Accessibility links

ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکانی ئەمەریکا


ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکانی ئەمەریکا بەڕێوەچوو و دوایین دیموکرات کە لە دانۆڵد ترامپی بردەوە لەگەڵ دوایین دیموکراتدا کە بە ترامپ دۆڕا وتارییان پێشکەش کرد.

هیلاری کلینتن بە هیواوە قسەی کرد و وتی لە کۆتاییدا بەربەستەکان دەشکێن و ژنێک وەکو سەرۆکی ئەمەریکا هەڵدەبژێردرێت. جۆو بایدن هێرشی کردە سەر ترامپ و ڕاستەوخۆ دانینا بە نیگەرانییەکانی خۆپیشاندەرانی دژ بە جەنگەکەی غەززەدا کە لە نزیک هۆڵی کۆنگرەکە خۆپیشاندانییان دەکرد.

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەستپێکی کۆنگرەکەی بە ماڵئاواییکردن لە کارە سیاسییە دوورودرێژەکەی کۆتا هێنا و باسی لە میراتەکەی کرد و هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەیە بۆ ڕادەستکردنی دەسەڵات بۆ کامڵا هێرسی جێگری و بەربژێری دیموکراتەکان.

بایدن کاتێک چووە سەر سەکۆکە خەڵکەکە هەستان و چەپڵەیان بۆ لێدا و هاوارییان دەکرد " خۆشمان دەوێیت جۆو "، بایدنیش لە وەڵامدا پێی وتن " خۆشم دەوێن." دوای ئەو دەستپێکە، بایدن زۆربەی وتارە 50 خولەکییەکەی لە هێرشکردنە سەر ترامپ بەسەر برد، گەڕایەوە سەر لێدوانەکانی ئەو کاتەی کە خۆی بەربژێر بوو بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

بایدن باسی لە چەندین دەستکەوتی بەڕێوبەرایەتییەکەی کرد، بە پاکێجی گەورەی کاری گشتی و پڕۆگرامی کەش و هەواشەوە، بایدن ڕایگەیاند " ئەمەریکا سەردەکەوێت."

بایدن هێرسی بە " هاوڕێیەکی نزیک " ناوبرد و وتی هەڵبژاردنی هێرس وەکو جێگری خۆی باشترین بڕیار بووە کە دابێتی. هەروەها بەڵێنیدا یارمەتی هێرس بدات سەربکەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵێنیدا " باشترین خۆبەخش " بێت کە هێرس و واڵز بینبێتیان.

لە کۆتاییدا وتی " بۆ ماوەی 50 ساڵ باشترینی خۆمم پێشکەش کردوون."

کامڵا هێرس لە ناکاو بەبێ ئەوەی پێشتر پلانی بۆ داندرا بێت دەرکەوت و ستایشی بایدنی کرد، پێش ئەوەی وتارەکەی خۆی لە کۆنگرەکەدا پێشکەش بکات. هێرس بە سەرۆکی وت " سوپاس بۆ سەرکردایەتییە مێژووییەکەت، بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەمان، بۆ هەموو ئەو کارانەش کە بەردەوام دەبیت لە ئەنجامدانییان."

هێرس وتیشی " ئێمە بۆ هەمیشە سوپاسگوزاری تۆین."

جێی ئاماژەیە لە کۆنگرەکەی دیموکراتەکاندا سەرنجێکی کەم درا بە غەززە، بەڵام بایدن سەرنجی پێدا.

هەزاران کەس لە شەقامەکانی شیکاگۆ ڕێپێوانییان دەکرد دژی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسڕائیل لە ماوەی جەنگەکەی ناو غەززەدا. بەڵام لە ناو هۆڵی کۆنگرەکەدا، پرسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو پشتگوێ خرا هەتاوەکو ئەو کاتەی بایدن مایکرۆفۆنەکەی وەرگرت.

ئالیکساندرا ئۆکاسیۆ کۆرتێزی کۆماری چەپڵەی بۆ لێدرا کاتێک ستایشی هێرسی کرد لەسەر ئەوەی " ماندوونەناسانە کاردەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان." ڕافایل وارنۆکی سیناتۆریش لە جۆرجیا بە کورتی باسی لە جەنگەکە کرد.

کۆمەڵێک لە نوێنەران کە ڕایانگەیاندبوو پابەند نابن بە بەربژێری دیموکراتەکانەوە و ناڕەزاییان دەربڕیبوو لەسەر هەڵوێستی بایدن لەسەر جەنگەکە، لە ماوەی وتارەکەی بایدندا دروشمییان بەرز کردبووەوە و نوسرابوو " چیتر چەک مەدەن بە ئیسڕائیل."

بایدن باسی لە کێشەکە کرد و وتی " خەڵکێکی زۆری بێتاوان لە هەردوولا کوژراون."

هیلاری کلینتن وتارێکی پێشکەش کرد و هیوای خواست هێرس بتوانێت ئەوە بکات کە خۆی نەیتوانی بیکات، ببێت بە یەکەمین ژنە سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕێی سەرکەوتن بەسەر ترامپدا.

کلینتن باسی لەوە کرد کە خۆی و لایەنگرانی " درزییان خستووەتە ناو سەقفە شووشەکەوە." سەقفە شووشەکە کاتێک دەشکێت کە هێرس وەکو ژنێک ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا.

لە کۆتایی وتارەکەیدا وتی " دەمەوێت نەوەکانمان و نەوەکانی ئەوانیش بزانن کە لەم ساتەدا من لێرە بووم. ئێمە لێرە بووین و لە سەرجەم هەنگاوەکاندا لەگەڵ کامڵا هێرسدا بووین."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG