Accessibility links

لە کۆنگرەی دیموکراتەکاندا بایدن هەوڵی بەرزکردنەوەی پێگەی هێرس دەدات


ئەو وتارەی کە سەرۆک جۆو بایدن بە نیازە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە کۆنگرەی نیشتیمانی دیموکراتەکاندا پێشکەشی بکات لە شیکاگۆ، ئەو وتارە نیە کە سەرەتا لە مێشکیدا بوو.
لە کاتێکدا کە کۆنگرەکەی ساڵی 2020 بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ڕێی پەیوەندی ڤیدیۆییەوە ئەنجام درا، کۆنگرەی نیشتیمانی دیموکراتەکان لەم هەفتەیەدا دەبووە یەکەم کۆنگرە کە بایدن ڕاستەوخۆ کاندیدبوونەکەی لەلایەن پارتەکەیەوە پەسەند دەکرد. دەبوو ستایش بکرایە لەلایەن دیموکراتەکانەوە و ئامادە بکرایە بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا بۆ دووەمین جار.

پلانەکە بەوشێوەیە بوو هەتاوەکو 21 ی مانگی حەوت، ئەو ڕۆژەی کە بایدن ڕایگەیاند دەستبەرداری کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان دەبێت و پشتگیری خۆی بۆ جێگری سەرۆک کامڵا هێرس دەربڕی تاوەکو ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا و جێی ئەو بگرێتەوە. هەتاوەکو ئەو کاتە، تیمەکەی بایدن لە هەوڵی دروستکردنی وتارەکەیدا بوون بۆ کۆنگرەی نیشتیمانی دیموکراتەکان.

ئێستا دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ پێشکەشکردنی وتارێک بۆ پارتێک کە بە هەموو شێوەیەک دەریانخستووە کە ئامادەن ماڵئاوایی لە بایدنی تەمەن 81 ساڵ بکەن. بایدن بەربژێری دیموکراتەکان بوو بۆ سەرۆکایەتی بەڵام دوابەدوای دیبەیتە خراپەکەی بەرامبەر دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان، دیموکراتەکان ڕازی نەبوون لێی و هەندێکییان داوایان کرد دەستبەرداری کێبڕکێکە ببێت. دیموکراتەکان دوای بایدن دەستبەجێ سەنگییان خستەسەر کامڵا هێرس، ئەمەش لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بووە هۆی زیادبوونی پشتگیرییەکان لە دیموکراتەکان لە ڕاپرسییەکاندا.

ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڕاستییە بە لەسەرخۆیی و بە جوانیی بۆ هەر کەسێک بێت قورسە. ڕەنگە بە تایبەتی بۆ بایدن قورس بێت، کە پێنج دەیەیە لە سیاسەتدایە و لە دوای یەکەم کاندیدکردنی بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی 1988 ەوە داوای پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی کردووە.

بایدن چەند هەفتەیەک پێش ئەوەی بڕیاری کشانەوە بدات لە هەڵبژاردنەکان، لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ MSNBC دا وتی " بێزاربووە " بە هەندێک لە دیموکراتە باڵاکانی پارتەکەی. وتی " هەر یەکێک لەمانەی کە پێیان وایە من نابێت خۆم هەڵبژێرم؟ وەرە دژی من خۆت هەڵبژێرە. فەرموو خۆت وەکو کاندید بۆ سەرۆکایەتی ڕابگەیەنە. ڕووبەڕووم ببەرەوە لە کۆنگرەدا."

تۆماس شوارتزی مێژووناسی سەرۆکایەتی لە زانکۆی ڤاندەربیڵت وتی ڕۆژی دووشەممە بایدن ڕووبەڕووی " دۆخێکی بێپێشینەی مێژوویی " دەبێتەوە.

شوارتز بە دەنگی ئەمەریکای وت " بۆ یەک خول سەرۆک بووە و لەلایەن ڕابەرانی پارتەکەی خۆیەوە ناچار کرا دەستبەرداری کاندیدبوونەکەی بێت." سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی و ئۆباما و سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات چەک شومەر و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران هاکیم جێفریس ئێستا داوایان کرد بایدن پشتگیری خۆی بۆ جێگری سەرۆک دەرببڕێت. پێویست ناکات سیگموند فڕۆید بیت تاوەکو درک بەوە بکەیت کە بایدن ڕەنگە هەستێکی زۆر ناخۆشی هەبووبێت."

تەنها سەرۆکێک لە مێژووی نوێی دیموکراتەکاندا کە هەوڵیدابێت و شکستی هێنابێت لە دووبارە هەڵبژاردنەوەیدا وەکو سەرۆک جیمی کارتەر بووە، کە لە ساڵی 1980 دا بەرامبەر ڕۆناڵد ڕیگن شکستی هێنا. تەنها دیموکراتیش کە سەرۆکی ئەمەریکا بووە و جارێکی دیکە خۆی کاندید کردووەتەوە و دواتر کشاوەتەوە لێی لیندن جۆنسن بووە لە ساڵی 1968 دا، ئەوەش بەهۆی ناڕەزایی دەربڕینەکانەوە سەبارەت بە سیاسەتی بەڕێوبەرایەتییەکەی بۆ جەنگی ڤیێتنام.

دیموکراتەکان ڕێزیان لە بایدن گرتووە وەک سەرکردەیەکی گەورە کە وڵاتەکەی خستووەتە پێش بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیەوە. بایدن پێشبینی دەکرێت ڕۆژی دووشەممە لە وتارەکەیدا پێگەی هێرس بەرز بکاتەوە.

لە نموونەیەکدا لەسەر ئەوەی ڕەنگە ڕۆژی دووشەممە چی ڕووبدات، بایدن و هێرس ڕۆژی پێنجشەممە پێکەوە دەرکەوتن بۆ هاندان بۆ هەوڵەکانی بەڕێوبەرایەتییەکە بۆ کەمکردنەوەی نرخەکانی دەرمان، بایدن و هێرس هەردووکییان ستایشی یەکترییان دەکرد و چەپڵەیان بۆ یەکتر لێدەدا. لایەنگرانیش هاوارییان دەکرد " سوپاس جۆو."

پڕۆفیسۆر لە سیاسەت لە زانکۆی ڤێرجینیا جێنیفەر لاولێس بە دەنگی ئەمەریکای وت بایدن دەبێت پیشانی بدات کە بڕیارەکەی بۆ دەستبەرداربوونی لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان " بڕیارێک بووە کە خۆی داوییەتی." ئەمە خاڵێکی گرنگە بۆ بە درۆخستنەوەی کۆمارییەکان کە هەمیشە باس لەوە دەکەن بۆ ئەوەی لە پێگەی هێرس کەم بکەنەوە و دووبەرەکی بخەنە نێو دیموکراتەکانەوە و دەڵێن بایدن " ناچار کراوە " و کاندیدبوونەکەی " لێ دزراوە."

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا پێشنیاری ئەوەی کردووە کە بایدن ڕەنگە بە شێوەیەکی کتوپڕ لە کۆنگرەی نیشتیمانی دیموکراتەکاندا دەربکەوێت و جارێکی دیکە کاندیدبوونی بۆ سەرۆکایەتی وەربگرێتەوە.

ترامپ لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوسیویەتی " چی دەبێت ئەگەر جۆو بایدنی خراپترین سەرۆک لە مێژووی ئەمەریکادا کە سەرۆکایەتییەکەی لەلایەن کامابلا و باراک حوسەین ئۆباما و نانسی پیڵۆسی شێت و ئادەم شیف و چەک شومەری گرینۆک و ئەوانی دیکەی چەپی شێتەوە بە شێوەیەکی نادەستووری لێ دزراوە، بێتە ناو کۆنگرەی نیشتیمانی دیموکراتەکانەوە و هەوڵی بە دەستهێنانەوەی کاندیبوونەکەی بدات، سەرەتا بە داواکردنی دیبەیتێکی دیکە لەگەڵ مندا دەستپێبکات." ترامپ ناوی یەکەمی هێرسی لەو پۆستەدا بە هەڵە نوسیوە. وتیشی " بایدن هەست بەوە دەکات کە هەڵەیەکی تراجیدی مێژوویی کردووە بە ڕادەستکردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، هەست بە کودەتایەکی ئەو خەڵکانە دەکات کە زۆر ڕقی لێیانە و ئێستا سەرۆکایەتییەکەی دەوێتەوە."

ئەوە پێناچێت ڕووبدات، لەجیاتی ئەوە، لە ڕێی پشتگیریکردن لە هێرسەوە، بایدن هەوڵ دەدات میراتەکەی خۆی و دەستکەوتەکانی لە یاسا ناوخۆییەکانیدا و تۆماری سیاسەتی دەرەوەی ببریقێنێتەوە.

لاولێس وتی " لە زۆرێک ڕووەوە میراتەکەی بایدن ئەوەندەی پشتی بەستووە بە دەستکەوتەکانییەوە لە بواری یاسادا ئەوەندەش پشتی بەستووە بە سەرکەوتنی هێرسەوە. سەرکەوتنی هێرسیش پشتی بەستووە بە پارتێکی یەکگرتووەوە. لەبەرئەوە کاریگەرییەکانییان یەکدەگردنەوە، ئەو بەرە یەکگرتووە پیشان دەدەن کە هەیە."

ڕۆژی هەینی لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی پەیامەکەی چییە بۆ دیموکراتەکان، بایدن لە وەڵامدا وتی " سەربکەون."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG