Accessibility links

بۆڕێڵ دەستبەسەرکردنی دیپلۆماتێکی سویدی لە ئێران پشتڕاست دەکاتەوە


بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ
بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ

بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی سێشەممە دەستبەسەرکردنی دیپلۆماتێکی سویدی یۆهان فلۆدیروس لەلایەن بەرپرسانی ئێرانەوە لە ئێران پشتڕاست کردەوە، فلۆدیروس کار بۆ یەکێتی ئەوروپا دەکات و زیاتر لە 500 ڕۆژە لە ئێران دەستبەسەرکراوە.

جۆزێپ بۆڕێڵ لە کادێزی ئیسپانیا بە ڕۆژنامەوانانی وت بڕۆکسل " ماندوونەناسانە " هەوڵ دەدات بۆ ئازادکردنی دیپلۆماتکارە تەمەن 33 ساڵەکە.

ڕۆژی دووشەممە سوید بەشێکی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی پشتڕاست کردەوە کە باس لە بابەتی دەستبەسەرکردنی دیپلۆماتکارەکە دەکات، وتی هاووڵاتییەکی سویدی کە لە تەمەنی سییەکانیدایە لە مانگی چواری ساڵی 2022 ەوە لە ئێران دەستبەسەرکراوە.

بەڵام بۆڕێڵ وردەکاری زیاتری بڵاوکردەوە و ناوی هاووڵاتییەکەی بڵاوکردەوە و وتی کار بۆ دەستەی دیپلۆماتی یەکێتی ئەوروپا دەکات.

بۆڕێڵ وتی " ئەگەر ڕێگەم بدەن دەمەوێت شتێک بڵێم سەبارەت بە دۆسییەیەکی تایبەت، دۆسییەی بەڕێز فلۆدیروس، ئەو هاووڵاتییەکی سویدییە و کاری بۆ یەکێتی ئەوروپا کردووە و بە شێوەیەکی نایاسایی ماوەی 500 ڕۆژە لە ئێران دەستبەسەرکراوە."

وتیشی " دەمەوێت بە تایبەتی جەخت لەوە بکەمەوە کە تیمەکەم لەسەر هەموو ئاستەکان – دامەزراوە ئەوروپاییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی سویددا، لەگەڵ خێزانەکەی، هەوڵمانداوە فشار بخەینە سەر بەرپرسانی ئێران تاوەکو ئازادی بکەن."

وتیشی " هەر کاتێک کۆبوونەوەی دیپلۆماتیمان هەبووبێت، لە سەرجەم ئاستەکاندا، ماندوونەناسانە باسمان لەم پرسە کردووە."

بۆڕێڵ ئاماژەی بەوەدا " کارمان کردووە بۆ ئازادی بەڕێز فلۆدیروس و بەردەوام دەبین لە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ خێزانەکەیدا، ڕێز لە خواستی ئەوان دەگرین و بێگومان لەگەڵ حکومەتی سویدیشدا."

وتیشی " ئەمە لە ئەجێندای ئێمەدایە، لە دڵماندایە و ناوەستین هەتاوەکو فلۆدیروس ئازاد دەکرێت."

ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی بۆڕێڵ بە ئاشکرا باسی لەو بابەتە کرد، خێزانەکەی فلۆدیروس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وتی " ئێمە، خێزانی یۆهان، زۆر نیگەرانین و دڵشکاوین. یۆهان لە ماوەی پشوویەکدا لە ناکاو دەستگیرکرا و بەبێ هیچ هۆکارێک و ئێستا زیاتر لە 500 ڕۆژە لە ئێران لە زینداندایە."

وتیشی " دەزانین کە زۆرێک ماندوونەناسانە کار دەکەن بۆ ئازادکردنی و ئێمەش سوپاسگوزاری ئەوەین. لە هەمان کاتیشدا، هەموو ڕۆژێک بۆ ئێمە و لەسەروو هەمووشمانەوە بۆ یۆهان تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە."

وتی " دەبێت ئازاد بکرێت و دەستبەجێ ڕێگەی بدرێت بگەڕێتەوە ماڵەوە."

لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا ئێران ڕایگەیاند پیاوێکی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکردووە، ئەوەش دوو هەفتە دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی ئێرانی لە سوید سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپێندرا، بەهۆی ڕۆڵی ئەو کەسەوە لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1988 ی ڕژێمی ئێراندا کە هەزاران ڕکابەری لە سێدارەدا.

دادگایەکی سوید سەرۆکی پێشووی زیندانێکی ئێران حەمید نوری بە تاوانی " ئەنجامدانی تاوان دژ بە یاسای نێودەوڵەتی و کوشتن " تۆمەتبار کرد.

چەندین وڵاتی جیهان ئێرانییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پەیڕەوکردنی سیاسەتی " بارمتەی سیاسیی " و دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی ڕۆژئاوا بۆ سوود وەرگرتن لێیان لە ئازادکردنی زیندانییە ئێرانییەکاندا.

لە مانگی پێنجدا ئۆلیڤیێر ڤاندیکاستیل کە کارمەندێکی مرۆیی بوو، دوای ئەوەی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ماوەی 15 مانگ لە ئێران زیندانیکرا، لە ئاڵوگۆڕێکی زیندانییەکاندا لە بەرامبەر دیپلۆماتکاری ئێرانی ئەسەدوڵا ئەسەدی ئازاد کرا، ئەسەدی بە تۆمەتی پلانگێڕان بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەیەک لە گردبوونەوەیەکی گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا لە پاریس سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرابوو.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG