Accessibility links

شوانکارە کوردەکانی نزیک خورماتوو لە ترسی داعش چەک هەڵدەگرن


شوانکارە کوردەکانی سنوری ناحیەی زنانەی باکوری ڕۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی چەکدارانی داعش چەک هەڵدەگرن، بەو پێیەی لەکاتی لەوەڕاندنی مەڕ و ئاژەڵەکانیان داعش هەوڵی ڕفاندنیان دەدات.

ڕۆژی چوارشەممە، 19ی مانگی دووی 2025، ژمارەیەک چەکداری داعش هەوڵی ڕفاندنی سێ شوانکارەی کوردیان لە ناوچەی غەڕە و پەڵکانە دا. بەڵام شوانکارەکان ڕووبەڕووی هێزەکەی داعش بوونەوە و خۆیان ڕادەست نەکرد، هەتا ئەوکاتەی هێزی پێشمەرگە چوو بە هانایانەوە.

شوانێکی کورد لە سنوری ناحیەی زنانە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەمڕۆ هێزێکی داعش کە لە 7 چەکدار پێکهاتبوو بە جلی سەربازی و چەکی پێشکەوتوو هەوڵی ڕفاندنی سێ شوانیان دا، بەڵام هێرشەکەیان سەرکەوتوو نەبوو.

شوانەکە دەڵێت، "کاتێک چەکدارانی داعش لە سێ شوانکارەکە نزیک بوونەوە، شوانکارەکان ڕووبەڕوویان بوونەوە و دواتر هێزێکی پێشمەرگە لە گوندی دوراجییەوە چوو بە هانایانەوە، بەڵام چەند سەر مەڕێک لەکاتی شەڕەکەدا فیشەکیان بەرکەوتووە و مرداربوونەتەوە."

بەهۆی چۆڵبوونی گوندەکانی سنوری ناحیەی غەڕە و پەڵکانە و جموجۆڵی چەکدارەکانی داعش لەو سنورە، ناوچەکە پوش و پاوەنی زۆری تێدایە و شوانکارەکان زۆرجار بۆ لەوەڕواندنی مەڕ و ئاژەڵەکانیان دەچنە ئەو سنورەی داعشی تێدایە، سەرباری ئەوەی چەندین جار لەلایەن پێشمەرگەوە هۆشدارییان پێدراوە.

ناوچەی غەڕە و پەڵکانە پارێزگاکانی کەرکوک، سەڵاحەدین، دیالە و ناوچەی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە و بە یەکێک لە پێگە سەرەکییەکانی داعش لە عێراق دادەنرێت.

حەسەن گەرمیانی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و جێگری بەرپرسی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "داعش هەوڵی رفاندنی شوانکارەکان دەدات تا دواتر لەبەرامبەر پارەدا ئازادیان بکات و ئەمەش یەکێکە لەسەرچاوە داراییەکانیان."

دەشڵێت، "ناوچەی غەڕە و پەڵکانە لەلایەن داعشەوە بۆ مەشقکردن و گواستنەوەی هێزەکانیان لە نێوان پارێزگاکانی عێراق بەکاردەهێنرێت."

ناوچەکە هەتا ڕۆژی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدا بوو، بەڵام لە ئێستادا ئەم ناوچەیە دەکەوێتە نێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە، هیچ هێزێکی تێدا جێگیرنەکراوە و بەردەوام جموجۆڵی داعشی تێدایە.

ڕۆژی 10ی مانگی دووی 2025، فڕۆکە عێراقییەکان ناوچەکەیان بۆردومانکرد و بەو هۆیەوە چەند چەکدارێکی داعش کوژران.

جیاواز لە بۆردومانی بەردەوامی غەڕە و پەڵکانە لەلایەن فڕۆکە عێراقییەکانەوە، ناوبەناو هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەو ناوچەیە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجامدەدەن، بەڵام دوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنەکانیان دەکشێنەوە.

محەمەد گەرمیانی، کە فەرماندەیەکی سەربازییە لە قەزای خورماتوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "داعش بەردەوام هێزەکانی لەناوچەی غەڕە و پەڵکانە جێگۆڕکێ پێدەکات، ئەمە جگە لەوەی لەکاتی کوژرانی چەکدارەکانیدا بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە عێراقییەکانەوە، چەکداری نوێ لە ناوچەکانی ترەوە ڕەوانەی غەرە و پەڵکانە دەکات."

لە ڕۆژی 11ی دووی 2025، دەنگی ئەمەریکا لە زاری دوو سەرچاوەی باڵای سەربازییەوە سەرهەڵدانەوەی جموجۆڵی چەکدارانی داعشی لە ناوچەی غەڕە و پەڵکانە ئاشکراکرد، بەوەی چەکدارەکان چەکی پێشکەوتوویان پێیە و جلی سەربازیشیان لەبەردایە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە سنوری قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سنوری ناوچەی غەڕە و پەڵکانەن بەشێکیان خەڵکی ناوچەی سلێمان بەگ و گوندەکانی دەوروبەرین."

سەرچاوەکە دەڵێت، "هەر هێزێکی نوێی داعش بێتە سنوری غەڕە و پەڵکانە، ئەو چەکدارانەی داعش کە خەڵکی سنورەکەن و شارەزای جوگرافیای ناوچەکەن ڕێنوێنییان دەکەن."

سەرهەڵدانەوەی جوڵەکانی داعش بەرپرسانی باڵای عێراقی نیگەران کردووە.

ڕۆژی 8ی مانگی دووی 2025، دکتۆر فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، "جوڵەی داعش لە سنوری عێراق وسوریا جێگەی نیگەرانییە و پێویستە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئەو سنورانە بکرێت، چونکە داعش هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ناوچەکە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:00 0:00
XS
SM
MD
LG