Accessibility links

چین دیپلۆماتکارێکی کەنەدا لە وڵاتەکە دەردەکات


ڕۆژی سێشەممە چین دیپلۆماتکارێکی کەنەدی لە شەنگهای دەرکرد، ئەوەش وەکو وەڵامێک دوای ئەوەی کەنەدا داوای لە دیپلۆماتکارێکی چینی کرد وڵاتەکە جێبهێڵێت، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لە نێوان دوو وڵاتەکەدا لە نێوەندی نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە کاریگەریی چین لە کەنەدادا.

ڕۆژی دووشەممە کەنەدا دیپلۆماتکاری چین ژاو ویی لە وڵاتەکە دەرکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ڕاپۆرتێکی هەواڵگری تۆمەتباری دەکات بە تۆمەتی بە ئامانجکردنی یاسادانەرێکی کەنەدی کە ڕەخنەی هەیە لە چۆنێتی مامەڵەکردنی چین لەگەڵ کەمینە موسوڵمانەکانی یوگۆردا.

وەزیری دەرەوەی کەنەدا میڵەنی جۆلی وتی " ڕێگە بە هیچ دەستوەردانێکی دەرەکی نادەین."

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی چین، چین بە کونسوڵی کونسوڵخانەی گشتی کەنەدا لە شەنگهای، جێنیفەر لین لالۆندی وتووە " وەکو وەڵامێک بۆ کارە بێ هۆکارەکەی " کەنەدا، داوا دەکەین تاوەکو 13 ی مانگی پێنج وڵاتەکە جێبهێڵیت.

وەزارەتەکە وتی چین مافی خۆیەتی وەڵامی زیاتریش بداتەوە.

گرژییە دیپلۆماتییەکانی نێوان کەنەدا و چین هێشتا لە ئاستێکی بەرزدان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2018 دا بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هواوی تەکنەلۆجیس مێنگ وانژو لە کەنەدا دەستگیرکرا و چین دوو هاوڵاتی کەنەدی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکرد. هەر سێ دەستگیرکراوەکە لە ساڵی 2021 دا ئازاد کران.

دەزگای سیخوڕی و هەواڵگری ئاسایشی کەنەدا لە ساڵی 2021 دا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لە کاریگەریی چین کردووە لە کەنەدادا، هەروەها باس لە چەند زانیارییەک دەکات سەبارەت بە ئەگەری هەبوونی مەترسی لەسەر مایکڵ چۆنگی ئەندام پەرلەمان و خێزانەکەی.

وردەکارییەکان سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە لە 1 ی مانگی پێنجدا دەرکەوتن، کاتێک ڕۆژنامەی گڵۆب و مەیڵ بڵاوییان کردەوە چین هەوڵی دەستکەوتنی زانیاری داوە لەسەر چۆنگ و خێزانەکەی لە چین، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی " بیکات بە نموونەیەک " و ڕێگری بکات لەوانی دیکەش کە هەڵوێستی دژ بە حکومەتی چینییان هەیە.

ڕۆژنامەی گڵۆب لە زاری سەرچاوەیەکی ئاسایشی نیشتیمانی نەناسراوەوە بڵاویکردەوە ژاو دەستی هەبووە لە کۆکردنەوەی زانیارییدا سەبارەت بە چۆنگ، چۆنگ لە ساڵی 2021 دا سپۆنسەری پڕۆژە بڕیارێکی سەرکەوتووی کرد کە تیایدا مامەڵەکردنی چینی لەگەڵ کەمینە موسوڵمانەکانی یوگۆردا بە کۆمەڵکوژی ناساند.

دوای ڕاگەیاندنەکە، چۆنگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " نەدەبوو حکومەت دوو ساڵی پێبچێت تاوەکو ئەم بڕیارە بدات."

چین دەڵێت هەرگیز دەستی وەرنەداوەتە کاروباری ناوخۆی کەنەداوە و هیچ بەرژەوەندییەکیشی لەو کارەدا نیە. کونسوڵخانەی گشتی چین لە تۆرۆنتۆ وتی ڕاپۆرتەکەی سەر چۆنگ " هیچ بنەمایەکی ڕاستیی تێدا نیە و بە تەواوەتی بێ بنەمایە."

چۆنگ وتی " زۆر نائومێد بووە " کاتێک لە ڕۆژنامەیەکەوە زانیویەتی کە مەترسی هەیە لەسەر ژیانی خێزانەکەی لە هۆنگ کۆنگ، هەروەها ڕەخنەی لە حکومەتەکەی ترودۆ گرت لەسەر ئەوەی هیچ کارێکییان نەکردووە. چۆنگ لە دوای ڕاپۆرتەکەی گڵۆبەوە چەند جارێک داوای دەرکردنی ژاویی کردووە.

ئێستا دەزگاکە فەرمانی پێکراوە دەستبەجێ زانیارییەکان سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەر ئەندامانی پەرلەمان و خێزانەکانییان بە حکومەت ڕابگەیەنێت.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کەنەدا چەندین ڕاپۆرتییان لە زاری سەرچاوە هەواڵگریییە نەناسراوەکانەوە بڵاوکردۆتەوە، کە تیایاندا باس لەوە دەکرێت بەرنامە هەن لەلایەن حکومەتی چینەوە بەڕێوەدەبرێن بۆ دەستوەردان لە دوایین دوو هەڵبژاردنەکانی کەنەدادا. پەکین ئەو جۆرە تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە.

پێشتر ترودۆ ئاماژەی بەوەداوە چین هەوڵیداوە دەستوەربداتە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2019 و 2021 ەوە، بەڵام هەوڵەکانییان ئەنجامی هەڵبژاردنەکانییان نەگۆڕیوە. هەروەها لێکۆڵەرەوەیەکی تایبەتی سەربەخۆی دەستنیشان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG