نایشارنەوە کە دەنگدان بە سێ یاساکە بە ڕێککەوتنی هاوبەشی نیوان لایەناکن کراوە.

عەقیل فەتلاوی وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە لەگەڵ بڕیاری لێبوردنی گشتین و کێشەمان نییە لەگەڵیدا، چونکە پێشتر ڕێککەوتنمان کردووە لەگەڵ لایەنەکانی تردا لەسەری."

وتیشی،" بەڵام وەک شیعە لەگەڵ میکانیزمی دەنگدانی یاساکەدانین و ئەم میکانیزمە مخالەفەی یاسایە."

هەرچەندە ژمارەی ئەو کەسانەی لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە نادیارن، بەڵام بە قسەی پەرلەمانتارانی کورد یاساکە تەنیا بۆ ئەو کەسانە نییە کە بە تاوانی تیرۆر دەستگیرکراون، بەڵکو دۆسیەی چەندین تاوانباری تریش تێکەڵ بە یاساکە کراوە.

کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" جگە لە تیرۆر گەندەڵی و تەزویرات و ڕفاندن و مخابەراتی گرتۆتەوە، لە کاتێکدا عێراق پێویستی بەوەیە ڕێکاری یاسایی توندتر بگرێتە بەر تایبەت بە تیرۆر، و گەندەڵی و موخەدەرات کە دەردی کوشندەن لە عێراقدا."

وتیشی،" بڕگەی وا هەیە لە یاساکە هەستدەکەین بۆ کەسێک نوسراوە، لە کاتێکدا بە تاوانی گەدەڵی و موخەدەرات گیراوە. بەداخەوە وایان لێکرد کە وەک کورد ناچار بین دەنگی پێبدەین بەرامبەر بە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی و زاری کورد."

XS
SM
MD
LG