Accessibility links

هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترامپ دەڵێت هاککراوە و لۆمەی ئێران دەکات


هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە هاککراوە و پێشنیاری ئەوەی کرد کارەکتەرە ئێرانییەکان دەستییان هەبووە لە دزین و تێکدانی بەڵگەنامە هەستیارە ناوخۆییەکاندا.

هەڵمەتەکە هیچ بەڵگەیەکی دیاریکراوی نەخستەڕوو لەسەر تێوەگلانی ئێران، بەڵام بانگەشەکەی ڕۆژێک دوای ئەوە دێت مایکرۆسۆفت ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا بە وردەکاری باس لە هەوڵی بریکارە بیانییەکان دەکات بۆ دەستوەردان لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 ی ئەمەریکادا.

ڕاپۆرتەکەی مایکرۆسۆفت باسی لە نموونەیەک کرد کە تێیدا یەکەیەکی هەواڵگری سەربازیی ئێران " ئیمەیڵێکی فیشینگی ناردووە بۆ بەرپرسێکی باڵای هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، ئیمەیڵەکە لە هەژمارێکی هاککراوی ڕاوێژکاری باڵای پێشووەوە نێردراوە."

وتەبێژی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترامپ، ستیڤن چیونگ هاککردنەکەی خستەپاڵ " سەرچاوە دەرەکییەکانی دژ بە ئەمەریکا ". وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا وتی هەر ڕاپۆرتێک لەسەر دەستوەردانی نەگونجاوی بیانی " زۆر بە جددی وەردەگرێت " و سەرکۆنەی هەر حکومەتێک یان لایەنێک دەکات کە هەوڵی ئەوە بدات متمانە بە دامەزراوە دیموکراتییەکانی ئەمەریکا بخاتە مەترسییەوە، بەڵام وتی بابەتەکەی ڕەوانەی وەزارەتی داد کردووە.

نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە بانگەشەکەی هەڵمەتەکەی ترامپ، ڕەتی کردەوە ئێران دەستی هەبووبێت لەوەدا و بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی وت " هیچ گرنگیەک نادەین بەو جۆرە ڕاپۆرتانە. حکومەتی ئێران هیچ نیازێکی نیە یاخود هیچ پاڵنەرێکی نیە بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا."

بەڵام لە مێژە گومان لە ئێران کراوە لەسەر ئەوەی هەڵمەتی هاککردنی بەڕێوەبردووە و دوژمنەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەش کردووەتە ئامانج. تاران لە مێژیشە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە ترامپ کردووە لەسەر هێرشەکەی ساڵی 2020 کە ترامپ فەرمانی پێکردبوو و بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی سوپای پاسدارانی ئێران.

وتەبێژی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ترامپ ستیڤن چیونگ وتی " ئێرانییەکان دەزانن کە سەرۆک ترامپ کۆتایی بە فەرمانڕەواییە تیرۆرییەکەیان دەهێنێت وەکو چۆن لە یەکەم چوار ساڵی سەرۆکایەتیدا لە کۆشکی سپی کردی."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG