Accessibility links

میسڕ جەنەڕاڵەکەی ئەمەریکا ئاگادار دەکاتەوە لە مەترسی کەوتنەوەی ململانێیەکی گەورە لە لوبناندا


سەرۆکی میسڕ عەبدلفەتاح ئەلسیسی ڕۆژی یەکشەممە لە ماوەی کۆبوونەوەیەکدا جەنەڕاڵی باڵای ئەمەریکای ئاگادار کردەوە سەبارەت بە مەترسییەکانی کەوتنەوەی ململانێیەکی گەورە لە لوبناندا.

جەنەڕاڵی هێزی ئاسمانی ئەمەریکا سی کیو بڕاونی سەرۆکی ئەرکانی گشتی هاوبەشی ئەمەریکا دوای هێرشێکی گەورەی موشەکی لە نێوان حزبوڵای لوبنان و ئیسڕائیلدا گەیشتە میسڕ.

حزبوڵا سەدان ڕۆکێت و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد، ئیسڕائیلیش بە نزیکەی 100 فڕۆکەی شەڕکەر لە لوبنانیدا لە پێناو پووچەڵکردنەوەی هێرشێکی گەورەتردا، ئەمەش یەکێک بوو لە گەورەترین ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان ئیسڕائیل و حزبوڵا لە ماوەی جەنگە 10 مانگییەکەی سەر سنوورەکەی نێوانییاندا.

ئۆفیسی سیسی لە بەیاننامەیەکدا وتی سەرۆکی میسڕ بە بڕاونی وتووە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت " هەموو هەوڵێک بدات و فشارەکانی زیاتر بکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و ڕاگرتنی پەرەسەندنی گرژییەکان کە مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری سەرانسەری ناوچەکە دروست کردووە."

بەیاننامەکە وتی " سیسی هۆشداریداوە لەسەر مەترسییەکانی کرانەوەی بەرەیەکی نوێ لە لوبنان، هەروەها جەختی لە پێویستییەکان کردووەتەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەروەری خاکی لوبنان."

بڕاون هیچ لێدوانێکی نەداوە سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ میسڕ، بەڵام پێش ئەوەی ڕۆژی شەممە بگاتە ناوچەکە، بە ڕۆیتەرزی وت ئامانجی ئەوەیە تاوتوێی ڕێگەکان بکات بۆ خۆبەدوورگرتن لە پەرەسەندنی گرژییەکان کە دەکرێت ببنە هۆی دروستبوونی ململانێیەکی بەرفراوانتر.

وتەبێژی بڕاون وتی جەنەڕاڵەکەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکاندا تاوتوێی ڕێگەکانی کردووە بۆ " ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکە."

پێش سەردانەکەی بۆ میسڕ، بڕاون لە عەمانی پایتەختی ئوردن لەگەڵ هاوتا ئوردنییەکەی جەنەڕاڵ یوسف ئەل حونەیتیدا کۆبووەوە.

وتەبێژەکەی بڕاون لە بەیاننامەیەکدا وتی دوو سەرکردە سەربازییەکە تاوتوێی " گرژییەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانییان کردووە بۆ کەمکردنەوەیان."

هەروەها تاوتوێی " پێویستییە بەپەلەکانییان کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG